ته‌ندروستی جیهانی: له‌ زستاندا ئه‌وروپا ده‌بێته‌ چه‌قی كۆرۆنا

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هۆشداریدا له‌ باره‌ی مردنی نیو ملیۆن مرۆڤ له‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا.

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، به‌هۆی بڵاوی بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ وه‌رزی زستاندا، زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س له‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

راشیگه‌یاند، به‌هۆی سستبوونی پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسین له‌ ئه‌وروپا، كۆرۆنا زیاتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌، پێوه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.

روونیكرده‌وه‌، ئه‌وروپا له‌ چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌دایه‌، دووباره‌ كیشوه‌ری پیر ده‌بێته‌وه‌ پێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

هانس كلۆغه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌یی سه‌ر به‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ و به‌ سستی ڤاكسین وه‌ربگرن، ره‌نگه‌ پتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا گیان له‌ده‌ست بده‌ن.

راشیگه‌یاند، پێویسته‌ له‌ كاتی جه‌ژنه‌كانی سه‌ری ساڵ له‌ ئه‌وروپا، رێگری له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگه‌كان بكرێت، بۆ خۆپارێزی له‌ تووشبوون به‌م په‌تا ترسناكه‌.

گوتی: له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، كۆرۆنا له‌ قۆناغی سه‌قامگیریی نه‌ماوه‌، خه‌ڵكێكی زۆر دووباره‌ تووش ده‌بنه‌وه‌ و گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، جیا له‌وه‌ش په‌تای وه‌رزی به‌ فراوانی بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌میش كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌یه‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وروپا كه‌وتووه‌ته‌ حاڵه‌تی مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی داوا ده‌كات روو له‌ ڤاكسین وه‌رگرتن بكه‌ن.