دوای 10 ساڵ بەشار ئەسەد و شا عەبدوڵڵا یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجامدەدەن

سەرۆکی سووریا و شای ئوردن لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کرد، ئەوەش یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنییە لەنێوان بەشار ئەسەد و شا عەبدوڵڵادا لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکردووە. کۆشکی شاهانەی ئوردن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی یەکشەممە 03-10-2021 شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریاوە پێگەیشت و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و “رێگەکانی بەهێزبوونی هاوئاهەنگییەکان قسەیان کرد”. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شا عەبدوڵڵا بە بەشار ئەسەدی راگەیاندووە، حکومەتی ئوردن پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و هەوڵەکانی تایبەت بە “سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی” ئەو وڵاتە دەکات. ئاژانسی هەواڵیی سانای سووریاش لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و زیادبوونی هاوئاهەنگییەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و گەلدا بێت، باس کراوە. دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا، شا عەبدوڵڵا داوای لە بەشار ئەسەد کرد واز لە پۆستەکەی بهێنێت و ئوردنیش بووە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە رێگەیەوە یارمەتی بۆ گرووپەکانی دژی ئەسەد دەنێردرا. بەڵام حکومەتی ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە. نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستاش، وەزیری بەرگریی سووریا سەردانی ئوردنی کرد. رۆژی چوارشەممەی رابردوو 29-09-2021یش ئوردن دەروازەی سنووریی جابری نێوان وڵاتەکەی و سووریای بە تەواوی کردەوە. حکومەتی ئوردن ئاماژەی بەوە کردووە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سووریا لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردنەوە دەستپێدەکەنەوە.