جۆو بایدن لەگەڵ 11 سه‌ركرده‌ی وڵاتانی عەرەبی كۆده‌بێته‌وە 

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆک، سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بایدن سەرەتا دەچێتە ئیسرائیل و دواتر سەردانی سعودیا دەکات و بڕیارە له‌گه‌ڵ 11 سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو، میسر، ئوردن و عێراق‌ كۆببێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌شێك له‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌ندی به‌ هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و نرخی نه‌وت و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ هه‌یه‌.

جایك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئێستا سه‌قامگیرتره‌ به‌راورد به‌و كاته‌ی بایدن ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیری زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت و ناكۆكی كه‌متر بێت، ئه‌مه‌ بۆ واشنتن گرنگه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی “NPR”، هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌تی له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان به‌رده‌وامن، به‌ڵام سەرۆکی ئەمەریکا ره‌نگه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ یان پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی فه‌له‌ستین كۆببێته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، فه‌له‌ستین تووشی قه‌یرانی دارایی بووه‌ و پێشبینی ده‌كرێت بایدن كۆمه‌كی نه‌خۆشخانه‌كانی فه‌له‌ستین بكات، له‌كاتێكدا پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هاوكارییه‌ی له‌ فه‌له‌ستینییه‌كان بڕیوه‌.

ماڵپه‌ڕی “NPR” باسی له‌وه‌ كرد، مه‌حموود عه‌باس له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی- ئه‌مه‌ریكی کە بڕیار وایە لە سعودیا بەڕێوە بچێت، نیگه‌رانه‌. سەرۆکی فەلەستین، ده‌یه‌وێت سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکەنەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ببێته‌ فشارێك له‌سه‌ر ئیسرائیل و كۆتایی به‌و داگیركارییه‌ی خاكی فه‌له‌ستین بهێنێت.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، ئێستا ئیسرائیل له‌ قۆناغێكی راگوزاری سیاسی تێده‌په‌ڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌ و لەبارەی ئێرانیشەوە دڵنیایی پێبدرێت، كۆشكی سپیش پێیوایه‌ له‌ رێگه‌ی گفتوگۆوه‌ ئاشتی به‌قه‌رار ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌له‌ستینی و ئئیسرائیلییه‌كانیش نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن.