رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ لە دێربی كوردستان دهۆك و نەورۆز رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

عەدنان درجاڵ، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داواكاری یانەی هەولێری بۆ دواخستنی یاریی رابردوویان بەرامبەر دیالا قبوڵ كرد، بەمەش هەولێر دەرفەتێكی باشی بۆ یاریی داهاتووی بەرامبەر گەرمە دەبێت، بەڵام هیچ بڕیارێك لەبارەی یاریی دهۆك و نەورۆز نەدراوە.

یانەی وەرزشی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیری باری ئەمنیی ناوچەکە، یارییەکەیان بەرانبەر یانەی دیالا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
یانەی وەرزشی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر راسپاردەی سەفین یاسین، سەرۆکی یانەکە و بە لەبەرچاوگرتنی باری نائاسایی ناوچەکە بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، بڕیاریانداوە یارییەکەی گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجام نەدەن.
یانەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی گیانی هاندەرانی یانەی هەولێر دراوە و یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بڕیار بوو شەوی رابردوو یانەی هەولێر لە ناو یاریگای خۆی میوانداری یانەی دیالە بکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، یارییەكە راگیرا.
یانەی هەولێر ئامادەكاری دەكات بۆ یاریی شەممەی رابردوو كە بڕیارە لە گەڕی 21ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی گەرمە ببێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیار ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە دەڤەری بادینان، یانەی دهۆك میوانداریی نەورۆزی شاری سلێمانی بكات.
سوورپۆشەكانی سلێمانی ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە لە یاریگەی دهۆك یەكەمین یەكەی مەشق و راهێنانیان ئەنجامدا و بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ ئامادەن كە بڕیارە یارییەكە لە كاتژمێر 09:00ـی شەو بكرێت.