ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
5 یاریزانی یانە كوردستانییەكان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەكرێن
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین دوو یاریی یانە كوردستانییەكان ئامادە بوو، هاوكات بۆ لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەكەی بۆ یاریی پاڵاوتنی پلەی ئۆفی مۆندیالی 2026 بانگهێشتی 5 یاریزانی یانە كوردستانییەكان دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەوەی لە یاریی نێوان دهۆك و موسڵ ئامادە بوو، بڕیاری داوە ناوی ئەستێرەی یانەی دهۆك پیتەر گۆرگیس بخاتە نێو لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریی پلەی ئۆفی مۆندیالی 2026 كە بڕیارە یارییەكە رۆژی 31ـی مانگی داهاتوو لە وڵاتی مەكسیك بەڕێوە بچێت كە تێیدا عێراق رووبەڕووی براوەی یاریی بۆلیڤیا و سۆرینام دەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، گراهام ئارنۆڵد پێشتر بەنیاز بوو سیابەنگ عەگیدیش بۆ بەرگری لای چەپ بگوازێتەوە، بەڵام پەشیمان بووەتەوە و لە جیاتیان ئەحمەد عەلی ناوەراستكاری دهۆك یەكێكە لە بژاردەكانی راهێنەرە ئوسترالییەكە.
لە لایەكی دیكەیشەوە مستەفا قابیل، ئەستێرەی كوردی یانەی هەولێر یەكێكی دیكە دەبێت لەو یاریزانانەی لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە مستەفا قابیل، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەشداریی 12 یاری كردووە، 5 گۆڵ و 3 ئەسیستی تۆمار كردووە، لە دوایین یاریش بەرامبەر یانەی نەفت گۆڵێك و ئەسیستێكی كرد و دەیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە بۆ هەولێر بەدەستهێنا و یانەكەی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی سەرخست.
گراهام ئارنۆڵد بیر لە بانگهێشتكردنی كومەیل سەعدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێریش دەكاتەوە، جگە لەوەش هەردوو یاریزانی یانەی زاخۆ ئوسامە رەشید و شێركۆ كەریم لە پلانەكانی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوورنەخراونەتەوە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.

