مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕۆناڵدۆ هەڵوێستی خۆی لەسەر مانەوە لە خولی سعوودیە راگەیاند
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، دەنگۆكانی لە بارەی رۆیشتنی لە خولی رۆشەن – سعوودیە ڕەت كردەوە.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالیی یانەی نەسری سعوودی، كۆتایی بەو مشتومڕە هێنا كە لەسەر داهاتووی ئەو لە یانەی نەسڕ و خولی سعوودیە هەبوو و وا بڵاو كرایەوە ڕۆناڵدۆ ئەو خولە جێ دەهێڵێ و دەگەڕێتەوە ئەورووپا.
دوای كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكە و دابڕان لە دوو یاریی یانەكە بە هۆی نیگەرانییەكانەوە، مێدیاكان بە گەرمی هەواڵی رۆیشتنی ڕۆناڵدۆیان بڵاو كردەوە. هاوكات نیگەران بوو لە سندووقی خولەكە، بەو هۆیەی یانەی هیلالی ڕكەبەریان، پاڵپشتییەكی باشتر كرا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا.
ڕۆناڵدۆ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی هەشتی سعوودیە، ڕایگەیاند: هەر وەك چەندان جار و لە چەند بۆنە وتوومە، من سۆز و هەستم بۆ بۆ شانشینی سعوودیەی عەرەبی هەیە، وڵاتێكە پێشوازیی لە خۆم و ماڵباتەكەم و هاوڕێكانم بە شێوەیەكی زۆر باش كرد، من لێرە دڵخۆش و ئاسوودەم، هیوادارام لێرە بەردەوام بم.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئاماژەیشی بەو سەركەوتنە گرنگەكەی یانەی نەسڕ بەسەر حەزم بە چوار گۆڵی بێوەڵام دا، لەو یارییەی شەممەی ڕابردوو لە گەڕی 23ی خولی سعوودیە بەڕێوە چوو، كە تێیدا ڕۆناڵدۆ دوو گۆڵی تۆمار كرد.
ڕۆناڵدۆ لەو رووەوە وتی: یارییەكەمان بە شێوەیەكی زۆر باش دەست پێ كرد، چەندان هەلی گەورەمان ڕەخسان، ئەوە ڕای منە كە دەبوو گۆڵی زیاترمان تۆمار بكردایە.
دەركی بەوەش كرد: بەڵام ئەوەی زۆر گرنگترە بردنەوەی یارییەكەیە و جارێكی تریش گۆڵمان لێ نەكرا، من دڵخۆشم بەو سەركەوتنە و هەروەها گۆڵانەی تۆمارم كرد.
ئەفسانە پورتوگالییەكە، وتیشی: گرنگترین شت بەرەوپێشچوونە، ئێمە ئێستە لە پێشەنگی خولەكەداین، ئەوەی لەسەرمان بووە كردوومانە، بردوومانەتەوە و فشارم لەسەر هیلال دروست كردووە، داوا دەكەم چاوەڕێ بكەین بزانین تا كۆتایی وەرز چی ڕوو دەدا.
وتیشی: ئێمە لەسەر ڕێرەوێكی ڕاستداین، ئامادە بووین و باشیش بووین و متمانەمان هەیە، لە یارییەكەوە بۆ یارییەكی دیكە باشتر دەبین، با ببینین لە كۆتاییدا چی دەبێ.
یانەی نەسڕی سعوودی چووە پێشەنگی خولی سعوودیە، دوای سەركەوتنە گەورە و گرنگەكەی بەسەر یانەی حەزمدا، ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 55 خاڵ و بە جیاوازیی خاڵێك كەوتە پێش هیلالی ڕكەبەری، كە لەم گەڕەدا بە گۆڵێك لەگەڵ یانەی ئیتیحاددا یەكسان بوو و گەڕایەوە خانەی دووەم.
پێشتر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ٤١ ساڵان هۆشداریی پێ درابوو لەلایەن بەرپرسانی خولی رۆشەن، بەوەی هیچ یاریزانێک ڕێگەی پێنادرێت کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارانە هەبێت کە لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆی گواستنەوەی یاریزانانەوە دەدرێن، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە خەرجکردنی زیادەڕۆیی یانەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی دارایی.
تەنانەت ڕەوشی نێو یانەی نەسڕی سعوودی بە جۆرێک شێوا، ڕاپۆرتی مێدیاكان باسیان لەوە کرد، جۆرجی جیسۆسی پورتوگالی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی نەسڕ، چارەنووسی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ نەسڕ و مانەوەی لەو یانەیە لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، وابەستەی هەڵوێستی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ كردووە.
رۆناڵدۆ بە هۆی ناڕەزایەتییەكانیەوە، بە كردار دوو یاریی بایكۆت كرد، بەڵام دواتر سەرجەم مەرج و داواكارییەكانی ڕۆناڵدۆ قبووڵ كرا و گەڕایەوە یارییەكانی یانەكەی.
جارێكی دیكە قسە بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر وترا و دۆسیەیەكی لەسەر كرایەوە
هەرچەندە ڤینیسیۆس جۆنیۆر رۆژی شەممە گۆڵێكی تۆمار كرد، بەڵام یانەكەی بەرانبەر یانەی ئۆساسۆنای میوانداری شكستی خوارد. ئەوەش لە یارییەكانی خولی ئیسپانیا بوو.
ڤینیسیۆس تاكە گۆڵی ڕیاڵ مەدریدی لە یاریگەی ئیل ساداری تایبەت بە ئۆساسۆنادا لە خولەكی 73ـداا تۆمار كرد و ئاهەنگی گێڕا و ئاماژەی بە ناوی دا كە لەسەر پشتی درێسەكەی بوو، دەستی بۆ زەویی درێژ كرد و وتی من لێرەم.
بەڵام فیكەی ناڕەزایی لە لایەن هاندەرانی یانەی ئۆساسۆناوە لە ماوەی یارییەكەدا لە دژی بەرز كرایەوە، هەروەها دروشمی ڤینیسیۆس، تۆپی پێی كەناراوەكانی لە دژ وترا، وەك ئاماژەیەك بۆ شكستی لە بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ساڵی 2024، هەروەها بەشێكی هاندەران وشەی تۆنتۆیان پێی وت، كە لە زمانی ئیسپانیدا واتەی گەمژە دێت.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی زە ئەتلەتیك، دەستەی خولی ئیسپانیا ئێستە لە لێكۆڵینەوە لەو دروشمە ڕقاوییانە دەكەن كە لە دژی ڤینی دەوترێتەوە، بە تایبەت لەوەی لە یارییەكەی ئۆساسۆنادا بیسترا.
بۆ بیرهێنانەوە، لە یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و بەنفیكای پورتوگالی لە چامپیۆنس لیگ، هەرایەكی گەورە دروست بوو، كاتێك ڤینیسیۆس، یاریزانی یانەی بەنفیكا جیانلۆكا پریستیانی ئەرژەنتینی بەوە تۆمەتبار كرد كە سووكایەتیی ڕەگەزپەرستیی پێ كردووە لەو یارییەی ریاڵ مەدرید و بەنفیكا، كە مێرەنگی 1-0 گۆڵ یارییەكەی بە تاقەگۆڵی ڤینی بردەوە، لەو یارییەی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕكەبەرییەكانی چامپیۆنس لیگ بەیەك گەیشتن.
كاتێك ڤینی گۆڵەكەی تۆمار كرد، هەردوو یاریزان دەمەقاڵێیان لە نێواندا رووی دا، دواتر یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بەرەو ڕووی ناوبژیوان ڕای كرد و پێی ڕاگەیاند یاریزانە ئەرژەنتینییەكە وشەی ڕەگەزپەرستانەی لە دژی بەكار هێناوە، لەو كاتەی بە درێسەكەی ڕووخساری داپۆشیبوو. هەرچەندە جیانلۆكا پریستیانی، لە لێكۆڵینەوەی یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپادا، ڕەتی كردەوە وشەی ڕەگەزپەرستیی دژی ڤینی وتبێ، بەڵام یانەی ریاڵ مەدرید سوورە لەسەر ئەو دۆسیەیە و تەنانەت رایگەیاندووە، كە كیلیان ئمباپێ، 5 جار وشەی ڕەگەزپەرستیی لە پریستیانییەوە بۆ ڤینی گوێ لێ بووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز بە هۆی شكستەكەیانەوە لە ئەربیلووا تووڕەیە
یانەی ریاڵ مەدرید، لە كاتێكی خراپدا لە خولی ئیسپانیا شكستی خوارد، لەو یارییەی لە گەڕی 25ی لا لیگادا بەرانبەر ئۆساسۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شكستی خوارد.
لەو یارییەدا كە ریاڵ مەدرید شكستی خوارد، بڕیارەكانی ناوبژیوان بوونە جێی مشتومر، بەو پێیەی بڕیارەكانی ڕێڕەوی یارییەكەیان گۆڕی و تا دواساتیش كاریگەریی لەسەر یاریزانان هەبوو.
لەو یارییەدا، ناوبژیوان زیاتر لە جارێك بۆ تەكنینی سەیركردنەوەی ڤیدیۆ (ڤار) گەڕایەوە، دیارترینیان ژماردنی لێدانێكی سزا بوو بۆ یانەی ئۆساسۆنا، دوای پەشیمانبوونەوەی لە بڕیاری كارتی زەرد بۆ ئەنتی پۆدیمێری یاریزانی ئۆساسۆنا، كە بووە هۆی ئەوەی یانەی ئۆساسۆنا لە خولەكی 38ـدا ببێتە خاوەنی گۆڵێك. پێش ئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵی یەكسانبوون تۆمار بكا. دواتر لە خولەكی 90+2ـدا گۆڵێكی كوشندەی رائوول گارسیای ئۆساسۆنا، ریاڵ مەدریدی شۆ كرد و یارییەكەی لە بەرژەوەندیی یانەی خاوەن یاریگە یەكلا كردەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەنووسی ئیسپانیا پێپی ئەلڤاریز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكسەوە ئاشكرای كردووە، ڕەوشێكی تووڕەیی باڵی بەسەر بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریددا كێشاوە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكە، بە جۆرێك گرژییەكی توند لە نێو كارگێڕیی یانەكەدا بینراوە، بە هۆی ئەوەی پێیان وا بوو بە خراپی یارییەكە بەڕێوە براوە و بڕیارەكان هەڵە بوونە، بە تایبەت لە چركاسەتە یەكلاكەرەوەكاندا.
باسی لەوەش كرد، كە سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید فلۆرێنتینیۆ پێرێز، زۆر لە راهێنەری یانەكەی ئەلڤارۆ ئەربیلووا تووڕە بووە، لەو یارییەدا، بەو پێیەی نەیتوانی ژمارەی خاڵەكانی لە 60 بەرەو سەر ببات.
بەو سەركەوتنە گرنگەی یانەی ئۆساسۆنا، ژمارەی خاڵەكانی لەسەر حسابی ریاڵ مەدرید گەیاندە 33 خاڵ.

