سەرۆکی چین بۆ هاوتا ئەمریکییەکەی: یاری بە ئاگر مەکە

لە گەرمەی مەترسییە هەڵکشاوەکان دەربارەی سەردانی خاتوو نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی شی جین بینگ، ئەنجامدا و پەیوەندییەکە بۆ زیاتر لە دوو کاتژمێر بەردەوام بوو.

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، لە پەیوەندییەکە گفتوگۆ لەسەر بابەتی زۆر کرا وەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا لە ئۆکراینا و بابەتی تایوان و، پێیانوایە لە ناوەڕۆکدا راگۆڕینەوە هەلێکی دیکەیە بۆ بەڕێوەبردنی رکابەریی لەنێوان گەورەترین دوو ئابووری لە جیهاندا.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، سەرۆکی چین شی جین بینگ، لە میانی پەیوەندییەکە هۆشداری دایە جۆ بایدن لە “یاریکردن بە ئاگر” دەربارەی تایوان.
سەرۆکی چین جەختی کردەوە لەسەر سووربوونی حکوومەت و گەلی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەلامەتی خاکی وڵاتەکەیان.