شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا و بەهۆیەوە کوژراو و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، سوپای ئازەربایجان 49 سەربازی ئێمەیان کوشتووە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 13ی ئەیلوولی 2022 وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، “کاژێر 00:05ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی یەریڤان [23:05ـی شەوی دووشەممە بە کاتی هەولێر] ئازەربایجان پێگەکانی سوپای ئەرمینیای بە ئاراستەی شارەکانی گۆریس، سۆتک و جەرمووک” لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە سەختی بۆردوومان کردووە. ئەرمینیا دەڵێت، ئازەربایجان لە هێرشەکانیدا درۆنیشی بەکارهێناوە.
لە ساڵی 2020ـەوە بە درێژایی سنووری نێوانیان بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەرێمی نۆگۆرنۆ قەرەباخ، ناوەناوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان یەریڤان و باکوو روویداوە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئەرمینیای بە ئەنجامدانی “کاری گەورەی تێکدەرانە” لەنزیک ناوچەکانی داشکەسان، کەلباجار و لاچین لەسەر سنوورەکەی تۆمەتبار کرد. گوتیشی کە پێگەکانی سوپاکەی کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەرمەنەکان.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەش کردووە، “ژمارەیەکی زۆری” کوژراو لەنێو هێزەکانیاندا هەیە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئامارێک بکات.
شەڕەکە وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر زوو بێتە سەر هێڵ؛ ئەمریکا داوای کرد شەڕەکە بوەستێندرێت و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمریکا “زۆر نیگەرانە” لە هەڵکشانی گرژییەکان، لەنێویدا “هێرشکردنە سەر پێگە سڤیلنشینەکان.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیشی خستەڕوو، “وەکو هەمیشە بە روونی گوتوومانە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەم ناکۆکییانە شکنابەین و هەردوولا هاندەدەین بۆئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.”
هەفتەی رابردوو ئەرمینیا ئازەربایجانی بە کوشتنی سەربازێکی لەسەر سنوور تۆمەتبار کرد.
لە مانگی ئابیشدا، ئازەربایجان گوتی، سەربازێکیان کوژراوە و سوپای قەرەباخیش گوتی دوو لە سەربازەکانی کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
هەردوو وڵاتە دراوسێکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپا کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو، دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو.
جەنگەکەی پاییزی ساڵی 2020 کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنترۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات.
لە کاتی کۆبوونەوەکانی مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا بە نێوەندگریی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لەسەر ئەنجامدانی “گفتوگۆی پێشکەوتوو” رێککەوتن لەسەر پرسی ئاشتی.
هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.