ئەڵمانیا بەهێزترین تۆپهاوێژ دەفرۆشێت بە ئۆکراینا

حکوومەتی ئەڵمانیا رەزامەندیی دا لەسەر فرۆشتنی 100 تۆپهاوێژی “هاوتزەر”ی ئەڵمانی لە جۆری “PZH-2000” بە ئۆکراینا و، گرێبەستە نوێیەکە لە جۆری ئەم تۆپهاوێژە جوڵەبەرزە دوای ئەوە دێت کە بەرلین لە مانگی حوزەیرانی رابردوو 7 تۆپهاوێژی لەمجۆرە رادەستی ئۆکراینا کرد بە مەبەستی پڕکردنەوی بۆشایی لە چەکی تۆپهاوێژی ئۆکراینا.
گۆڤاری “Der Spiegel”ی ئەڵمانی رایگەیاند، بەهای گرێبەستییەکە کە پێک دێت لە 100 تۆپهاوێژی هاوتزەری جۆری “PZH-2000” دەگاتە 1.7 ملیار یۆرۆ، بەڵام کاتی رادەستکردنی تۆپهاوێژەکان دیاری نەکراوە.

تۆپهاوێژی “PZH-2000” بەهێزترین چەکی تۆپهاوێژە لە سوپای ئەڵمانیا کە دەتوانێت لە دووری 40 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی بپێکێت و عەیاری 155 ملیمەترە.
هەروەها لەسەر لاشەی تانک دانراوە و بە یەکێک لە سیستەمە تۆپهاوێژە پێشکەوتوو و کاریگەرەکان لە هەموو شوێنێک دادەنرێت و، ناوازەیە بە وردییەکی گەورە و متمانە پێکراو چونکە رێژەیەکی بەرز لە تەقەکردن بەدەست دەهێنێت ئەمەش بەهۆی سیستەمی هەڵگرتنی خۆکاری تایبەت بەخۆی.