مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
گارسیا: وزەی خۆمان بە چاودێریی یانەی دیكەوە بە فیڕۆ نادەین
خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە، لەبارەی چەند پرسێكی ئەم دواییەی خولی ئیسپانیاوە قسەی كرد.
خوان گارسیای گۆڵپارێزی بەهرەوەری یانەی بەرشلۆنە، داوای لە هاوڕێكانی كرد، كە جیاوازی لە نێوان لێكدانەوەی ناوبژیوانان و ئەركە هونەرییەكاندا لە نێو لاكێشەی سەوزدا بكەن، بۆ ئەوەی ئارامیی ژووری جلگۆڕین بپارێزین.
لەبارەی ئەوەی ڕای ئەو لەسەر چەند لێدانێكی سزا چییە كە بۆ ریاڵ مەدریدی ڕكەبەریان ژمێردراوە و مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، گارسیا ئەوەی خستە روو، كە تەنیا سەرنج دەخاتە سەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بەرشلۆنەوە هەیە.
لە بارەی ئەو حاڵەتەی یاریزانانی ریاڵ مەدرید لە نێو هێڵی سزای تیپی بەرانبەردا خۆیان هەڵدەدەن و ناوبژیوان سزایان بۆ دەژمێردرێ، وتی: پێویست ناكا وزە و هێزی خۆمان لەو كاروبارانەدا بە فیڕۆ بدەین، جگە لەو كاروبارانەی پەیوەندییان بە ئێمە و یانەكەمانەوەیە، چونكە ئێمە بەشێك نین لەو یارییانەی دیكە.
دەشڵێ: بە فیڕۆدانی وزە و هێز لە چاودێریكردنی بڕیارەكانی ناوبژیوان بۆ یاریی یانەكانی دیكە، كارێكی سووبەخش نییە وبە هیچ جۆرێك ئەوەی رووی داوە ناگۆڕێ.
ئەو گۆڵپارێزەی یانەی بەرشلۆنە، باسی لەوە كرد كە دەیانەوێ وەكوو تەكتیك لەسەر تۆپی پێ كار بكەن و قسە بكەن، نەك ئەوەی لە نێو مشتومڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ون بی.
گارسیا نكۆڵی لەوە نەكرد كە هەڵبەزودابەز هەیە لە جێبەجێكردنی بنەما و یاساكانی تۆپی پێ، بە تایبەت كە سیستەمی ڤار هەیە كە یارمەتیی ناوبژیوانان دەدا لەو دیمەنانەی بە خێرایی تێدەپەڕن، بەڵام هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ حاڵەتەكان لە ناوبژیوانێكەوە بۆ ناوبژیوانێكی دیكە دەگۆڕێ
ڕوونیشی كردەوە: یاساكان هەن، بەڵام جێبەجێكردنی پشت بە لێكدانەوەی هەر ناوبژیوانێك دەبەستێ، بە تایبەت كە ئەو دیمەنە بە هێواشی لەسەر شاشە دەبینێتەوە, لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدان بۆ باشبوون ئەركی هەمووانە، یاریزانان وناوبژیوانان.
دوور لە هەرای بڕیارەكانی ناوبژیوانان، گارسیا باسی لەو ڕاستییە كرد، كە ئاستی بەرگریی یانەكەیان پاشەكشەی كردووە، بەڵام ئەو دەستە و دامەزراوەیەی وای كرد بەرشلۆنە وەرزی ڕابردوو ناسناوەكە ببات، هێشتا بەهێزە، بەڵام مەترسییەكی زۆر هەیە.
دەشڵێ: زۆر فاكتەرمان هەیە بۆ باشبوون، كارەكە وابەستەی چەند وردەكارییەكی بچووكە، وەكوو زانینی پێگە و ڕۆڵی هەر یاریزانێك بە وردی و لە هەر ئان و ساتێكدا، ئەو كاتەی یاریزانەكە لە چوارچێوەی تەكتیكی دەردەچێ یان هەوڵ دەدا ڕۆڵی زێدەی داوانەكراو ببینێ، كەموكورتی دەكەوێتە نێو سیستەمە بەكۆمەڵەكەوە، ئێمە ئێستە لە قۆناغی شیكردنەوەی وردداین بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكە و گەڕانەوە بۆ ئەنجامە گرنگەكان.
یانەی پۆرتۆ بە فەرمی چووە نێو جەنگی ڤینی جۆنیۆر و پریستیانییەوە
یانەی پۆرتۆی پورتوگالی، داوا لە یەكێتیی تۆپی پێی پورتوگال دەكا، یارمەتیی هاوڕیزە ئەورووپییەكەی بدات.
یانەی پۆرتۆی پورتوگالی، بووە لایەنێكی تەرەفدار لە دۆسیەی هەڵایساوی نێوان یاریزانی بەنفیكا جیانلۆكا پریستیانی و ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر، داوای كرد كە جووڵە و كاری پێویست بۆ پارێزگاری لە شكۆی تۆپی پێی پورتوگالی بكا.
بە پێی زانیارییەكای رۆژنامەی ئەی بۆلای پورتوگالی، كارگێڕیی یانەی پۆرتۆ، یاداشتێكی فەرمیی پێشكەشی هەریەك لە دەستەی خولی پورتوگالی و یەكێتیی تۆپی پێی پورتوگال كرد، تێیدا ئەوەی بە پێویست زانی كە سیاسەتی نالێبوردەیی لەم جۆر پێشێلكارییانەدا پەیڕەو بكات. داوای كرد ڕێوشوێنی وەها بگرنە بەر كە ڕێ لە دووبارەبوونەوەی كاری لەو شێوەیە بگرێ، بە تایبەت لەو رووداوانەی لە نێو یاریگەدا شۆككەرن.
یانەی پۆرتۆ، داوای كردووە بەرپرسانی خولی پورتوگال، هەڵوێستێكی بەكۆمەڵ و یەكلاكەرەوەیان هەبێ، كە نوێنەرایەتیی یانە وەرزشییەكان بكا لە دژایەتیی ڕەگەزپەرستی. دووپاتی دەكاتەوە كە بێدەنگبوون لەم حاڵەت و رووداوانەدا، زیان بە بەهای وەرزش دەدات.
هەروەك یانەكە داوای لە یەكێتیی تۆپی پێی پورتوگال كرد، بە ڕۆڵی خۆی هەستێ و هەر جۆرە پشتیوانییەك پێشكەش بە یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا لە لێكۆڵینەوەكاندا بكا، بۆ مسۆگەركردنی دەرخستنی تەواوەتیی راستییەكان.
لەلایەكی دیكەوە، جیانلۆكا پریستیانی، یاریزانی یانەی بەنفیكا لە لێكۆڵینەوەی یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپادا، دانی بەوەدا نا كە وشەیەكی ناشیرینی دەرهەق بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەربڕیوە. بەڵام پریستیانی ڕەتی كردەوە وشەی ڕەگەزپەرستانەی لە دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەكار هێنابێ، لەو رووەوە رایگەیاند: دەمەوێ ڕوونی بكەمەوە، هیچ كاتێك هیچ وشەیەكی ڕەگەزپەرستیم دژی ڤینی جۆنیۆر بەكار نەهێناوە، بە داخم بەوەی بە هەڵە تێگەیشت و بە هەڵە گوێی لێ بوو، لەگەڵ هیچ كەسێكدا ڕەگەزپەرست نیم و بە داخم بۆ ئەو هەڕەشانەی لە یاریزانانی ریاڵ مەدریدەوە پێم گەیشتووە. لای خۆیەوە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، پریستیانی بە كەسێك ترسنۆك ناو برد.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، لێكۆڵینەوەی لەو رووداوە دەست پێ كردووە، پریستیانی لێكۆڵەرانی لەوە ئاگەدار كردووەتەوە كە وشەی ئاسایی هاوڕەگەزخوازانی بەرانبەر ڤینی بەكار هێناوە، نەك وشەی ڕەگەزپەرستانە.
ئەو یاریزانە 20 ساڵانەی بەنفیكا، دەڵێ: بە ڤینیسیۆسم وت، هاوڕەگەزخواز، نەك پێم وتبێ مەیموون، هەروەها دواتر لە ڤیدیۆكانەوە دەردەكەوێ، كە پریستیانی بە ئاشكرا و بێ ئەوەی دەمی داپۆشیبێ ئەو وشەیە بۆ ڤینیسیۆس بەكار دێنێ.
یاریزانانی یانە پورتوگالییەكە لەو شێوازی ئاهەنگگێڕانەی ڤینی بۆ گۆڵەكەی تووڕە بوون، بۆیە لەگەڵ چەند یاریزانێكی ئەو یانەیە بەركەوتنی هەبوو تا گەیشتە حاڵەتەكەی پریستیانی. دواتر خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری بەنفیكا، ڕەخنەی لە ڤینی جۆنیۆر گرت بە هۆی گاڵتەكردن بە یاریزانانی یانەكەی.
لای خۆیەوە یانەی ریاڵ مەدرید رایگەیاندووە، كە كیلیان ئمباپێ، 5 جار وشەی ڕەگەزپەرستیی لە پریستیانییەوە بۆ ڤینی گوێ لێ بووە.
بۆ زانین، ڤینیسیۆس، یاریزانی یانەی بەنفیكا جیانلۆكا پریستیانی ئەرژەنتینی بەوە تۆمەتبار كرد كە سووكایەتیی ڕەگەزپەرستیی پێ كردووە لەو یارییەی ریاڵ مەدرید و بەنفیكا، كە مێرەنگی 1-0 گۆڵ یارییەكەی بە تاقەگۆڵی ڤینی بردەوە، لەو یارییەی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕكەبەرییەكانی چامپیۆنس لیگ بەیەك گەیشتن.
كاتێك ڤینی گۆڵەكەی تۆمار كرد، هەردوو یاریزان دەمەقاڵێیان لە نێواندا رووی دا، دواتر یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بەرەو ڕووی ناوبژیوان ڕای كرد و پێی ڕاگەیاند یاریزانە ئەرژەنتینییەكە وشەی ڕەگەزپەرستانەی لە دژی بەكار هێناوە، لەو كاتەی بە درێسەكەی ڕووخساری داپۆشیبوو.
سلۆت وەڵامی واین روونیی دایەوە: تۆ تەنیا كەسی كە شكۆم نابینی
ئارنی سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، وەڵامی لێدوانێكی واین روونی، ئەفسانەی تۆپی پێی مانچستەر یونایتدی دایەوە، كە تێیدا رایگەیاندبوو راهێنەر هۆڵەندییەكە شكۆی پێویستی بۆ سەركردایەتیی یانەی لیڤەرپوول نییە.
روونی گومانی خستە سەر ڕادەی گونجانی سلۆت بۆ ئەو پێگەیە، بەو پێیەی لە بەرنامەی زە ئۆفەرلابدا رایگەیاندبوو: چەند جارێك بینیومە، كەسێكی نەرمونیانە، بەڵام پێم وایە ئەو شكۆیەی نییە كە پێویستە هەتبێ لە لیڤەروپول، ڕەنگە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە یەكسەر لە دوای یۆرگن كلۆپ هات، وەك سەختیشە كە هەموو كەسێك ئەو پێگەیەی هەبێ، بە ڕاستی من ئەو شكۆیەی تێدا نابینم.
هەروەها واین روونی، شێوازی یاریكردنی سلۆتی بە نامۆ دانا، دەڵی وەك ئەوەیە لە حاڵەتی هەڵسەنگاندن و تاقیكردنەوەدا بێ بۆ پارێزگاری لە پێگەكەی، سەرەڕای ئەوەی بەم دواییە ناسناوی خولیشی بردووەتەوە، پێشی وایە بە شكستخواردن لە گەیشتنی لیڤەرپوول بۆ شیاندنی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، وای لێ دەكات ئەو راهێنەرە دوور بخرێتەوە، لە كاتێكدا ئێستە لیڤەرپوول لە خانەی شەشەمی خولی پرێمەر لیگدایە پێش یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرانبەر نۆتینگهام فێرست.
رۆژنامەی گاردیانی بریتانی، وەڵامی ئارنی سلۆتی بۆ واین روونی گواستووەتەوە، كە دەڵێ: ئێمە هەموومان جیاوازین، تاكە شتێك كە لە نێوان من و كلۆپدا هاوبەشە، بردنەوەی ناسناوی پرێمەر لیگە، ئەمەش كارێكی خراپ نییە، وایە؟ بڕوام وایە كە گەر راهێنەر ناسناوی زۆرتر ببات، شكۆی زیاتر دەبێ. نازانم چەند هاوڕان لەگەڵ واین روونی، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕای گشتی بێ، پێدەچێ خەڵك پێت بلاێن وەرزی ڕابردوو لەم وەرزە بەشكۆتری.
سلۆت وتیشی: ڕەنگە ڕوونی تاكەكەس بێ خاوەن ئەو بۆچوونە بێ، ئێوە پێتان وتم، ئەمە یەكەمجارە گوێم لەم جۆرە قسەیە دەبێ، بەڵام ئەوە هەقبێژییە كە بگورتێ كلۆپ شكۆی هەبوو، دەكرێ قسەی لەسەر بكەین، نەك لەسەر من، ئەو بەبێ گومان هەیەتی، بەڵام راهێنەری سەركەوتوویش بە هەمان شێوە شكۆی هەیە.
سلۆت بەم جۆرە كۆتایی بە قسەكانی هێنا: پێم خۆشە ئەو كارە بكەم كە ئێستە دەیكەم و ئەمە بەسمە، گرنگ نییە كام كەس لە یانەكە گرنگتر یان گرنگترینە، پێم وایە ئەوان هەمیشە پاشان، وا نییە؟ پێویستە بەڕێوەبەری وەرزشی و بەڕێوەبەری هونەری دەستنیشان بكەن، گەر بڕیاری دروستیان گرتە بەر، هەلی سەركەوتن زیاتر دەبێ.
زیدان دوای 5 ساڵ دەگەڕێتەوە ئەركی راهێنەرایەتی
وا دیارە ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسی زینەدین زیدان، نزیك بووبێتەوە لە گەڕانەوە بۆ كورسیی بەڕێوەبەری هونەریی یانەی ریاڵ مەدرید دوای 5 ساڵ لە دابڕانی، لەو كاتەی لە 27ی مانگی 5ی ساڵی 2021 ریزەكانی ریاڵ مەدریدی بە جێهێشت.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی متمانەپێكراو و شارەزای بازاڕی گواستەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، زیدان لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا بە شێوەی زارەكی گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026ـدا ئەركی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا بگرێتە ئەستۆ.
راهێنەری ئێستەی هەڵبژاردەی فەرەنسا (كەڵەشێرەكان) چارەنووسی یەكلا بووەتەوە، بەوەی لە دوای مۆندیالی 2026 و بەشداریكردنی لەو مۆندیالە، واز لە ئەركەكەی دەهێنێ.
دیشامپ بەم دواییە رایگەیاندبوو كە بەو بڕیارە هەست بە ئاسوودەیی و پشوودانێكی باش دەكات، دەشڵێ: لە خولی داهاتووی نەتەوەكانی ئەورووپا ئامادە نابێ
چاوەڕێ دەكرێ زینەدین زیدان لە دوای مۆندیالی 2026ی ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك، بە شێوەی فەرمی ئەركی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا بگرێتە ئەستۆ. واتە زیدان لە خولی نەتەوەكانی ئەورووپا سەرپەرشتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەكا، لە گرووپێكی بەهێزیشدایە، كە هەریەك لە ئیتاڵیا، بەلژیكا و توركیای لە هاوشاندایە.
زینەدین زیدان، لە ساڵی 2019 تا 2021 راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بوو، دوای ئەو ماوەیە دەستی لە كار كێشایەوە.

