دادگایەکی عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ 52 لایەنگری سەدر دەرکرد

دادگای کەرخ لە بەغدا، سزای زیندانی کردنی بۆ 52 کەس لە گرووپی “اصحاب القضية” خاوەن کەیسەکان” دەرکرد، کە موقتەدا سەدر بەرائەتی خۆی لەو گرووپە راگەیاندووە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دادگا سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ 51 ئەندامی گرووپەکە دەرکردووە، هەروەها بەرپرسی گرووپەکەش سزای زیندانی دوو ساڵی بۆ دەرچووە.

لەراگەیەندراوەکەشدا هاتووە، تاوانباری سەرەکی کە بە دووساڵ سزای زیندانی سزادراوە، بەرپرسی گرووپەکەیە و کە هەڵساوە بە راکێشانی گەنجێکی زۆر بۆ ریزەکانی گرووپەکە، دواتر کۆمەڵێک راگەیەندراو و وتاری لەنێو خەڵکدا بڵاوکردەوە، بۆ ئەوەی باوەریان پێبهێنێت، بەو ئایدۆلۆژیایەی کە ئەو هەیەتی لەوانە کتێبی “رووناکیەکانی رێگای مەهدی”،هەروەها چەندین هەژماری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕی پێبکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گرووپە شوێنکەوتووێکی زۆری هەیە، تاوانبارەکە چووەتە پارێزگای نەجەف و لە یەکێک لە هۆتێلەکان ژوورێکی بەکرێ گرتووە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بانگەشەکردن،  لە 13ی نیسان، کە هاوکات بوو لەگەڵ شەوی “لەیلەتولقەدر”، کە تێیدا سوود لە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان وەرگرت کە هاتبوون بۆ پارێزگای نەجەف بۆ یادکردنەوەی ئەم شەوە.

دەشڵێت: “ئەو تاوانبارە لە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەخشی راستەوخۆی کردووەتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو مشتومڕە چاوەڕوانکراوە، لە ئەنجامی ئەو پەخشکردنەدا ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئامادەبوون، هەتا ئەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کرد”.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆی بەری کرد لەو گرووپە و لە تویتێکدا رایگەیاند: “بۆ ئەوەی ببم بە چاکسازیکارێکی عێراق و نەشتوانم چاکسازی لە رەوتی سەدر بکەم، ئەمە گوناهە بەردەوام بم لە سەرکردایەتیکردنی رەوتەکە، چونکە خاوەنانی کەیسەکە هەندێک لە گەندەڵ و خراپەکارانن، ئەمە شتێکی گەورەیە”.

سەدر گوتیشی: “لەبەر ئەوە تەواوی چالاکیەکانی رەوتەکە رادەگرم، جگە لە نوێژی هەینی و دەستەی کەلەپوور و “بەرانی سەید ئەلشەهید”، بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت، با یەکەم جار لەبەردەم پەروەردگار و دووەم لەلای باوکم بێتاوانی خۆم رابگەیەنم”.

گرووپێک خۆیان بە خاوەنی کەیسەکە ناودەبەن، دەنگۆی ئەوەیان هەیە کە ئیمام مەهدی لە کوفە دەردەکەوێت، هاوکات لەگەڵ بڕیاری سەدر بۆ بەشداریکردن لە کشانەوەکەدا. ئەم گرووپە سەر بە رەوتی سەدرە و موقتەدا سەدر بە ئیمامی مەهدی راسپێردراو دادەنێن.