رۆژنامەی ھەولێر

یـــــــــــــانەكەی كـــــــریستیــــانۆ رۆنــــــــاڵدۆ لە گەڕانەوەی بۆ لالیگا نزیك دەبێتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

كریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی دوای ئەوەی پشكەكانی یانەی ئەلمیریای ئیسپانیای كڕییەوە ئەو یانەیە نزیك دەبێتەوە لە گەڕانەوەی بۆ لالیگا و لە دوایین یاریش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی خاڵێكی بەدەستهێنا.

یانەی ئالمێریای ئیسپانی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ٪25ـی پشکەکانی یانەکەی کڕیوەتەوە و دەبێتە خاوەنی یانە ئیسپانییەکە کە لە خولی پلە دووی ئیسپانیا بەشدارە.
ئەمەش لە كاتێكدایە سعوودییەکان شەش ساڵە خاوەندارییەتی یانەکە دەکەن و پێشتر تورکی ئەلشێخی سعوودی خاوەنی یانەکە بوو، ساڵی رابردووش محەمەد ئەلخەریجی سعوودی بووە سەرۆکی یانەکە و پشکەکانی یانەکەی کڕییەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی کڕینەوەی پشکەکانی یانە ئیسپانییەکە دەڵێت: دەمێک بوو دەمویست لە دەرەوەی لاکێشەی سەوز وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا بکەم، یانەی ئالمێریا یانەیەکی ئیسپانییە و خاوەنی دامەزراوەیەکی بەهێزە و خەسڵەتی ئەوەی تیدایە زیاتر گەشە بکات، دەمەوێت هاوشانی دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکە هەموو هەوڵێک بدەم بۆ ئەوەی یانەکە گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت.
یانەی ئەلمیریا لە دوایین 5 یاری لە خولی پلەدووی ئیسپانیا 4 سەركەوتنی بەدەستهێنا و لە یارییەكیش بەرامبەربووە و بە كۆكردنەوەی 49 و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ كاستیلۆن پلەی سێیەمی گرتووە.
ئەلمیریا تەنیا یەك خاڵ لە یانەی رایسینگ سانتاندێر دوورە و بە جیاوازی 3 خاڵیش لە پێش یانەی دیپۆرتیڤۆ لاكۆرۆنیای چوارەم دێت.