پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئیمانوێل ماکرۆن جارێکی دیکە بووەوە سەرۆکی فەرەنسا 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئیمانوێل ماكڕۆن له‌ هه‌ڵبژدنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فڕه‌نسا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كه‌ی مارین لۆپین به‌ده‌ستهێنا و به‌مه‌ش بووه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی فڕه‌نسا له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوودا بۆ دووه‌مجار له‌سه‌ریه‌ك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێ.

به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فڕه‌نسا ماكڕۆنی ته‌مه‌ن 44 ساڵ توانیویه‌تی 58.2%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبێنێ، لۆپینی ته‌مه‌ن 53 ساڵی ڕكابه‌ریشی ڕێژه‌ی 41.8%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ ڕاپرسییه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پێشبینی ئه‌وه‌ كرابوو كه‌ ماكڕۆن به‌ ئه‌نجامێكی باش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستدێنێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی لایه‌نگرێكی زۆره‌‌ له‌ فڕه‌نسا، له‌به‌رامبه‌ریشدا لۆپین نه‌یتوانیبوو‌ سه‌رنج و متمانه‌ی زۆرێك له‌ فڕه‌نسییه‌كان به‌ده‌ستبێنێ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵێكی زۆری دابوو وێنایه‌كی باشی خۆی له‌نێو گه‌له‌كه‌ی بخاته‌ڕوو.

له‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فڕه‌نسا بریتییه‌ ‌ 63.23%‌.

جێی باسه‌ ماكڕۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فڕه‌نسا له‌ ساڵی 2017 توانیبووی متمانه‌ی 70%ی ده‌نگده‌رانی فڕه‌نسا به‌ده‌ستبێنێ.