مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
مستەفا قابیل، ئەستێرەی یانەی هەولێر بەهۆی پێكانەوە لانیكەم بەشداریی 3 یاریی داهاتووی یانەكە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ناكات و پێشبینی دەكرێت چارەنووسی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقیش بكەوێتە مەترسی.
دوای ئەوەی مستەفا قابیل، هێرشبەری یانەی هەولێر لە یاریی دێربی كوردستان بەرامبەر یانەی زاخۆ تووشی پێكان بوو، پێشبینی دەكرێت نزیكەی دوو مانگی پێویست بێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی چاك بێتەوە.
لە گەڕی هەژدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە یاریی نێوان هەولێر و زاخۆ مستەفا قابیل لە هەمان شوێنی پێشووی پێكانەكەی سەریهەڵدایەوە و بەهۆیەوە نەیتوانی نیوەی دووەمی یارییەكە بەرامبەر زاخۆ تەواو بكات و یاریگەی جێهێشت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر مستەفا قابیل لە بەشی پێشەوەی رانی راستی تووشی پێكان بووە، ئەم وەرزە سێیەمین جارە لە هەمان شوێن تووشی پێكان دەبێتەوە، دەستەی پزیشكی یانەی هەولێر پشكنینی بۆ مستەفا قابیل كردووە و گرەنتی داوە ئەگەر دوو مانگ لە یاریكردن دووربكەوێتەوە بە تەواوەتی چاك دەبێتەوە.
مستەفا قابیل پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق تووشی ئەو پێكانە بووە و لە رێگەی راپۆرتێكیش یانەی هەولێر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیان لە وردەكاری پێكانەكەی مستەفا قابیل ئاگادار كردووەتەوە.
دەستەی پزیشكی یانەی هەولێر داوایان لە مستەفا قابیل كردووە لەسەر پێكانەكەی ئارام بگرێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی چاك بێتەوە، چونكە لە پشكنینەكەدا دەركەوتووە رانی مستەفا قابیل هەڵزڕاوە و بریندارە ئەگەر ئارام نەگرێت و بڕیار بدات زوو بگەڕێتەوە مەترسی دەكەوێتە سەر تەندروستی.
مستەفا قابیل بۆ یاریی پلەی ئۆفی مۆندیال بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوە و رەنگە بیر لەوە بكرێتەوە ئەوان مستەفای لەگەڵ خۆیان ببەن و ئەركی چارەسەر و چاكبوونەوەی بگرنە ئەستۆی خۆیان.
مستەفا قابیل، ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق پێنج گۆڵ و سێ ئەسیستی بۆ یانەی هەولێر كردووە، بە تەواوەتی یەكلایی بووەتەوە كە مستەفا قابیل بەهۆی پێكانەكەی بەشداریی 3 یاریی داهاتووی یانەكە بەرامبەر قاسم و دیالە و گەرمە ناكات.

