وەزیری بەرگری ئەمریكا ئیدانەی چالاكییە سەربازییەكانی “ئیستفزازی و ناسەقامگیركەر”ی چینی لە نزیك تایوان كرد، ئەمەش ڕۆژێك دوای ئەوەی هاوتا چینییەكەی هۆشداریدا لەوەی كە ئەگەر دوورگەكە سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت، پەكین “درێغی ناكات لە دەستپێكردنی شەڕ”.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە لوتكەی ئاسایشی شەنگری لا لە سەنگافورە گوتی: ئێمە شاهیدی زیادبوونی زۆرەملێین لەلایەن پەكینەوە، بینیمان كە چالاكییە سەربازییە ورووژێنەرەكان و ناسەقامگیركەرەكان لە نزیك تایوان بەردەوام لە زیادبووندایە.
پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئۆستین جەختی لە گرنگیی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووی (تایوان) كردۆتەوە و دژایەتی هەر گۆڕانكارییەكی تاكلایەنە لە دۆخی ئێستا دەكات و داوای لە (چین) كرد خۆی لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێكی دیكەی ناسەقامگیركەر بەرەو تایوان بەدوور بگرێت.
ڕۆژی هەینی، وی فێنگی، وەزیری بەرگری چین هۆشداریدا بە وەزیری بەرگری ئەمریكا كە پەكین “درێغی ناكات لە دەستپێكردنی شەڕ” ئەگەر تایوان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی نوێی نێوان هەردوو زلهێزە لەسەر دوورگەكە.