رۆژنامەی ھەولێر

لە ئۆڵمپیكی میلانۆی 2026 قاچێكی شكا و خەونەكەشی هاتەی

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

ئۆڵمپیكی زستانەی 2026ـی میلانۆی ئیتاڵیا بەردەوامە و خانمە خلیسكێنەرێكی ئیتاڵی لە تەمەنی 35 ساڵی یەكەمین مێدالیای ئۆڵمپیكی بەدەستهێنا و وەرزشوانەكانی دانیمارك و نەمسا و سوێدیش مێدالیای زێڕیان بردەوە، بەڵام لە رووداوێكی نەخوازراودا لێندسی ڤۆن، خانمە وەرزشوانی ئەمریكا مێدالیایەكی بردەوە و قاچیشی شكا.

فیدریكا مێدالیای زێڕی لە مل كرا
لە چیای كۆرتینا لە میلانۆ یارییەكانی ئۆڵمپیكی زستانە بەردەوامە، لە ئاستی پێشبڕكێی خیلیسكانی (سوپەر جی) لەسەر ئاستی خانمان بەڕێوەچوو، ماوەی مەیدانی پێشبڕكێیەكە یەك كیلۆمەتر و نیو بوو، كە تێیدا خاوەنی خێراترین خلیسكێنەر پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
فیدریكا برینۆنی ئیتاڵی بە جیاوازی تەنیا 76 لە سەدای چركە گەیشتە خاڵی كۆتایی و مێدالیای زێڕی بەدەستهێنا، ئەمەش لە كاتێكدایە فیدریكای خلیسكێنەری ئیتاڵی دوای بەشداریكردنی لە چەندین ئۆڵمپیكی زستانە لە كۆتایی و لە تەمەنی 35 ساڵی یەكەمین مێدالیای زێڕی لە ژیانی وەرزشی خۆی بەدەستھێنا.

یەكەمین مێدالیای لە ژیانی وەرزشی بەدەستهێنا
هەر لە ئۆڵمپیكی زستانە پێشبڕكێی خلیسكانی فری ستایل بەڕێوەچوو، كوپەر وودسی ئوسترالی لە هەوڵدانی دووەمیدا خێراترین كاتی تۆمار كرد و لە نمایشكەكەشی ناوبژیوانەكان زۆرترین خاڵیان پێدا.
كوپەر یەكەمین مێدالیای ئۆڵمپیكی لە ژیانی وەرزشی خۆی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا مایكلی كەنەدی و هۆرۆشیمای ژاپۆنیش مێدالیای زیو و برۆنزی هەمان ئاستیان بەدەستهێنا.

كارلسۆن هەمووانی سەرسام كرد
هەر لە ئۆڵمپیكی زستانە پێشبڕكێی خلیسكانی 10 كیلۆمەتری خانمان بەڕێوەچوو، پێشبڕكێیەكە بە جۆرێكە هەر خانمە خلیسكێنەرێك بەجیا ركابەری دەكات و هەمووان پێكەوە نابن.
لە كۆتاییش فریدا كارلسۆن مێدالیای زێڕی بەدەستهێنا و هەمووانی سەرسام كرد كە تێیدا ماوەی 10 كیلۆمەتری بە 22 خولەك و 49 چركە و دوو لە دەیای چركە بڕی.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هەر لە ئۆڵمپیكی زستانە پێشبڕكێی سنۆو بۆردینگی ئاستی پیاوان بەڕێوەچوو، چوار خلیسكێنەر گەیشتنە قۆناخی كۆتایی و لە پاڵاوتنەكان پلەی یەكەمیان بەدەستهێنا كە تێیدا رێگەكە پڕبوو لە بەربەستی گەورە و پێچا و پێچ.
دوای ركابەرییەكی بەهێز و تێپەڕاندنی بەربەستەكان لە كۆتایی بە شێوەیەكی دراماتیكی و بە جیاوازییەكی زۆر كەم ئالیساندرۆ هامارلی مێدالیای زێڕی بەدەستهێنا.

خەونەكەی هاتە دی و قاچێكیشی شكا
لە ئۆڵمپیادی زستانەی میلانۆ، لێندسی ڤۆن خانمە وەرزشوانی ئەمریکی ئەنجامی باشی بەدەستهێنا، بەڵام تووشی رووداوێكی مەترسی بووەوە و خەریك بوو گیانی بكەوێتە مەترسی.
لە پێشبڕکێی خلیسکانی سەر بەفر لێندسی ڤۆن خانمە وەرزشوانی ئەمریکی، توانی کێبڕکێیەکی بەهێز لەگەڵ رکابەرەکانی بکات و لە کۆتاییدا، بە جیاوازی یەک چرکە و 39 لە سەدا چرکە، پێش ژاکلین وایلزی هاونیشتیمانی گەیشتە خاڵی کۆتایی.
لێندسی ڤۆن تەمەنی 41 ساڵە هەفتەی رابردوو تووشی روداوێکی هاتووچۆ بوو، بەڵام کۆلی نەدا و دوای راهێنانێکی قورس، بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیکی زستانەی کرد و لە یەکەم رۆژی پێشبڕکییەکانیش توانی ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت، بەڵام لە قۆناغی دواتر تووشی خلیسكان و بەریەككەوتن بوو بەهۆیەوە قاچێكی شكا و لە ئۆڵمپیكی میلانۆ دووركەوتەوە.

سەرنجی هەمووانی بە گریانەكەی راكێشا
لە پێشبڕكێی خلیسكانی سەر شەقام لە ئۆڵمپیكی زستانەی 2026 كە ئێستا لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت، گریانی جەیك پاوڵ بۆكسێنەری ئەمریكی، دوای ئەوەی دەزگیرانەكەی مێدالیای زێڕی ئۆڵێمپیكی بردەوە بووە ترێند.
جوتا لیدرامی، خانمە خلیسكێنەری هۆڵەندی تەمەن 27 ساڵ توانی لە ئۆڵێمپیكی زستانەی 2026 لە پێبڕكێی 1000 مەتری مێدالیای زێڕ بباتەوە.
لە پێشبڕكێیەكەدا جەیك پاوڵ، بۆكسێنەر و یوتیوبەری ناوداری جیهان ئامادە بوو كە تێیدا دوای سەركەوتنەكەی جوتا لیردامی دەزگیرانی، جەیك پاوڵ نەیتوانی فرمێسكەكانی رابگرێت و گریانەكەی لە خۆشی سەركەوتنی هاوڕێ كچەكەی لە سۆشیاڵمیدیا بووەتە ترێند، جگە لەوەش دڵخۆشی كچە هۆڵەندییەكە بێسنوور بوو بە بۆنەی ئەوەی مێدالیایەكی زێڕی بۆ وڵاتەكەی بەدەستهێنا.
جوتا لیدرامی، لە ئۆڵێمپیكی میلانۆی 2026 ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد، بەوپێیەی بە 0.28 چرکە ریكۆردێكی پێشووی خۆی شكاند، لە ساتەوەختی سەركەوتنەكەی لە خۆشیان چووە باوەشی جەیك پاوڵ و بەیەكەوە فرمێسكی خۆشیان ڕژاند.
لیدرامی لەبەردەم جەیك پاوڵی خۆشەویستی، بە گریانەوە گوتی: باوەڕم نەدەکرد، زۆر ماندوو بووم، بیركردنەوە لەو دەستكەوتە زۆر قورس بوو، بەڵام هەستم دەكرد زۆریش مەحاڵ نییە، ئێستا زۆر شانازی بەم سەرکەوتنە و ژمارەی پێوانەییە دەكەم كە لە ئۆڵێمپیك تۆمارم كرد”.
خانمە هۆڵەندییەكە گوتیشی: لە كۆتاییەكەدا كاتێك هەستم كرد پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە، تووشی سەرسوڕمان بووم، باوەڕم نەدەكرد، لە دڵی خۆمدا گوتم ئای خوایە گیان خەونەکەم هاتە دی! بەڕاستی باوەڕم نەدەکرد.
لیدرامی هۆڵەندی ژمارەی پێوانەیی خانمە خلیسمێنەری ژاپۆنی میهۆ تاكاگی شكاند كاتێك لە ئۆڵمپیكی پەكینی 2008 بە یەك خولەك و دوازدە چركە خاوەنی خێراترین ژمارەی پێوانەیی ئۆڵێمپیك بوو.
جەیك پاوڵ و جوتا لیدرام ماوەی 11 مانگە پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری لە نێوانیاندا دروست بووە و وەكو دەزگیرانی یەكتر دەبینرێن، پێش چوار ساڵ بۆ یەكەمجار لیدرامی مێدالیای زیوی لە چین بردەوە، بەڵام ئەمجارە بووە خاوەنی مێدالیای زێڕی ئۆڵێمپیك.

وەرزشوانانی نەرویج لە ئۆڵمپیكی 2026 ریكۆردیان تۆمار كردووە
ركابەرییەكانی ئۆڵمپیكی 2026ـی میلانۆ بەردەوامە، هەڵبژاردەكانی ئەورووپا پێشەنگیان گرتووە و زۆرترین مێدالیای جۆراو جۆریان بەدەستهێناوە.
هەڵبژاردەی نەرویج، خاوەنی زۆرترین مێدالیای جۆراوجۆرە، تاكە هەڵبژاردەیە زۆرترین مێدالیای زێری بردووەتەوە كە 12 دانەیە، لەگەڵ 7 میدالیای زیو و 9 مێدالیای بڕۆنز، كۆی گشتی بە بردنەوەی 28 مێدالیا لوتكەی ریزبەندییان گرتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئیتاڵیای میوانداری ئۆڵمپیكی زستانەی 2026 بیست و سێ مێدالیای بردووەتەوە، هەروەها هەڵبژاردەكانی ئەمریكا بە 19 مێدالیا و هۆڵەندا 12 مێدالیا پلەكانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە، هەروەها وەرزشوانانی نەمسا 15 مێدالیایان بردووەتەوە و لە ریزبەندی پێنجەم دێن، بە هەمان شێوە سوید 11 مێدالیای بردووەتەوە، سویسرا 10، ئەڵمانیا و فەرەنسا هەریەكەیان چوار مێدالیای زێری بردووەتەوە، هەڵبژاردەی ژاپۆن وەكو نوێنەری كیشوەری ئاسیا تەنیا 3 مێدالیای زێری بەدەستهێناوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئوسترالیا لە ریزبەندی یازدەیەم دێت و تەنیا پێنج مێدالی بردووەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەرزشوانانی چین لە ئۆڵمپیكی زستانەی 2026 تا ئێستا هیچ مێدالیایەكی زێڕیان نەبردووەتەوە، تەنیا خاوەنی 3 زیو و 2 بڕۆنزن.