چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

توركیا لە رەوشێكی خراپی ئابووریدا دەچێتەوە بەر هەڵبژاردن

لە هەڵبژاردنی 2002، خراپی رەوشی ئابووری لە توركیا بووە هۆی ئەوەی، دەنگدەر روو لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) بكەن و بیكەن بە پارتی یەكەم و زۆرینەی پەرلەمان، 20 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت، مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە و توركیا لە رەوشێكی خراپی ئابووریدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام روون نییە، ئایا دەنگدەر پشت لە ئاكەپە دەكات، یان لەسەر كورسی و ئەسکەمیلی دەسەڵاتدا دایدەنیشێنێتەوە.

بەدرێژایی مێژووی توركیا، ئەگەر كۆدەتاكانی لێ دەركەیت، خراپی رەوشی ئابووری حكوومەتی گۆڕیوە و دەنگدەر رووی لەو پارتانە كردووە كە بەڵێنی چاكسازی و خۆشگوزەرانی خەڵكیان داوە، بەڵام هیچ حكوومەتێك نەیتوانیوە گەلی توركیا لەڕووی ئابوورییەوە خۆشگوزەران بكات، جیا لە چەند ساڵێكی ئاكەپە نەبێت.

لە دوای 2002، رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانیی چەندین گۆڕانكاری گەورە لە توركیادا بکات، كە گەلی توركیای دڵخۆش كرد و تا ئاستێكی زۆر خۆشگوزەرانییان بەخۆیانەوە بینی، كوردیش بەدەر نەبوو لەو گۆڕانكاریانەی بەسەر توركیادا هات.

ئەردۆغان، توانیی قەرزە دەركییەكانی توركیا بداتەوە، پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس و لە رێككەوتنی ئۆسلۆوە دەستیپێكرد، جیا لەوەش گوزەرانی خەڵكی باش كرد و شتێك نەمابوو بە ناوی برسیەتی، لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە توانیی هەنگاوی گەورە و خەونە گەورەكانی توركیا بهێنێتە دی، ئەویش تەواوی رێگەكانی توركیای بەئۆتۆبان كرد و چەندین بەرزەپردی گەورە و میترۆ و ترامی لە شارەكاندا دروست كرد، جیا لەوەی 90% شارەكانی توركیا، لە سەردەمی ئاكەپەدا بوونە خاوەنی فڕۆكەخانەی خۆیان.

بەڵام لە 2022، هاوكێشەكە پێچەوانەوە بووەتەوە، رەوشی ئابووری لە توركیا زۆر زۆر خراپە و بەهای لیرەی توركیش تا دێت بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت.

پرسی چارەسەری هەر نەماوە و كوردەكان لە ئاكەپە تووڕەن و بەنیاز نین دەنگی پێبدەنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی دەکرێن.

بەڵام ئەوەی وای كردووە شڕۆڤەكاران پێیان وابێت ئەردۆغان و پارتەكەی هەڵبژاردن دەبەنەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ بەرنامە و ستراتیژییەتێكی پێ نییە بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە ژیانی خەڵك خۆش بكات، بەتایبەت كاتێك ئەردۆغانیش لە وتارەكانیدا بەڵێنی چاككردنی رەوشی ئابوری دەدات و دەشڵێت، ئەوەی بەسەر توركیا هاتووە جیهانییە و توركیا لەزۆر رووەوە لە وڵاتانی ئەورووپا باشترە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە شەش پارتن، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یان خستووەتە دەرەوەی هاوپەیمانیی خۆیان، ئەمەش دیارییەكە بۆ ئەردۆغان و پارتەكەی، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەبێ دەنگدەری هەدەپە و كورد، ناتوانن سەركەوتوو بن.

شكستی ئۆپۆزسیۆنیش لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوكات دەبینرێت، كاتێك كەسێكی نەژادپەرست بكەنە بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، بەتایبەت باس لە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا دەكرێت بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، كە ئەو كەسایەتییە بەهەموو شێوەیەك دژی كوردە و لای كودەكان رەتكراوەیە.

واتە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەرنامەی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و تەنیا قسە دەكەن، بەتایبەت پارتی خاس، كە هێزێكی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەئاشكرا دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد.

وەكوو ئەوەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە باسی دەكەن، ئاكەپە تیمێكی گەورەی پێك هێناوە و ناوی لێ ناوە (تیمی ئاشتكردنەوە)، كە سەردانی ئەو دەنگدەرانە دەكەن لە ئاكەپە تووڕەن و نیگەرانن، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكانی باكووری كوردستان.

ئەگەر ئەردۆغان سەركەوتوو بێت لەوەی كوردەكان لە خۆی ئاشت بكاتەوە، بەبێ هیچ دوودڵییەك لە هەڵبژاردندا سەكەوتوو دەبێت، بەپێچەوانەشەوە بێت، مەترسی دەكەوێتە سەر كورسییەكەی ئەردۆغان و لەدەستدانی زۆرینە لە پەرلەمانی توركیادا.

بەڵام بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسەت پێیان وایە، هەرچەندی ئەردۆغان لە دەنگدەر نزێك ببێتەوە و تەنانەت ئۆپۆزسیۆن كەسایەتییەكی كاریگەریش نەكاتە بەربژێری خۆی، هەر هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت، چونكە برسییەتی رووی لە توركیا كردووە، خەڵك كاتێك سكی برسی بێت، حكوومەت بەبەرپرسیار دەزانێت، بۆیە كاری لەپێشینەی رووخانی حكوومەتە لەرێگەی سندوقی دەنگدانەوە، بۆیە دەبێت ئاكەپە بزانێت، كە ئاشتبوونەوەی دەنگدەر، بە باشتركردنی رەوشی ئابووری و دابەزینی نرخی خۆراك و كارەبا و گازی سروشتییە.