رۆژنامەی ھەولێر

عێراق بە فرۆكەیەكی تایبەت بۆ پاشكۆی مۆندیال گەشتی مەكسیك دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

بەرپرسانی وەرزشی عێراق لە هەوڵەكانیان بۆ دواخستنی یاریی پاشكۆی مۆندیال بەردەوامن، لەبەرامبەردا فیفا هۆشداریی داوەتە هەڵبژاردەی عێراق و مەترسی لەسەر گەشتی عێراق بۆ مەكسیك دروست دەبێت، دواجار عەدنان درجاڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند بە فرۆكەیەكی تایبەت گەشتی مەكسیك دەكەن.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەفتەی رابردوو بە نووسراوێكی فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان ” فیفا ”ـی ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر دۆخی ناوچەکە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوان ناتوانن هیچ گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە غالب الزاملی ئەندامی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە ماڵپەری مەوازین نیوزی راگەیاند، ئەوان بەو هیوایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان هاوکاریان بێت و یاری قۆناغی پلەی ئۆفی پاشکۆی مۆندیالی 2026 دوابخرێت.
ئەو ئەندامەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راشیگەیاند، پێشتر جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا فێدراسیۆنەکەیانی ئاگادار کردووەتەوە کە چاودێری هەموو بارودۆخێک دەکەن و لە ماوەیەکی کەم ئەم بابەتە یەکلایی دەکەنەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی رایگەیاند كارەساتە ئەگەر فیفا بیەوێت یارییەكانی پلەی ئۆفی مۆندیال لە هەمان كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، گوتیشی: لە ئاسمان و زەوی مووشەكبارانە و فرۆكەخانەكان لەكاركەوتوون و زوڵمێكی گەورەیە ئەگەر فیفا عێراق ناچار بكات یاریی پاشكۆی مۆندیال لە كاتی خۆی بەڕێوە ببات.
بڕیارە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق رۆژی 31ـی ئەم مانگە لە قۆناغی پلەی ئۆفی پاشکۆی مۆندیالی 2026، لە مەکسیک رووبەڕووی براوەی یاری نێوان هەڵبژاردەکانی بولیڤیا و سۆرینام ببێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەشتە ئاسمانیەکانی عێراق وەستاون، ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردەی عێراق تووشی گرفتی گەورە بێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم جەنگەی رووی لە ناوچەكە كردووە و خشتە و پلانی عێراق بۆ یارییە دۆستانەكان و كردنەوەی كەمپێك لە ئەمریكا تێكچوو، بەڵام بە ناچاری دەبێت لەم هەفتەیە گەشتی مەكسیك بكەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئۆسترالی هەڵبژاردەی عێراق لە چەند كاتژمێری داهاتوو لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكان بۆ یاریی پلەی ئۆفی مۆندیال ئاشكرا دەكات و پێشبینی دەكرێت بۆ گەشتەكەی مەكسیك 10 یاریزانی كورد یاوەری هەڵبژاردەی عێراق بكەن كە پێكهاتوون لە (مستەفا قابیل، سیابەند عەگید، میرخاس دۆسكی، یوسف ئەمین، ئاكام هاشم، یوسف ئیمام، پیتەر گۆرگیس، شێركۆ كەریم، ئوسامە رەشید و ماركۆ فەرەج).
تەنیا لە یەك حاڵەت مۆندیال دوادەخرێت
نزیکەی سێ مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 و بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دەنگۆیەک هەیە پاڵەوانێتیەکە بۆ ماوەیەکی دیکە دوابخرێت، بەڵام رێکخەرێکی مۆندیال هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
سیمۆن چادویک بەڕێوەبەری پێشووی توێژینەوە لە لیژنەی ئامادەکاری مۆندیالی 2022، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری givemesport بەریتانی، لەبارەی دەنگۆکانی دواخستنی وادەی مۆندیالی 2026 دەڵێت: ”لەم کاتەدا کە نزیکەی تەنها سێ مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهان، زۆر ئەستەمە وادەکەی دوابخرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە جامی جیهانی لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەدەچێت”.
ئەو بەرێوەبەرەی پێشووی مۆندیالی 2022ـی قەتەر گووتیشی: ”تەنها یەک ئەگەر هەیە بۆ دواخستنی وادەی مۆندیال کە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بکرێت، ئەویش هێرش کردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوورە لەلایەن ئێرانەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پروشکەکانی ئەم جەنگەی ئێستا نەگاتە ئەو شوێنانە، ئەوا بە دڵنیاییەوە مۆندیالی 2026 لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت”.