لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئابووری جیهان، دانیشتوانی بەشێک لە وڵاتان بەهۆی خراپی باری ئابووری یاخود ناسەقامگیری ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەیاندا، بە هیوای ژیانێکی خۆشتر و بژێوییەکی باشتر زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن و ڕوو لە وڵاتە بێگانەکان دەکەن.
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی نوێی لەسەر دۆخی ئاوارە و پەنابەرانی جیهان بڵاو کردۆتەوە کە بەپێی ئەوە لەئێستادا ١٠٠ملیۆن کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە کە لەو ژمارەیە زۆرینەیان خەڵکی سووریان کە ساڵی پار ژمارەیان ٦.٨ملیۆن لەس بووە.
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت؛ بەر لەوەی ڕوسیا لە مانگی دووی ئەمساڵدا ئۆکراین داگیر بکات ژمارەی پەنابەران و ئاوارەکانی جیهان ٩٨ملیۆن کەس بوو، پاشانیش بە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆکراینییەکان ژمارە ئاوارەکانی جیهان گەیشتە ١٠٠ملیۆن پەنابەر.
لە نێو ئاوارەکاندا زۆرینەی ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە هەڵدێن دەچنە وڵاتانی دراوسێی خۆیان و بۆنموونە ئێستاکە زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتی پۆلۆنیا بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، لەساڵی ٢٠١٤ وە تا ئێستا سورییەکان زۆرترین ژمارەی پەنابەریان لەجیهاندا تۆمارکردووە کە دەگاتە ٦،٧ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش لەسەدا ٨٠یان لە وڵاتانی دراوسێدا دەژین.
لەپلەی دووەمدا ئەفغانستان دێت کە ٢،٦ملیۆن پەنەبەریان هەیە، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک لەو پەنابەرە ئەفغانیانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا ژمارەی پەنابەرە ئەفغانییەکان لە دەرەوە ژمارەیەکی گەورەیە.
هەرچی باشووری سوودانە بە ٢،٢ملیۆن پەنابەر لە دەرەوە لە پلەی سێیەمدا دێت، راپۆرتەکە قەیرانی پەنابەرانی سوودانی باشوور وەک گەورەترین قەیرانی پەنابەران لە ئەفریقیا هەژمار کردووە، کە هەر سێ وڵاتی ئۆگەندا و سوودان و کینیا لەسەدا ٩٥ی پەنابەرەکانی ئەو وڵاتەیان لەخۆ گرتووە.
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت وڵاتی میانمار بە بوونی ١،١ملیۆن پەنابەری رۆهینگا لە پلەی چوارەمدا دێت.
لەلایەکی ترەوە کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بە دۆخی وڵاتی ڤەنزۆیلا کردووە کە نزیکەی ٥،٦ملیۆن هاوڵاتی لەدەرەوەی وڵاتەکەیدان، بەڵام بەشێکی زۆریان ناوی خۆیان وەک پەنابەر و داواکاری مافی پنابەرێتیی تۆمار نەکردووە، بەشێوەیەک لەدوای سورییەکان ڤەنزۆیلاییەکان دووەم گەورەترین گرووپن لە جیهاندا کە لەدەرەوەی وڵاتی خۆیاندا دەژین.
لە ٢٠٢١دا ژمارەی پەنابەران ٢٧.١ملیۆن کەس بوو، ژمارەی پەناخوازانیش گەیشتە ٤.٦ملیۆن کەس کە ئەمساڵ ڕێژەکە ١١٪ زیادی کردووە.
هاوکات هەریەک لە قەیرانی خۆراک، هەڵاوسان و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگییەکانی زیاتر کردووە، کاریگەریی زیاتری بەسەر ئەو هاوکارییە داراییە هەبووە، کە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان کۆدەکرێتەوە.
سەبارەت بە پەنابەرانی هەرێمی کوردستانیش داتایەکان پێمان دەڵێن کە لە ئێستادا ژمارەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان ٢٤٤هەزار پەنابەرە و لەو ژمارەیەش ٢٢٠هەزاریان پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستانن و ١٦هەزاریان پەنابەرانی باکووری کوردستانن و ٨هەزاریشیان پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتن.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و تێک چوونی بارودۆخی عێراق بەردەوام دانیشتوانی عێراق و هەرێم پەیتا پەیتا وڵات بەجێ دەهێڵن و دەبنە پەنابەری وڵاتانی دیکە بۆیە ئێستا لە جیهاندا نزیکەی ٦ملیۆن پەنابەری عێراقی هەن و لەو ژمارەیەش ٥٠هەزاریان کوردی هەرێمی کوردستانن.
لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران دەڵێت، ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان زیادی کردوە، ئاستەکە گەڕاوەتەوە دۆخی پێش کۆرۆنا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان٧١٪ زیادی کردووە.
فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “زیاتر لە هەر ساڵێک لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیادی کردووە.” دەشڵێت: “دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست بخەنە نێو دەستی یەکدی و بە کردار ئەم تراژیدیایە چارەسەر بکەن و چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ جەنگەکان بدۆزنەوە، یان ئەوەتا ئەو ژمارانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبن.”