٢٤ ملیۆن یەمەنی پێویستیان بە هاوکاری خێرایە


شاری عەدەن لە باشووری رۆژئاوای یەمەن یەکێکە لەو شارە دەگمەنانەی یەمەن کە تاڕادەیەک لەڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە. بەهۆی شەڕی نێوخۆوە لە یەمەن، تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و 300 هەزار کەس ئاوارە بوون، کە بەشێکی بەرچاویان روویان لە عەدەن کردووە.

بەهۆی ئەو ئاسایشەی لە عەدەن هەیە، کرێی یەکەکانی خانووبەرە تێیدا بەرزبووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئەستەم دەتوانن کرێ دابینبکەن. مەکاوی محەممەد، بازرگانی خانووبەرە دەڵێت، “بازرگانان داوادەکەن کرێکەیان بە ریالی سعودی یان دۆلاری ئەمریکی بدرێتێ. ریاڵی یەمەنی بەکارنایەت. گەیشتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە شارەکانی دیکەوە بەهۆی جەنگەوە خواستی لەسەر یەکەی نیشتەجێبوونی کرێ زیاتر کردووە و بازرگانانی خانووبەرەش داوای نرخی زیاتر دەکەن.”

کرێی خانوویەکی 120 مەتری لە یەمەن 270 دۆلارە، لە کاتێکدا تێکڕای مووچەی مانگانەی تاک لە یەمەن 185 دۆلارە. بانکی جیهانی دەڵێت، 54%ی یەمەنییەکان داهاتی رۆژانەیان لە دوو دۆلار کەمترە.

جگە لە کرێی خانووبەرە، هاووڵاتییان بەدەست هەژارییەکی سەختەوە دەناڵێنن، کە ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی دانیشتووانە 29 ملیۆنییەکەی یەمەن هەیە.

وافی فادل، کرێچی ئاماژە بەوە دەکات، “بە ئەستەم دەتوانم خواردن بۆ منداڵەکانم دابینبکەم. لەم خانووەدا کرێچیم و کرێیەکەم بە دراوی بیانی دەدەم. کرێی خانووەکەم زۆر نیگەرانی کردووم. ناتوانم لەگەڵ کرێکەدا ژیانێکی ئاسایی بژیم.”

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 40%ی خێزانەکانی یەمەن دەستیان بە خۆراکی پێویستی رۆژانە ناگات؛ هاوکات 24 ملیۆن یەمەنی پێویستیان بە هاریکاریی دەستبەجێیە و مەترسیی برسێتی و نەخۆشکەوتنیان لەسەرە.

ھەواڵی زیاتر