رۆژنامەی ھەولێر

هەڵگریساندنی ئەم جەنگە دەرگای خێر بەڕووی عێراقدا دەكاتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەم جەنگەی رووی لەم ناوچەیە كردووە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بەخراپ بۆ عێراق لێك بدرێتەوە، بەڵام لە روانگەی وەرزشەوە رەنگە بەخێر بۆ عێراق بشكێتەوە كە تێیدا لە ئەگەری كشانەوەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو عێراق شوێنی دەگرێتەوە.

هەڵگریساندنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران خەریكە پێشهات و گۆڕانكاری نوێ لەبارەی مۆندیالی 2026 بێنێتە پێشەوە، هێرشە مووشەكییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە 48 كاتژمێری رابردوو بۆ سەر ئێران، دەرگای خێری بەڕووی هەڵبژاردەی عێراق كردووەتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی دەزگای میدیایی تەرەفداری ئێرانی رایدەگەیەنێت هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 دەكشێتەوە و ئامادە نییە لەنێو خاكی ئەمریكا بەشداریی هیچ چالاكییەك بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە سەرجەم یارییەكانی ئێران لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال لەنێو خاكی ئەمریكا دەكرێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ئەگەری كشانەوەی ئێران، راستەوخۆ عێراق لە شوێنی ئێران بۆ مۆندیالی 2026 سەردەكەوێت، بەمەش عێراق لە گرووپی حەوتەم هاوشانی هەڵبژاردەكانی (بەلجیكا، میسر و نیوزلەندا) یاری دەكات، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئیماراتیش لە شوێنی عێراق یاریی پلەی ئۆفی پاڵاوتنەكانی مۆندیال دەكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیار وابوو هەڵبژاردەی عێراق لە كۆتایی ئەم هەفتە بە فرۆكەیەكی تایبەت بۆ یاریی پاشكۆی مۆندیال گەشتی مەكسیك بكات، بەڵام بەهۆی داخرانی فرۆكەخانەكانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ داخستنی زۆربەی فرۆكەخانەكانی وڵاتانی كەنداو بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، هەڵبژاردەی عێراق ناچار دەبێت لە رێگەی وشكانی گەشتی توركیا یان وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە بكات پاشان بەرەو مەكسیك گەشت بكات كە بڕیارە لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە لە یاریی پلەی ئۆفی مۆندیال رووبەڕووی براوەی یاریی بۆلیڤیا و سۆرینام بێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەهۆی ئەو جەنگەی رووی لە ناوچەكە كردووە، جگە لەوەش دۆخی نێوخۆیی مەكسیك هێشتا كۆنترۆڵ نەكراوە، بۆیە ئەگەری دواخستنی كاتی مۆندیالی 2026 هەیە، بەڵام ماتیاس گرافسترۆم، سكرتێری گشتی فیفا لەمبارەیەوە رایگەیاند كە بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەن، دەشڵێت: ئینفانتینۆ سەرۆكی فیفا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دڵنیاییان داوە كە یارییەكانی مۆندیالی لە كاتی خۆی بەڕێوە دەچێت كە بڕیارە لە رۆژی 11ـی مانگی شەشی ئەمساڵ دەست پێبكات كە تێیدا ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بە هاوبەشی میوانداریی مۆندیالی 2026ـیان كردووە.

رۆژنامەیەكی ئیسپانیا هێرش دەكاتە سەر ئینفانتینۆ
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا رایگەیاندووە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جەنگێكی خوێناوی هەڵگریساندووە، لەولاشەوە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی فیفا خەڵاتی پیاوی ئاشتی دەبەخشێتە “ترەمپ” ئەمە جگە گاڵتەجاری و كارێكی دژبەیەك هیچی تر نییە، چونكە بەهۆی ئەم جەنگەوە چارەنووسی چەندان وڵاتی بەشداربووی مۆندیال كەوتووەتە مەترسییەوە دیارترینیان (ئوردن، قەتەر، سعوودیە و ئێران).

یەكەمین كاردانەوەی ئێران لەبارەی مۆندیالی 2026
مەهدی تاج، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند بەهۆی ئەو هێرشە مووشەكییانەی رووی لە ئێران كردووە هیچ گەشبین نیین بە داهاتووی هەڵبژاردەكەیان لە مۆندیالی داهاتوو.
مەهدی تاج گوتیشی: مۆندیال نزیكەی چوار مانگی ماوە، دۆخی ناوچەكەش تا دێت زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵام ئێمە وەكو تۆپی پێی ئێران هیچ بڕیارێك نادەین و چاوەڕێی دۆخەكە دەكەین و ئەم بابەتە بەرپرسانی وڵات یەكلایی دەكەنەوە.
هەڵبژاردەی ئێران لە رۆژی 15ـی حوزەیران رووبەڕووی نیوزیلاندا دەبێتەوە، لە رۆژی 21ـی هەمان مانگ بەرامبەر بەلجیكا یاری دەكات، دواتر لە رۆژی 26ـی حوزەیران بەرەنگاری میسر دەبێتەوە، لە ئەگەری سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریكا هەیە.