هەزار سەربازی دەیان وڵات، بەشداریی مانۆڕی سەربازیی ساڵانەی رووسیا، ناسراوە بە ڤۆستۆک دەکەن. ئالیکساندەر گابوڤ، لیکۆڵینڤانێکە و دەڵێت، رووسیا خۆی سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینایە، دەیەوێت بەو مانۆڕە سەربازییە پێشانی بدات کە هەموو شتێک باشە، هەموو شتێک بە دڵی ئەوە.
ڤۆستۆک بە زمانی رووسی بە واتای رۆژهەڵات دێت، چونکە مانۆڕەکان لە 13 ناوچەی رۆژهەڵاتی رووسیادا دەکرێن. لە رۆژانی 1 تاوەکو 7ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و تێیدا وڵاتانی ئەندامی هاریکاری شانگهای بەشدار دەبن لەوانەش رووسیا، چین، هیندستان، پاکستان و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئاسایشی بە کۆمەڵ و چەندین وڵاتی هاوبەش و هاوڕێ وەک سووریا و نیکارگاوا.
مانۆڕەکان لە کاتێكدان رووسیا سەرقاڵی شەڕێکە لەگەڵ ئۆکراینا کە بەشی زۆری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دژ بە رووسیا تێکەڵی بوون.
ئالیکساندەر گابوڤ، لێکۆڵینڤانێکی سیاسییە و دەڵێت، “بێگومان، ئەم مانۆڕە سەربازییە لە کاتێکدایە کە رووسیا خۆی سەرقاڵی شەڕە لە ئۆکراینا، پەیامێکی رووسیایە کە هێشتا هەموو شتێک باشە و بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆی داڕێژراوە دەچێتە پێشەوە. مۆسکۆ دەیەوێت بڵێت ئێمە توانامان هەیە شەڕ بکەین و مانۆڕی سەربازیش بکەین”.
لە ساڵی 2021ـدا مانۆڕە سەربازییەکانی وڵاتان بۆ نمایشی بەهێزییان زیادیان کردووە، ئەمریکا زۆرترینی کردووە، 14 مانۆڕی بەتەنیا کردووە و 81ـیشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کردووە. ئەمساڵیش مانۆڕێکی هاوبەشی لەگەڵ ئیندۆنیزیا کرد.
جۆن کریستۆفەر، فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی هیندی و ئارام دەڵێت، “کردە تێکدەرەکانی کۆماری چین کە مەبەست لێیان هەڕەشەکردنە لە تایوان، وامان لێدەکات پەنا بۆ ئەم مانۆڕانە ببەین. هەموو رۆژێك لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار دەکەین تاوەکو رێگری لە سەرهەڵدانی شەڕێكی گەورە بکەین”.
لەدوای ئەوەی چەند بەرپرسێكی ئەمریکی سەردانی تایوانیان کرد، چینیش چەند مانۆڕێكی لە دەوروبەری دوورگەکە کرد، خودی تایوانیش مانۆڕی سەربازی چەند رۆژەی کرد و نوێترین تەکنەلۆژیای نمایش کرد.