رۆژنامەی ھەولێر

چاڤی هێرناندێز بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری مەغریب مەرجێکی هەیە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسە متمانەپێکراوەکان، ئاشکرایان کردووە کە یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی ئیسپانی بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە، بەڵام تا ئێستە هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ئەمەش واتەی بەردەوامبوونی وەلید ڕەکڕاکییە لە پۆستی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی مەغریب تا کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦.

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی مەرغیب باسیان لەوە کردووە، کە سێشەممەی ڕابردوو، ڕەکڕاکی، نزیکانی خۆی ئاگەدار کردووەتەوە کە لە مۆندیالی ٢٠٢٦ راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب نابێ. ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانییش باسی لەوە کردووە کە راهێنەرە مەغریبییەکە ٩٩.٩٩% لە دەرەوەی کەمپی مەغریب دەبێ بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦ و چاڤی هێرناندێز شوێنی دەگرێتەوە.
وەلید ڕەکڕاکی، دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ نیشتمانەکەی لە مۆندیالی ٢٠٢٢ بە دەست هێنا، دوای ئەوەی بە گرتنی پلەی سێیەم، لێی دەرچوو. بەڵام لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە لە خاکی خۆی بەڕێوە چوو، نەیتوانی ناسناوەکە بباتەوە.
لە کاتێکدا گرێبەستی نێوان یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب و ڕەکڕاکی تا دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی ٢٠٢٦ـە، بەڵام پەیوەندیی نێوان راهێنەر و بەرپرسانی تۆپی پێی مەغریب وەکوو پێشتر نەماوە.
بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب، ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و لە پێگەی فەرمیی خۆیەوە ڕایگەیاند: هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەمانی وەلید ڕەکڕاکی لە راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی مەغریب ڕەت دەکەینەوە.
ئەوە جاری دووەمە یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب ناچار دەبێ ڕاگەیاندراو و ڕوونکردنەوەی فەرمی بدات و ڕەتی بکاتەوە ڕەکڕاکی دەڕوا، لە کاتێکدا مێدیاکانی فەڕەنسا لە ٦ی ئەم مانگەدا بڵاویان کردەوە، ڕەکڕاکی نووسراوی دەستلەکارکێشاوەی خۆی پێشکەشی یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب کردووە، بەڵام یەکێتییەکە دەمودەست ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، باس لە پشتپەردەی دانوستانی نێوان چاڤی هێرناندێز و یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب دەکرێ و رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی بریتانی پشتبەست بە سەرچاوەکانی بڵاوی کردەوە: یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب، پەیوەندیی بە چەند راهێنەرێکەوە کردووە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی مەغریب بکەن لە مۆندیالی ٢٠٢٦ـدا، لە سەروویانەوە چاڤی هێرناندێز.
بە پێی هەمان سەرچاوە، بەرپرسانی مەغریب لەگەڵ چاڤی هێرناندێز نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەو پێیەی چاڤی هێرناندێزی ٤٦ ساڵان داوای کردووە لە دوای مۆندیالەوە ئەرکی راهێنەرایەتیی مەغریب بگرێتە ئەستۆ.
رۆژنامەکە پێداگرە لەسەر ئەوەی کە داهاتووی ڕەکڕەکای مسۆگەرکراو نییە لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب، کە لە گرووپی سێیەمی مۆندیالی ٢٠٢٦ شان بە شانی بەڕازیل، سکۆتلەندا و هایتیدایە.
بۆ بیرهێنانەوە، چاڤی هێرناندێز دوای کاروانێکی درێژی سەرکەوتوو لەگەڵ بەرشلۆنە، وازی لە یاریکردن هێنا، کە چوار ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و هەشت ناسناوی لا لیگای لەگەڵیدا بردەوە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەش، چاڤی هێرناندێز وەکوو یاریزان مۆندیالی ٢٠١٠ی لەگەڵ ئیسپانیا بردەوە، لە ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤یش راهێنەری یانەکەی پێشتری (بەرشلۆنە) بوو، ئەوەش دوای یەکەم ئەزموونی مەشقدانەوەی لەگەڵ یانەی سەدی قەتەڕی هات.