پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئه‌مه‌ریكا به‌ به‌های 100 ملیۆن دۆلار مووشه‌كی جاڤلین بۆ ئۆكرانیا ده‌نێرێت

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، واشنتن به‌ بڕی 100 ملیۆن دۆلار كاروانێكی دیكه‌ی مووشه‌كی جاڤلین “مووشه‌كی دژه‌ تانك” وه‌ك هاوكاریی سه‌ربازی بۆ ئۆكرانیا ره‌وانه‌ ده‌كات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، “به‌ زووترین كات مووشه‌كی دژه‌ تانك ده‌به‌خشینه‌ ئۆكرانیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌و جۆره‌ مووشه‌كه‌ هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “جیهان به‌ كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی سوپای رووسیا تاساوه‌، كه‌ له‌ شاری بوچا دژی هاووڵاتیانی ئۆكرانیا ئه‌نجامی داوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ توندی پشتیوانی له‌ سه‌روه‌ری ئۆكرانیا و خاكه‌كه‌ی ده‌كات”.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دا به‌ بڕی 300 ملیۆن هاوكاریی سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا بكات، بلینكنیش ئاشكرای كرد، ئه‌و هاوكارییانه‌ی پێشكه‌ش به‌ كیێڤ كراوه‌، گه‌یشته‌ 1.7 ملیار دۆلار له‌ سه‌ره‌تای هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، به‌ڵام ته‌نیا له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی بایدن، هاوكارییه‌كان گه‌یشتووته‌ 2.4 ملیار دۆلار.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی دیكه‌دا جۆن كێربی، گوته‌بێژی پێنتاگۆن رایگه‌یاند، ئه‌و هاوكارییه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا ده‌كرێت، مووشه‌كی زیاتری جاڤلینه‌، كه‌ به‌مدواییه‌ ئۆكرانییه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای رووسیا به‌كاریانهێناوه‌ و كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشی هه‌بووه‌.