هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئۆكرانیا به‌ داڕماوی ده‌چێته‌ ناو ماڵی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه‌

27 ماڵه‌كه‌ی ئه‌وروپا كه‌ به‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ناسراوه‌، جێگه‌ی ئومێدی ئۆكرانییه‌كانه‌، بۆیه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 23ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2022)، ئۆكرانیا ببێته‌ كاندیدی فەرمی بۆ به ‌ئه‌ندامبوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ دوای له‌شكركێشی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان، وره‌ی ئۆكرانییه‌كان به‌رزده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی ئێن پی ئاڕ، سێ دیپلۆماتكاری یه‌كێتی ئه‌وروپا جه‌ختیان له‌وه‌كردووەته‌وه‌،‌ كۆمسیۆنی ئه‌وروپا كه‌ باڵی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ دوای چه‌ند رۆژێك گفتوگۆی ناوخۆیی یه‌كێتی ئه‌وروپا، هیچ دژایه‌تییه‌ك له‌نێوان 27 وڵاته‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌وروپا به‌دیناكات سه‌باره‌ت به‌ به‌كاندیدبوونی ئۆكرانیا بۆ به‌ ئه‌ندامبوون.

شه‌ش رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كۆمسیۆنی ئه‌وروپا پێشنیازی كرد، ئۆكرانیا بكرێته‌ كاندید بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌و پرۆسه‌ دورودرێژه‌ چاوه‌ڕوانیه‌ رزگاری بێت كه‌ وڵاتان پێی ده‌بن به‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

كۆمسیۆنی ئه‌وروپا شرۆڤه‌یه‌كی خێرایی خۆی پێشكه‌شكرد، له‌سه‌ر ره‌وشی ئۆكرانیا بۆ پێدانی كاندیدی بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌ویش دوای داوایه‌كی حكومه‌تی ئۆكرانیا كه‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر پرۆسه‌ی له‌شكركێشی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، پێشكه‌شی كرد.

زه‌ واشنتن پۆست له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی داوه‌ به‌ لێدوانێكی ژان ئاسیلیۆرن- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لۆكسمیۆرگ، كه‌ پێش چوونه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شه‌ش رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، به‌ رۆژنامه‌نووسانی گوت: “ئێمه‌ كار بۆ خالێك ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ڤلادیمێر پۆتن -ی سه‌رۆكی رووسیا بڵێین كه‌ ئۆكرانیا سه‌ر به‌ ئه‌وروپایه‌، ئێمه‌ به‌رگری له‌و به‌هایه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئۆكرانیا به‌رگری لێده‌كات”.

ئۆرسۆلا فۆن دێر سه‌رۆكی كۆمیسۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ كۆنفرانسێكدا، گوتی: “ئۆكرانییه‌كان ئاماده‌ن له‌پێناو تێڕوانینی ئه‌وروپییه‌كاندا بمرن، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئەوان بژین”.

سه‌رۆكی كۆمیسۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوسۆزییه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ری هه‌یه‌ بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا و گه‌لی ئۆكرانیا، ئه‌و یه‌كه‌مین به‌رپرسی ئه‌وروپی بوو كه‌ سه‌ردانی كێیڤ-ی كرد.

سه‌ردانی ئۆرسۆلا فۆن دێر، سه‌رۆكی كۆمیسۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ رۆژی 9ی نیسان یه‌كێك بوو له‌و سه‌ردانه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن بی سی، فۆن دێر ئه‌وكات به‌ڵێنیدا رێكاره‌كانی كاندیدبوون بۆ به‌ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا خێراتر بكات، ئه‌و گوتی: “وه‌ك هه‌میشه‌یی كه‌ وابووه‌، به‌رای من پێویست ناكات به‌ كاندیدبوونی ئۆكرانیا چه‌ند ساڵێكی بوێت، به‌ڵكو چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌”.

هه‌روه‌ها ڤۆن دێر لاین، شه‌ش رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، دووپاتیكرده‌وه‌: “به‌ڵێ ئۆكرانیا شایه‌نی تێروانینێكی ئه‌وروپیانه‌یه‌، پێویسته‌ وه‌ك وڵاتێكی كاندید پێشوازی لێبكرێت، به‌و تێگه‌یشتنه‌یان كه‌ كاری گرنگیان ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ن بۆ بوون به‌ ئه‌ندام”.

كلیمینت بیۆن وه‌زیری فه‌ره‌نسا بۆ  كاروباری ئه‌وروپا، كه‌ وڵاته‌كه‌ی تا چه‌ند رۆژێكی تر سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی هه‌ر 27 ئه‌ندامه‌كه‌ رێگری له‌ كاندیدبوونی ئۆكرانیا و مۆڵدۆڤا ناكه‌ن، به‌ڵام جۆرجیا ده‌بێت مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ بكات ئه‌ویش زاڵبوونه‌ به‌سه‌ر بنبه‌ستی سیاسی له‌و وڵاته‌.

به ‌سرووشتی چوونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا چه‌ندین ساڵی ده‌وێت و هه‌میشه‌ پرۆسه‌یه‌كی دورودرێژ بووه‌ بۆ گفتووگۆ و یه‌كلاكردنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ هه‌نگاریا پاش 10 ساڵ زیاتر له‌ داواكردن چووەته‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌، یاخود وڵاتێكی وه‌ك توركیا له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ داوای ئه‌ندامێتی ده‌كات، ساڵی 1999 پۆستی كاندیدێتی وه‌رگرت و ناچار بوو تا ساڵی 2005 چاوه‌ڕێ بكات بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی به‌ ئه‌ندامبوون كه‌ تا ئێستا ئه‌و گفتووگۆیانه‌ به‌رده‌وامه‌و نه‌بووه‌ به‌ ئه‌ندام.

هه‌ربۆیه‌ به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو رێكه‌وتنی چوونه‌ ناو یه‌كێتییه‌كه‌وه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا مه‌رج به‌سه‌ر ئۆكرانیا و مۆڵدۆڤا بسه‌پێنێت سه‌باره‌ت به‌ ریفۆرمی دادوه‌ریی و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.

به‌ڵام رۆژنامه‌ی زه‌ كێڤ ئیندپێندنت، له‌ راپۆرتێكدا جه‌ختی له‌وه‌كردووەته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: “سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ نزیكه‌ی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان به‌ ئابووری ئۆكرانیا ده‌گات و سه‌دان جه‌نگاوه‌ر ده‌بنه‌ قوربانی له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردن، به‌ڵام هێشتا ئێمه‌ ئاماده‌گیمان تێدایه‌ بیسه‌لمێنین كه‌ ئه‌توانین خۆمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و كاركردن له‌ناو بازاڕی هاوبه‌ش و چاكسازی له‌ دامه‌زراوه‌كانیدا”.

هه‌روه‌ها له‌م تێڕوانینه‌وه‌، ڤۆن دێر لاین دوویاتیكرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا كه‌ به‌هۆی رێكه‌وتنی ساڵی 2016، ئۆكرانیا پێشتر نزیكه‌ی 70%ی یاسا و نۆرم و ستاندارده‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپای جێبه‌جێكردووه‌.

زیادكردنی ئه‌ندامی نوێ بۆ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌زامه‌ندی كۆده‌نگی هه‌ر 27 وڵاته‌كه‌ی ئێستای ئه‌وێت و هه‌موو بۆچوونی جیاوازیان ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن په‌له‌ بكرێت له‌ زیادكردنی ئۆكرانیا بۆ ریزه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌.

هه‌روه‌ها كاتێك رۆژی 16ی حوزه‌یران، سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و رۆمانیا سه‌ردانی ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا-یان كرد له‌ كێڤ، به‌ڵێنیاندا كه‌ پشتگیری كاندیدبوونی ئۆكرانیا بكه‌ن بۆ ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا

ئۆكرانیا، مۆڵدۆڤا و جۆرجیا داوای چوونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌نگاو ده‌نێت، به‌تایبه‌تی كاندیدبوونی ئۆكرانیا ستراتیژی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا دیاری ده‌كات به‌رانبه‌ر شه‌ڕی رووسیا له‌ ئۆكرانیا، به‌ڵام پێده‌چێت ئۆكرانیا چه‌ند ساڵێكی بوێت تا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌.