ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر لە نوێترین تویتدا وەڵامی ئەو نووسەرانە دەداتەوە کە رەخنە لە رەوتەکەیان دەگرن و دەڵێت: “چەندین ساڵە ئێمە رووبەڕووى ھێرشێکى تووند دەبینەوە لە رێگەى راگەیاندن و لێدوان و تۆمەتبارکردن و گومانکردن و دروستکردنى تۆمەت، نەک رەخنە و تۆمەتبارکردنى بەبەڵگە”.
ساڵح محەممەد عێراقى لە تویتەکەیدا کە رۆژی 19-08-2022 بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەى بەوەداوە کە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتەکەى چەندین ساڵە بەهۆى دژایەتیکردنى گەندەڵى، رووبەڕووى چەندین تۆمەتی سعودى، قەتەرى، ئیماراتى، ئەمریکى و خاوەن ئەجێنداى دەرەکى بووەتەوە و ئاماژە بە کەسێک دەکات بەبێ ئەوەى ناوى بهێنێت کە بە گوتەى ئەو لەو هێرشانەدا بەشدارە و دەڵێت: “کەسێکى دژ یەکە، ئیرادەى خۆى دەسەپێنێت، میزاجى بەردەوام دەگۆڕێت، لە رێڕەوى باوکى لایداوە، هەڵەشەیە، راوێژ بە کەس ناکات، نووسینەکانى بە قەڵەمى کەسانى دیکەیە، بنەماى جێگیرى نییە، دەیەوێت ببێتە خومەینیى عێراق”، دەشڵێت: “ئەو کەسانە دەچنە سعودیە لەکاتێکدا هاوڕێى قەتەر و ئیماراتیشن”.
ئەوە لەکاتێکدایە عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە، رۆژی 18ى ئابی 2022 سەردانى سعودیەى کرد.
وەزیرەکەى سەدر دەڵێت، کاتێک ئەو کەسانە زانیان لە “شەڕى” ئێمە بەدووردەبن، دەستیان کردووە بەوەى کە تانە لە رەوتی سەدر بدەن، بەوەى دژى وڵات و ئایین و ئایینزان و دەشڵێت: “پەتى ئارامیمان پچڕا”.
لە ماوەى 20 رۆژى رابردووى دەستپێکردنى خۆپێشاندان و مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر و دواتریش مانگرتنى لایەنگرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، شەڕى راگەیاندنى نێوان ئەو دوو بەرە شیعەیە گەرم بووە.
ساڵح محەممەد عێراقى ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوان کارتى سوور بەڕووى ئەو کەسانە بەرز دەکەنەوە، کە بەرگریى لە موقتەدا سەدر دەکەن و دەڵێت: “ئێمە پەنامان نەبردە بەر دەمداخستن وەک ئەوەى هەندێک بەرانبەر بە عیماد باجەڵان کردیان.” دەشڵێت: “هێشتا کارتى سوورمان بەدەستەوە ماوە”.