لوتكەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان دەستيپێكرد

كەمێك لەمەوبەر لوتكەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان لە سعودیە ، بە بەشداری عێراق، كوێت، بەحرەین، قەتەر وعومان، میسر، ئوردن و ئیمارات، ئەمریكا دەستیپێكرد.

محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بە وتارێك لوتكەكەی كردەوە كە تیایدا هیوای خۆی دەربڕی بۆ پێكهێنانی پەیوەندییەكی باش “لە نێوان وڵاتەكانمان و ئەمریكادا”.
هەروەها شازادە محەمەد بن سەلمان داوای لە ئێران كرد دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە نەكات.
هاوكات سەرۆكی ئەمریكا لە وتارەكەیدا لە لوتكەكەدا جەختی لەوە كردەوە كە واشنتۆن لە ناوچەكە دوور ناكەوێتەوە و بە بەتاڵی بۆ رووسیا و چین ناهێڵێتەوە و بایدن ئێرانی بە ناسەقامگیركردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار كرد.
بایدن جەختی لەوە كردەوە كە ئەمریكا هەرگیز ڕێگە نادات تاران چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
سەرۆك كۆماری ئەمریكا بەڵێنیدا بەهێزكردنی بەرگری ئاسمانی و هۆشداری پێشوەختە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەكان لە ناوچەكەدا.
بایدن پێشوازی لە رۆڵی وڵاتانی ناوچەكە كرد لە پشتیوانی كردن لە ئاگربەست لە یەمەن و رایگەیاند كە ئاگربەست گەیشتووەتە پانزەهەمین هەفتەی خۆی و لەوێش كار بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان دەكەین.
هەروەها رایگەیاند كە رێككەوتنی بازرگانی ئازاد و وەبەرهێنانی سعوودیە لە ئوردن و ئەوانی تردا دەبێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە “ئامانجەكانمان چڕ و پڕن و دەتوانن بەدی بهێنرێن، لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یەكگرتوودا كار دەكەین”.
بایدن هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە ئەمریكا رێگە نادات هێزە دەرەكییەكان بۆ سنوورداركردنی گەرووە ئاوییەكان لە ناوچەكەدا.

لە بەرامبەردا محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە رایگەیاند، “كۆبوونەوەمان ئەمڕۆ لە كاتێكدایە كە ناوچەكە و جیهان رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بوونەتەوە”، داوای لە ئێران كرد هاوكاری بكات و دەستوەرنەداتە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە.

بن سەلمان هیوای خۆی دەربڕی كە ئەم لوتكەیە پەیوەندییەكی باشی نێوان وڵاتەكانمان و ئەمریكا دروست بكات. ئاماژەی بەوەشكرد، ئابوری جیهان پەیوەستە بە سەقامگیری نرخی وزەوە.