توركیا به‌دیوارێك رێگرى له‌په‌ناهه‌نده‌كان ده‌كات

له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كى راگه‌یاندكاره‌كاندا رۆژى هه‌ینى رابردوو، توركیا دیوارێكى له‌سه‌ر سنوورى ئێران نیشانى راگه‌یاندكاره‌كاندا، ئه‌مه‌و ئه‌م دیواره‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌رێمى وان. 

توركیا ماوه‌یه‌كى دوور و درێژه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، دیوارێك له‌سه‌ر سنوورى ئێران توركیا دروست بكات، زیاتریش ئه‌م دیواره‌ بۆ  رێگه‌گرتنه‌ له‌په‌ناهه‌نده‌ و ئاواره‌ ئه‌فغانییه‌كانه‌، كه‌ شه‌ڕ و هه‌ژارى ته‌نگى پێهه‌ڵچنیوون.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌م دیواره‌ به‌رزیه‌كه‌ى (3) مه‌تره‌، به‌درێژایى 156 كیلۆمه‌تر،  له‌بنه‌ڕه‌تیشدا سنوورى نێوان ئێران و توركیا 560 كیلۆمه‌تره‌، هاوكات له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ به‌چه‌ندین شێوه‌ ته‌ل و رێگرى دیكه‌ دانراوه‌، له‌ته‌ك دیواره‌كه‌شدا هه‌رده‌م زریپۆشه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌سوڕێنه‌وه‌، فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانه‌كانیش له‌ئاسماندان، تا به‌ وردى ئاگادارى هه‌موو جووله‌یه‌ك ببن، هه‌روه‌ها چه‌ندین شوێنى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و تاوه‌رى چاودێرى دانراوه‌.
به‌پێى گوته‌ى كۆمۆسیۆنى كاروبارى په‌ناهه‌نده‌كان له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، پێشبینى ده‌كرێ 500 هه‌زار ئه‌فغانى تا كۆتایى ساڵ وڵات جێبهێلن.
توركیاش له‌لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ى راگه‌یاند، كه‌ ناتوانێ هیچ داواكارییه‌كى په‌ناهه‌نده‌ ئه‌فغانییه‌كان وه‌ربگرێ، له‌پێشتریشدا چه‌ندین شه‌پۆڵى ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ روویان له‌و وڵاته‌كردووه‌.