رۆژنامەی ھەولێر

مین و پاشماوەی تەقەمەنی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی بەفر و بارانبارینی زۆر، لە چەندین شوێنی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان مینی دژەکەسی و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی خزاونەتە سەر ڕێگەی ھاووڵاتییان و مەترسییان دروستکردووە.

مینڕێژکردنی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای شەستەکان، کە بەھۆی ململانێ و شەڕی نێوان ھێزە کوردییەکان و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لەلایەن سوپای ئەو کاتەی عێراقەوە دانراوە، ھەروەھا لە سەردەمی شەڕی عێراق – ئێران، لە سەدەی ڕابردوو زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان مینڕێژکراون، ھەروەھا شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکانی بوونی مین لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کە پاش ڕاگواستنی خەڵکەکە مینێکی زۆر لە دەوری سەرچاوەکانی ئاو و ڕێگەوبانەکان و گوندەکان چێنراون.
کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی کردووە بە پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ١٣٦٠٠ کەس بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی، ھەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ھەرێمی کوردستان، ٧٣%ی زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و تەنیا ٢٧%ـی ماوە پاک بکرێتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەھۆی بارانبارینی زۆر و بەردەوام، مەترسی شۆڕبوونەوەی مینە چێندراوەکان بۆ ناو ڕێگەوبانەکان و ناوچەی دانیشتووان زیاتر دەبێت، لە گوند و ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام مین و پاشماوەی جەنگی بەدەر دەکەون، لە گوندی دەربەندی سنووری قەزای چۆمان، مینێکی دژەکەسی لە جۆری V٦٩ لەگەڵ پاشماوەیەکی تەقەمەنی جەنگی کە بەھۆی بەفر و باران خزابوونە سەر ڕێگای ھاووڵاتییان، مەترسی لەسەر گیانی ھاووڵاتییان دروستکردبوو، بۆیە دەست بەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی بەشێوازی گونجاو چارەسەرکران و گواسترانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، دەشڵێ: بەردەوام ڕێنوێنی تایبەت لەسەر خزانە خوارەوەی مین و تەقەمەنی بەھۆی شەپۆلی بەفر و باران بۆ ھاووڵاتییان بڵاودەکەینەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ئەوەشی گوت: زۆربەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون، ھێمای ھۆشیار کردنەوە لە مەترسییەکانی مین لەو شوێنانە دانراون، ھەروەھا لە دەوروبەری کێڵگە مینەکان بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی گوند و ئاوایی لێیە، تابلۆی ھەمیشەیی ھۆشیاری مینی لێ دانراوە و ڕووبەری کێڵگە مینەکەشی تیادا ئاماژە پێکراوە کە ئەم شوێنانە مەترسیدارە و تکایە نزیک مەکەونەوە.