پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گەشتە دواخراوەکەی ناسا ئەنجامدەدرێت 

بڕیارە ئەمڕۆ گەشتە دواخراوەکەی ناسا بەرەو خولگەی مانگ هەڵبدرێت. لە ئەگەری هەر کێشەیەکی تەکنیکی، گەشتەکە بۆ رۆژی دووشەممە دوادەخرێت. 

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئەیلوولی 2022 وادەی هەڵدانی کەشتیی ئارتێمیس یەکی ناسایە بەرەو بۆشایی ئاسمان و لەوێشەوە بەرەو خولگەی مانگ. بەگوێرەی ئەو کاتەی ناسا دیاریکردووە، کاژێر 14:17 خولەک بە کاتی فلۆریدا[کاژێر 21:33 خولەک بەکاتی هەولێر] رۆکێتەکە هەڵدەدرێت. 

رۆژی هەینی، 2ـی ئەیلوولی 2022، بیڵ نێڵسن، بەڕێوبەری ناسا رایگەیاند، سەرکەشی ناکەن و ئەگەر بزانن رۆژی 2ی ئەیلوولیش گونجاو نییە یانیش کێشەیەکی تەکنیکی دێتە پێشەوە، گەشتەکە دوادەخەن. 

ئارتێمیس لە سەنتەری کەنەدی بۆ بۆشایی ئاسمان لە کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا هەڵدەدرێت؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لە کەناراوەکانی فلۆریدا دەیان هەزار کەس و لە تەواوی جیهانیشدا ملیۆنان کەس بینەری ساتی دەستپێکردنی گەشتەکەی ناسا بن.

هاوکات ئەو هۆتێلانەی لە دەوروبەری کەناراوەکەی فلۆریدان، پێشوەختە لە لایەن خەڵکەوە بەکرێ گیراون و چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان 100 هەزار تاوەکو 200 هەزار کەس تەنیا لە باڵکۆنی هۆتێلەکانیانەوە تەماشای ئەو ساتە کەموێنەیە بکەن. 

پێشتر رۆژی 29ـی ئاب وەکو وادەی هەڵدانی کەشتییەکە دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی “کێشەی تەکنیکییەوە” گەشتەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا. لە ئەگەری هەر کێشەیەکی دیکەدا، ناسا رۆژی 5ـی ئەیلوولی بۆ هەڵدانی کەشتییەکە دیاریکردووە. 

ئەو مووشەکەی کەشتییەکەی لەسەر جێگیرکراوە بەرزییەکەی 98 مەترە و تیرەکەشی 8.4 مەترە. کۆی کێشی مووشەکەکە دوو هەزار و 866 تۆنە. 

ماوەی گەشتەکە لە کاتی هەڵدانییەوە لە زەوییەوە تاوەکو دەگاتەوە سەر زەوی، 37 رۆژ و 23 کاژێر و 53 خولەکە. 

کەشتییەکە لەدوای دوو خولەک لە هەڵدانی، لە مووشەکەکە جیادەبێتەوە و سێ خولەک و 40 چرکەی پێویستە تاوەکو بگاتە خولگەی زەوی؛ هەروەها ماوەی هەشت بۆ 14 رۆژی دەوێت تاوەکو بگاتە خولگەی مانگ.  

کۆی تێچووی ئەم گەشتە تاوەکو ساڵی 2025 بە 93 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. تەنیا تێچووی گەشتی یەکەمیش کە بە ئارتێمیس یەک ناسراوە چوار ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

ئەم گەشتەی ناسا تاقیکارییە و ئەگەر بێتو سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی 2024 دا چوار کەشتیوان دەنێرێتە خولگەی مانگ. لە ساڵی 2025ـیشدا دوو کەس دەنێرێتە سەر رووی مانگ کە لێکۆلێنەوە لە کۆمەڵەی خۆر دەکەن.