رۆژنامەی ھەولێر

یانەكانی هەولێر و دهۆك سەركەوتنیان تۆمار كرد و زەورا لە دواساتەكاندا گۆڵی بردنەوەی لە یانەی نەورۆز تۆمار کرد

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە گەڕی 21ی یارییەكانی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراقدا، هەردوو یانەی هەولێر و دهۆك سەركەوتنی گرنگیان بەسەر یانەكانی گەرمە و شوڕتەدا تۆمار كرد، بەڵام یانەی نەورۆز لە نێو یاریگەكەی خۆی بە یانەی زەورا دۆڕا.

لە گەڕی 21ی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە یارییەكی گرنگ و بەهێزدا، یانەی دهۆك لە نێو یاریگەكەی خۆی لە ناوەڕاستی چیاكانی بادینان، ڕووبەڕووی یانەی شوڕتەی بەغدا بووەوە و یانەكەی بەغدای بە شكستخواردوویی ناردەوە.
لە خولەكی 11ی یارییەكەدا، پیتەر گۆرگیس، كە بە تۆماركردنی گۆڵی جوان ناسراوە، بە گۆڵێكی نایاب، هەڵۆی چیاكانی پێش خست. هەرچەندە ڕكەبەریی هەردوولا بۆ گەیشتن بە گۆڵ بەردەوام بوو، بەڵام نیوەی یەكەم بە گۆڵێك لە بەرژەوەندیی دهۆك كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمیشدا یارییەكە بە بەهێزی مایەوە، تا ئەوكاتەی لە خولەكی 71ی یارییەكەدا، لیۆنێل ئەتیبا، گۆڵی وەكیەكی بۆ یانەی شوڕتە تۆمار كرد.
بەڵام هەڵۆی چیاكان بەو ئەنجامە ڕازی نەبوون، بۆیە هەوڵەكانیان بۆ گۆڵی دووەم و پێشكەوتن و بردنەوە زیاد كرد، تا ئەو كاتەی لە خولەكی 86ـدا یاریزان یووسف ئیمام، گۆڵی دووەمی دهۆكی تۆمار كرد و جارێكی تر پێش یانەی شوڕتە كەوتن. ئەنجامیش یارییەكە 2-1 گۆڵ لە بەرژەوەندیی كوڕانی دهۆك كۆتایی هات.
بەو ئەنجامە، یانەی دهۆك ئێستە بە 30 خاڵ لە خانەی نۆیەمی ڕیزبەندیی خولی عێراق دێت. یانەی شوڕتەش بە 44 خاڵ لە خانەی دووەم دێ.
لەلایەكی دیكەوە، یانە هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی گەرمە، لە یارییەكی دراماتیكیدا، یانەی هەولێر سەركەوتنێكی گرنگی تۆمار كرد و بە سێ گۆڵ بەرانبەر دوو گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
لەو یارییەدا هەرچەندە ئەیمەن حوسێن لە خولەكی 15ـدا گۆڵی یەكەمی یانەی گەرمەی بە لێدانی سزا تۆمار كرد، بەڵام شێرزۆد تەیمیرۆڤی ئۆزبەكستانی، بە لێدانێكی سەر، لە خولەكی 35ی یارییەكەدا گۆڵی یەكسانبوونی بۆ پایتەختی كوردستان تۆمار كرد. لە خولەكی 51ی یارییەكەدا یاریزان كریستۆڤەر جۆن گۆڵی دووەمی بۆ یانەی هەولێر تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 69ـدا یاریزان ئەیمەن حوسێن لە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەكەی و یەكسانبوونی بۆ گەرمە تۆمار كرد، لەو كاتەی گومان دەكرا پێش ژماردنی لێدانە سزاكە، حاڵەكەتە ئۆفساید بێ.
بەڵام یانەی هەولێر، كۆڵی نەدا و سوور بوو لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە، بۆیە لە خولەكی 83ـدا یاریزانی یانەی هەولێر عەلی شاخەوان، گۆڵێكی زۆر جوانی بۆ هەولێر تۆمار كرد و یانەكەی كرد بە خاوەن گۆڵی سێیەم، بەو ئەنجامەكەیش هەولێر 3-2 گۆڵ لە یانەی گەرمەی بردەوە.
یانەی هەولێر خەریك بوو هەڵەیەكی گەورەی تەكنیكیی وەكوو یارییەكەی ئەمانەی بەغدا دووبارە بكاتەوە بە بەشداریپێكردنی 7 یاریزانی پیشەگەر، بەڵام دواسات باسم قاسمی راهێنەر فریا كەوت و نەیهێشت ئەو هەڵەیە بكرێ.
ئێستە یانەی هەولێر بە 40 خاڵ لە خانەی چوارەمی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەكانی دێت و یانەی گەرمەش بە 38 خاڵ لە خانەی پێنجەم دێت.
لە یارییەكی دیكەدا، یانەی زەورا لە سلێمانی بووە میوانی یانەی نەورۆز، لە یارییەكەدا یاریزانی كوردی خەڵكی هەولێر ئاكام هاشم لە خولەكی 13ی یارییەكە گۆڵێكی جوانی بۆ زەورا تۆمار كرد، بەڵام بە هۆی ئەوەی یانەی نەورۆز یانەیەكی كوردستانییە، هیچ ئاهەنگێكی نەگێڕا.
بەڵام لە خولەكی 30ی یارییەكەدا یاریزانی بەڕازیلی نیتۆ ئەكارا، گۆڵی یەكسانبوونی بۆ یانەی نەورۆز تۆمار كرد. نیوەی یەكەم بە 1-1 گۆڵ كۆتایی هات.
یانەی نەورۆز بەخت یاوەری نەبوو، بەو هۆیەی لە خولەكی 88ی یارییەكەدا، یاریزانی كۆڵۆمبیی یانەی زەورا برایان ریاسكۆس، گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ یانەكەی بەغدا تۆمار كرد.
ئێستە یانەی نەورۆز بە 25 خاڵ لە خانەی سێزدەی خولی ئەستێرەكانی عێراقە و یانەی زەوراش بە كۆكردنەوەی 35 خاڵ لە خانەی هەشتەمی خولەكەدا دێت.