یەکەمین کاروانی درۆنی ئێران گەیشتە رووسیا 

کۆشکی سپی راگەیاند، یەکەمین کاروان لە درۆنەکانی ئێران گەیێندراوەتە رووسیا کە “هەندێکیان بەر لە بەکارهێنانیان کێشەیان تێدا بووە.”

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، رۆژی 19ی ئابی 2022 چەند فڕۆکەیەکی بارهەڵگری رووسی لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە، دوو جۆر لە چەند درۆنێکی ئێرانیان بارکردووە کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی تایبەت بە کردنە ئامانجی رادار، تۆپخانە و ئامانجە سەربازییەکانی دیکەیان هەیە.

هەندێک سەرچاوەی نزیک لە ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکییان راگەیاندووە، هەر لە سەرەتای گەیشتنی درۆنەکان بە رووسیا و تاقیکردنەوەیان لەلایەن بەرپرسانی رووسییەوە، دەرکەوتووە کە کێشەی تەکنیکییان تێدا بووە و “بەرپرسانی رووسی لە درۆنە ئێرانییەکان ناڕازین.”

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، کاروانی یەکەمی درۆنەکان لە جۆری موهاجر-6 و دووی دیکەی لە زنجیرە فڕۆکەکانی جۆری شاهد “شاهد – 129 و 191″ی لەخۆگرتووە، بەرپرسانی ئیدارەی بایدنیش لەو باوەڕەدان کە ئەم کاروانە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی گواستنەوەیە لەنێوان تاران و مۆسکۆ بۆ گواستنەوەی سەتان درۆنی ئێرانی بۆ رووسیا.

رۆژی سێشەممە 29ی ئاب، کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “بەگوێرەی زانیارییەکانمان، لەم مانگەدا رووسیا دوو جۆر درۆنی لە ئێران وەرگرتووە، ئەوانیش درۆنی موهاجیر-6 و شەهیدە. دواتر رووسیا بە فڕۆکەیەک، درۆنەکانی لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئێرانەوە گواستووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.”

لە لایەکی دیکەوە ڤیدانت پاتێل، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەواڵی گواستنەوەی درۆنە ئێرانییەکانی بۆ رووسیا پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، ئامانجی رووسیا لە بەدەستهێنانی ئەو درۆنانە، بەکارهێنانیەتی لە جەنگی ئۆکراینا.

ناوەڕاستی مانگی تەممووزی 2022، هەواڵگریی ئەمریکا باسی سەردانێکی نهێنیی شاندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بۆ ئێران کرد، تێیدا رێککەوتنی فرۆشتنی چەند جۆرە درۆنێکی ئێران بە رووسیا واژۆکراوە. ئاماژەشی بەوە کرد، ئێرانییەکان چەند خولێکی تایبەت بە چۆنێتی هەڵدان و بەرکارهێنانی درۆنەکانیان بۆ رووسەکان کردووەتەوە و راهێنانیان پێکردوون.

هەواڵگریی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێران سەید حوجەتوڵڵا قورەیشی، بەرپرسی کەرەستە سەربازییەکان لە وەزارەتی بەرگری، بەرپرسی گرێبەستەکە بووە و لایەنی رووسیش لەلایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی ئەو وڵاتە نوێنەرایەتی کراوە، پاشان ئەفسەرانی ئێرانی لەدوای راهێنان بە ئەفسەرە رووسەکان، لەگەڵیاندا بەرەو رووسیا رۆیشتوون و لەوێ سیستمەکەیان بۆ دامەزراندوون.”

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە تێکەڵ بە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی درۆن بووە و ئێستا نزیکەی شەش جۆری هەیە کە زنجیرەکانی شاهد و موهاجیر دیارترینیانن.

بە گوتەی شارەزایان، کڕینی درۆنەکانی ئێران دەریدەخات کە رووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆکراینا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و توانای وردی لە بەئامانجگرتنی ئامانجە سەربازییەکانی ئۆکراینا نییە.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، “رووسیا لەنێوان هەزار و 500 تاوەکو دوو هەزار درۆنی هەیە،” بەڵام رووسیا لەم شەڕەی ئۆکراینا زۆر بە کەمی توانیویەتی هێرشی وردی سەربازی دژ بە ئامانجەکانی ئۆکراینا بکات، ئەوەش بە هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ خراپیی درۆنەکانی رووسیا و کەمیی ئەزموونی ئەفسەرەکانی دەگەڕێتەوە.

لە بەرامبەردا سوپای ئۆکراینا توانیویەتی بە درۆنی جۆری بەیرەقداری تورکی و لەژێر راهێنانی وڵاتانی رۆژئاوا، چەندین ئامانجی سەربازیی رووسیا لە بەرە جیاجیاکانی شەڕدا بە وردی بکاتە ئامانج و تێکبشکێنێت.

ئێران لای خۆیەوە لەسەر راستیی ئەو بابەتە لەسەر زاری ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندی و پێکەوە کارکردن لەنێوان تاران و مۆسکۆدا هەیە؛ بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی رێککەوتنی فرۆشتنی درۆنی نەکردووە و تەنیا ئاماژەی بە هەڵوێستی ئێران کردووە لەبارەی شەڕی ئۆکراینا و گوتی، “تاران پاڵپشتی لە چارەسەرە دیپلۆماسییە سیاسییەکان بۆ قەیرانی ئۆکراینا دەکات.”

لە بەرامبەردا دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا رەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێك لەو بارەیەوە بداتەوە و گوتی، “مۆسکۆ لەو بارەیەوە هیچ قسەیەکی نییە.”

ھەواڵی زیاتر