رووسیا جارێکی دیکە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات 

بەرپرسانی رووسیا جارێکی دیکە ئاماژه‌ به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كەن و دووپاتیانکردووەتەوە، له‌ سیاسەت و پرەنسیپی سه‌ربازیی سوپای وڵاته‌كه‌یاندا رێگری له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ناكرێت.

سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاوە رایگه‌یاند، مۆسکۆ دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، “ئەگەر هەڕەشە لە بوونی بکرێت”.

ئەو گوتیشی، “با بیرتان بخەمەوە کە پرەنسیپی سەربازیی رووسیا و بەڵگەنامەیەکی وەک (بنەماکانی سیاسەتی دەوڵەتی رووسیا لە بواری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا)، هەموو ئەو سیناریۆیانەی دیاریكردووه‌ کە تێیدا دەتوانین لە رووی تیۆرییەوە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنین”.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، له‌باره‌ی ئه‌و جۆره‌ سیناریۆیانه‌ی‌ كه‌‌ حکومەتەکەی ناچار ده‌كات چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربهێنێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، “ئەگەر بە چەکی ئەتۆمی یان هەر چەکیکی ئاسایی هێرش بکرێتە سەر وڵات و هاوپەیمانانمان، ئێمەش چەکی ئەتۆمی بەکار دێنین”.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رووسیا و وڵاتانی دیکه‌ نیگه‌رانییان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی و‌ گواستنه‌وه‌ی له‌ ئه‌مەریکاوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا ده‌ربڕیوه‌، ئه‌مه‌ شتێکه‌ ماوه‌ی ده‌یان ساڵه‌ رووده‌دات.

سێرگی ریابکۆڤ داوا لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دەکات، شێوازێکی جیاواز بگرنەبەر و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن، وەک چۆن رووسیا دەیکات.