مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
گەر ریاڵ سەركێشی بكا، ئمباپێ دەكەوێتە مەترسییەوە و ڕەنگە لە مۆندیال داببڕێ
بەهۆی ئازاری بەردەوامی ئەژنۆیەوە، كیلیان ئمباپێ ڕەنگە مەترسیی گەورەی بكەوێتە سەر، گەر ریاڵ مەدرید بەو ئازارەوە بەشداریی یارییەكانی پێ بكات.
لە مەشق و راهێنانەكانی ڕۆژی سێشەممە، جارێكی تر ئمباپێ هەستی بە ئازاری ئەژنۆی كرد، بۆیە نەیتوانی مەشقەكان تەواو بكات.
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی مێدیا وەرزشییەكان، باس لەوە دەكەن، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئازاری ئەژنۆی چەپی كیلیان ئمباپێ و بەردەوامبوونی لە یارییەكانی ریاڵ مەدرید، ڕەنگە مەترسیی بخاتە سەر داهاتووی ئمباپێ و ئەگەر هەیە لە مۆندیالیش دایببڕێ.
بە پێی زانیارییەكانی پێگەی لیكیپی فەرەنی، ئمباپێ نەیتوانیوە مەشقەكانی رۆژی سێشەممە تەواو بكات، بەهۆی ئەوەی ئازاری ئەژنۆی بێزاری كردووە، هەرچەندە پێشتر ئەلڤارۆ ئەربیلووای راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند ئمباپێ هیچ كێشەیەكی نییە.
رۆژنامە فەڕەنسییەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەژنۆی چەپی كیلیان ئمباپێ، هێشتاش مایەی ئازارە بۆی، هەمووانیش لە نێو ریاڵ مەدرید هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترە یاریی پێ نەكرێ تا چاك دەبێتەوە.
لێدوانەكانی ئەربیلووا و لیكیپی فەڕەنسی دژی یەكن، بە جۆرێك ڕەنگە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید سەرەڕای ئازاری ئمباپێ، بەڵام بەشداریی یارییەكانی پێ بكات.
رۆژنامە فەڕەنسییەكە باسی لەوەش كرد، كە بە پێی ئەو زانیارییەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی رایگەیاندووە، ئەگەر هەیە بە بەشداریكردنی ئمباپێ لە یارییەكاندا، پێكانەكەی زیاتر و مەترسیدار بێ و تەنانەت كاریگەریی لەسەر بەشداریكردنی لە مۆندیالیش لێ بكات، كە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریكا و مەكسیك و كەنەدا بەڕێوە دەچێ.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، سەركردایەتیی ریاڵ مەدرید، پێشنیازی ئەوەی بۆ كیلیان ئمباپێ كردووە، لە ماوەی وەستانی داهاتووی نێودەوڵەتیی لە 23 تا 30ی ئادار، پشوو وەربگرێ.
یانەی بەرشلۆنە وەڵامی لیژنەی ناوبژیوانانی لەبارەی گۆڵەكەی جیرۆنا دایەوە
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، وەڵامێكی فەمیی ڕاپۆرتی لیژنەی هونەریی ناوبژیوانان دایەوە، لە بارەی ئەو بڕیارە مشتومڕهێنەرەی ناوبژیوان سیزار سۆتۆ لە یارییەكەیان بەرانبەر یانەی جیرۆنا لە گەڕی 24ی لا لیگا دای، لەو یارییەی بەرشلۆنە یارییەكەی بە ئەنجامكی 1-2 گۆڵ دۆڕاند.
مشتومڕی یارییەكە و ئەنجامەكە، لەسەر گۆڵی بردنەوەی یانەی جیرۆنا بوو، كە پێشتر خاوەن گۆڵەكە، فاوڵی لە دژی یاریزانی بەرشلۆنە كۆندێ كردبێ، بەڵام ناوبژیوان بەڕێی كرد و نەگەڕایەوە سیستەمی لێدانەوەی ڤیدیۆ (ڤار).
لە ڕاپۆرتی خۆیدا، لیژنەی هونەریی ناوبژیوانان دانی بە هەڵەكەیدا ناو رایگەیاند: دەبوو سزای یاریزانەكەی جیرۆنا بە فاوڵ بدرێ و كارتی زەرد بە یاریزانەكە درابا، دەبوو یاریدەدەری ناوبژیوان بۆ ڤیدیۆ، هاتبا ناو ڕووداوەكە، چونكە فاوڵەكە زۆر ڕوون بوو.
یانەی بەرشلۆنە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەی دایەوە و لە هەژماری فەرمیی یانەكە لە پێگەی ئێسك، پۆستێكی كرد.
یانەی بەرشلۆنە نووسیویەتی: داننان بە هەڵەدا هەنگاوێكی گەورەیە و هەنگاوی دووەم دووركەوتنەوەیە لە هەڵە.
فران بێلتران، لە خولەكی 86ی یارییەكە گۆڵی دووەمی مشتومڕهێنەری یانەی جیرۆنا لە گەڕی 24ی لا لیگادا تۆمار كرد، ئەو گۆڵەی بە هۆی ڕۆڵی یاریزانی خوازراو لە مانچستەر سیتی (كڵاودیۆ ئیچیڤێری) بوو، كە وای كرد كۆندێ بە توندی لە گۆزینگیدا تووشی پێكان بێ.
ئەو گرتەیەی یارییەكە، مشتومڕی زۆری لە نێوان شارەزایان و ناوبژیواناندا دروست كرد، بەشێكیان هاوڕای بڕیاری ناوبژیوان بوون بەوەی فاوڵ لەسەر یاریزانەكە نەژمێردرا، بەشێكی دیكەیان دژی بڕیارەكە بوون و پێیان وایە گۆڵەكە بە ڕوونی دیارە كە پێشتر فاوڵ بووە.
لەو نێوەندەدا ئەوەی زیانمەند بوو، یانەی بەرشلۆنە بوو، كە دوو خاڵی زۆر بە نرخی بەهۆی ئەو هەڵەیەوە لە دەست دا و لە پێشەنگییشی خست، بەڵام هەر زوو گەڕی دواتر گەڕایەوە پێشەنگی خولەكە.

