مۆسكۆ: له‌ ئاكامی بۆردومانێكی سوپای كیێڤ 40 دیلی ئۆكرانی كوژران

وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو، سوپای ئۆكرانیا به‌ مووشه‌كی جۆری هیمارس، كه‌ مووشه‌كێكی ئه‌مه‌ریكاییه‌ بۆردومانی زیندانێكی كردووه‌ و له‌ ئاكامدا ده‌یان دیلی ئۆكرانی كوژران و بریندار بوون.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: سوپای ئۆكرانیا مووشه‌كێكی ئاراسته‌ی شارۆچكه‌ی یلینۆڤكا له‌ كۆماری دۆنیتسك كردووه‌، كه‌ دیله‌ ئۆكرانییه‌كانی تێدا بوون، له‌ ئاكامدا، 40 سه‌ربازی دیلی ئۆكرانی كوژران و 75ی دیكه‌ بریندار بوون، هه‌روه‌ها 8 فه‌رمانبه‌ری بنكه‌كه‌یش به‌ سه‌ختی پێكراون.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و مووشه‌كه‌ی سوپای ئۆكرانیا ئاراسته‌ی زیندانه‌كه‌ی كردووه‌، درووستكراوی ئه‌مه‌ریكایه‌ و به‌م دواییانه‌ دراوه‌ته‌ سوپای ئۆكرانیا.

وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، وێڕای ئیدانه‌كردنی بۆردومانه‌كه‌، باسی له‌وه‌شكردووه‌، سوپای ئۆكرانیا ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سه‌ربازه‌كانی چاوترسێن بكات و به‌ر به‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان بگرێت.