رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆكی یانەی فلامینگۆ: دۆخی ڤینیسیۆس لە پاكێتا جیاوازە و ڤینی نایگەڕێنینەوە یانەكەمان

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دیكۆ: من كۆت و بەندی پۆستەكەم نیم، لەگەڵمدا نەگونجێ یەكسەر بەجێی دەهێڵم
بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنە، دووصپاتی كردەوە كە ئەو ڕازی بووە بەو پۆستە لە بەرشلۆنە، چونكە باوەڕی بە پڕۆژەكەی خوان لاپۆرتا هەبووە.
دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە كاتەلۆنیەیكە، ڕایگەیاند: بەردەوامبوونم لەم پۆستە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ گرێدراوی سەركەوتنی خوان لاپۆرتا دەبێ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و كارگێڕیی یانەكە كە بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوە بچێ.
ڕاشیگەیاند كە هاتووەتە نێو یانەی بەرشلۆنە، چونكە باوەڕی بە پڕۆژەكە هەبووە كە خوان لاپۆرتا سەرۆكایەتی دەكات.
ڤیكتۆر فۆنت، بەربژێری سەرۆكایەتیی یانەی بەرشلۆنە و ڕكەبەری خوان لاپۆرتا، بۆ ئێزگەی ڕاسی رایگەیاند، كە گەر سەركەوتن بە دەست بهێنێ، دیكۆ لە پلانی كاركردنی ئەودا نابێ.
ئەو لێدوانەی ڤیكتۆر، بووە پاڵنەر تا دیكۆ بە شێوەیەكی ڕاشكاو هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێ لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی.
دیكۆ ڕایگەیاند: پەیوەندیم لەگەڵ فۆنت باش نییە، بە تایبەت دوای ئەو ناكۆكییە یاساییەی كەوتە نێوانیان، لە پاشخانی لێدوانێكی دیكۆ دوای گرێبەستی ڤیتۆر ڕۆكی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە.
دیكۆ باسی لەوەش كرد: من هاتمە ئێرە چونكە باوەڕم بە پڕۆژەكەی لاپۆرتا هەبوو، كە ئامانجی بنیاتنانەوە بوو، بەردەوامبوونیشم بە هۆی باوەڕمە بە پڕۆژەكە كە چووەتە قۆناغی چەسپاندنەوە.
ئەستێرەكەی پێشووی بەرشلۆنە، ڕوونی كردەوە: ئەوە ڕوونە گەر لاپۆرتا لێرە نەبێ، كاروبارەكان دەگۆڕێن، هەروەها منیش لە كارەكەم بەردەوام نابم، بابەتەكە پەیوەندیی بە ڤیكتۆر فۆنت یان كەسێكی دیكەوە نییە، بەڵكوو ئەوەیە كە باوەڕم بە پڕۆژەكە و بە ژیانی كەسیی خۆمەوەیە، گەر كارێكم بینی و لەگەڵ ژیانی من تێك نەكاتەوە، بەوپەڕی ئاسانییەوە دەڕۆم، سەرپشك و ئازادم لەوەی چ هەڵدەبژێرم، من كۆت و بەندی ئەو پۆستە نیم.
وتیشی: من لە پێناو بیرۆكەیەك هاتمە ئێرە، چونكە من لە هاندەرانی بەرشلۆنە بووم و ویستم یارمەتیی بدەم، من باوەڕم وابوو دەتوانم زیادەیەكم پێ بێ بۆ پڕۆژەكەی لاپۆرتا.
دیكۆ باسی لەوەش كرد، ئەو كارانەی لاپۆرتا زۆر بەرز دەنرخێنێ كە وەكوو سەرۆكی یانەكە لە نێو یانەكەدا كردوویەتی، هەر بۆیە ڕێزی ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی یانەكەی بە دەست هێناوە.
دیكۆ وتیشی: ئازادی كاركردنم هەیە، چونكە متمانەی كارگێڕیی یانەكەم بۆ بنیاتنانی بەرشلۆنەیەكی ڕكەبەر بە دەست هێناوە، بڕیارە وەرزشییەكان ئاڵۆزن، سەختیشە بەردەوام لە نێوان كارگێڕیی وەرزشی و راهێنەردا، هەمیشە سەركەوتوو بی. بە تایبەت كە هیچ راهێنەرێك 5 ساڵ نامێنێتەوە.
وتیشی: پێم وایە كە ئێمە لە دروستكردنەوەی یانەكەدا سەركەوتوو بین، ئەوەش متمانەی لای سەرۆك یانە لە كارەكە دروست كرد، من ئازادیم هەیە، بەڵام بڕیارێك بەبێ ئاگەداریی سەرۆك نادەم، وەكوو ڕێز بۆ ئەو، هەروەها لەبەر ئەوەی پەی بەوە دەبەم ڕوانگە و دیدی لە هی من جیاوازە، بڕیارەكان پێویستە دامەزراوەیی بن.
دیكۆ پێی وایە لاپۆرتا تێگەیشتنێكی قووڵی بۆ یاری هەیە.
ڕوونیشی كردەوە: سەرۆك مامەڵەی لەگەڵ ڕۆناڵدینهۆ، دیكۆ، چاڤی، مێسی، ئینیێستادا كردووە، هەریەك لەوانە دەستكەوتیان هەبووە، 10 ساڵ سەرۆك بوو، دواتریش 5 ساڵی دیكە، ئەو ئاشقی تۆپی پێیە، یۆهان كرۆیفیش ڕاوێژكاری بووە و زۆریش شارەزای تۆپی پێیە.
دەشڵێ: سەرۆك لە وردەكاریی رۆژانەدا ئامادە نییە، بەڵام دەبێ ڕێزی بۆچوونی بگیرێ، خۆ ئەگەر بۆچوون و بڕیارەكەی هەڵە بوو، دەبێ بە پاساوێكی بەهێز و ڕوون، بڕوای پێ بهێنرێ.

جیسۆس هۆكاری ڕاستەقینەی دابڕانی رۆناڵدۆی بەرانبەر ئەركاداج ئاشكرا كرد
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگال، بۆ سێیەمین یاریی لەسەریەك لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوود ئامادە نەبوو، بەڵام راهێنەرەكەی هۆكاری راستەقینەی دابڕانی لە یاریی سێیەم، ئاشكرا دەكات.
لەو یارییەی دوێنێ چوارشەممە لە نێوان نەسڕ و ئەركاداج لە یاریی چوونی خولی 16ی پاڵەوانانی ئاسیا 2 بەڕێوە چوو، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئامادە نەبوو.
رۆناڵدۆ هەر لەگەڵ شاندی یانەكەشدا گەشتی توركمانستانی نەكردبوو، بۆیە ئەوە سێیەمین یاریی لەسەریەكی بوو كە لەگەڵ یانەكەی داببڕێ.
بەهۆی ناڕەزایی لە شێوازی سندووقی خولی سعوودیە، رۆناڵدۆ وەكوو هەڵوێستێك لە هەردوو یاریی ڕابردووی یانەكەی لە خولی سعوودیە بەرانبەر ریاز و ئیتیحاد ئامادە نەبوو، داوای كرد مووچەی فەرمانبەرانی یانەكە بدرێ و پاڵپشتیی زیاتری سندووقەكە بكرێ.
بەڵام جیسۆس لە كۆنگرەی پێش یارییەكە رایگەیاند: من بڕیارم دا كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەشداریی یارییەكەی ئەركاداج نەكا، نەك ئەو ڕەتی كردبێتەوە یاری بكا.
دەشڵێ: بڕیاری دوورخستنەوەی ڕۆناڵدۆ و یاریزانە سەرەكییەكانم دا، بۆ ئەوەی پشوو بدەن.
راهێنەرە پورتوگالییەكەی یانەی نەسڕی سعوودی، وتیشی: نەسڕ چاوەڕوانی یارییەكی گرنگ و بەهێز لەگەڵ یانەی فەتح دەكات، بۆیە هەموان دەمانەوێ هەموو یاریزانان بە تەواوی بۆ ئەو یارییە ئامادە بن.
شەممەی داهاتوو، وادەی یارییە گرنگەگەی نێوان نەسڕ و فەتحە و چاوەڕێ دەكرێ رۆناڵدۆ دوای سێ یاریی دابڕان، بەشداری بكات.

سەرۆكی یانەی فلامینگۆ: دۆخی ڤینیسیۆس لە پاكێتا جیاوازە و ڤینی نایگەڕێنینەوە یانەكەمان
لەگەڵ كۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا، مشتومڕ لەسەر داهاتووی ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری بەڕازیلیی ریاڵ مەدرید زیاتر دەبێ.
تا ئێستە جۆنیۆر لەگەڵ كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید نەگەیشتووەتە ڕێككەوتن لە بارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، هەندێ ڕاپۆرتی مێدایی باس لەوە دەكەن ڕەنگە ڤینی لە ریاڵ مەدرید بڕوات.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر چەند بژاردەیەكی سەرنجڕاكێشی لەبەردەمدایە لەو بارەی بیەوێ لە ریاڵ مەدرید بروات، دیارترینیان گواستنەوەیەتی بۆ پرێمەر لیگ یان چوون بۆ خولی ڕۆشەنی سعووودیە. ڕاپۆرتگەلی دیكە باس لەوە دەكەن، ڕەنگە ڤینی بگەڕێتەوە بەڕازیل و یانەی فلامینگۆ، كە یانەی دایكە.
پێشتر فلامینگۆ سەركەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی یاریزانی پێشووتری پاكێتا بۆ ڕیزەكانی، ئەویشی لە ماوەی گواستنەوەی زستان ەلە وێست هامەوە بۆ ریزەكانی گواستەوە.
لەبارەی ئەو ئەگەرە، لویس ئیدواردۆ باپتێستای سەرۆكی یانەی فلامینگۆ، بە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی راگەیاندووە: لۆكاس پاكێتا ڕووبەڕووی بەربەستی كەسیی گەورە بووەوە، ئەوەی گرنگە بیری لەوە كردەوە لە وڵاتەكەی بێ، لە جێیەك كە هەست بكا بە ئاسوودەیی كار و پیشەكەی بكات. هەلی ئەوەی پێ درا بگەرێتەوە فلامینگۆ، لەو وڵاتەی تێیدا لە دیاك بووە، لەو یانەیەی لێوەی گەورە بوو.
گوتیشی: لۆكاس پاكێتا لە ریۆ دی جانیرۆیە و هاندەری فلامینگۆیە، لە ئەكادیمیای یانەكەش هەنگاو بە هەنگاو پێگەیشتووە، بەڵام پاكێتا گەر بیویستایە دەیتوانی لە ئەورووپا بمێنێتەوە، لە وڵاتانی دیكەوە گرێبەستی بۆ چوو، بۆیە دەیتوانی لە ئەورووپا بمێنێتەوە.
وتیشی: دڵنیایی تەواوم هەیە كە پاكێتا دەیتوانی لە ئەورووپا بمێنێتەوە و سامانی زیاتر دەست بخا لەوەی لێرە دەستی دەخات، بەڵام ڕەنگە بیری ماڵباتەكەی وكەشوهەوای بەڕازیل و هەرای هاندەرانی فلامینگۆی بكردایە، ئەمە ئەوەیە كە من لێی تێدەگەم و بە گرنگی دەبینم.
لەبارەی ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە، ڕوونی كردەوە: یاریكردنی ڤینی لەگەڵ پاكێتا لە فلامینگۆ لە ماوەیەكی كاتیدا، پێم وایە 2016 یان 2017، لەگەڵ تیپی لاوان یارییان كردووە، یان لەسەر ئاستی پیشەگەری، پێكەوە لە تیپی یەكەم 6 مانگ یارییان كردووە.
وتیشی: پەیوەندییەكی نایاب پێكیەوە گرێ داون، دوو هاوڕێن و هەردووكیان یاریزانی فلامینگۆ بوون، تەنانەت یەك بریكاریان هەبوو، بەڵام جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دۆخی لۆكاس پاكێتا لەم قۆناغە و ڕەوشی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا هەیە.
دەشڵێ: پاكێتا خێزانێكی هەیە لە ماڵەوە هەموو ڕۆژ چاوەڕێی دەكا، بەڵام ڤینی كەس لە ماڵەوە چاوەڕێی ناكات، لە دوو ڕەوشی جیاوازدان، ڤینی بژاردەیەكی تاوتوێكراو نییە بۆ فلامینگۆ، من دڵنیام گەر گرێبەستی ڤینی سەریش بگرێ، تێچوویەكی زۆر زیاتر لەوەی دەوێ كە بۆ پاكێتا بیری لێ دەكەینەوە، ئەمە بژاردەیەكی چاوەڕێكراو نییە، فلامینگۆ ناتوانێ ئەوە بكا.

مشتومڕی نێوان کاپتنی یانەی ریاڵ مەدرید و راهێنەری نوێی یانەکە گەیشتە کوێ؟
لە ڤاڵدێباس، شوێنی تایبەتی مەشقکردن و راهێنانەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، گۆڕانکارییەکی کەم ڕووی دا، دوای ئەو ڕووداوەی نێوان کارڤاخاڵ و ئەربیلووای راهێنەری یانەکە لەنێو کورسیی یەدەگەوە لە یاریی نێوان شایانە و ڤاڵێنسیا، ڕووی دا.
ریاڵ مەدرید بە دوو گۆڵێ بێ وەڵام ئەو یارییەی بردەوە، کە یەکشەممەی ڕابردوو لە نێوان خۆی و ڤاڵێنسیا لە گەڕی ٢٣ی لا لیگا لە یاریگەی مێستایای تایبەت بە ڤاڵێنسیا بەڕێوە چوو، فشارەکانی ریاڵ مەدرید لەسەر بەرشلۆنە بە گرتنی خانەی دووەم بە ٥٧ خاڵ درێژەی پێ درا.
دۆخی کارڤاخاڵ بەهۆی پێکانەوە درێژەی کێشا و چەند هەفتەیەک دواکەوت، دوای گەڕانەوەی، لە یاریکردن بە شێوەی سەرەکی بێبەش کرا، سەرەڕای یارینەکردنی ئەرنۆڵد و بەشداریپێکردنی ڤاڵڤێردی بە ناچاری لە هێڵی بەرگریی ڕاست.
گەڕانەوەی کارڤاخاڵ کاتێکی زۆری خایاند و وا دیار بوو شتێک لە پشت پەردەوە هەیە، لە یارییەکەی ڤاڵێنسیا ئەوە بە تەواوی دەرکەوت. چونکە لەو یارییەش، ئەربیلووا یاریی بە خێمێنزی بەرگریکاری ڕاستی گەنج کرد.
دواتر ئاربێلۆا ڤاڵڤێردی گواستەوە بۆ ناو هێڵی ناوەڕاست و لەگەڵ مانەوەی بۆشایی بەرگریی ڕاست، کارڤاخاڵ بژاردەی یەکەمی نەبوو و لەسەر کورسیی یەدەگ مایەوە، لە بەرامبەردا ترێنت جێگەی دەیڤد خیمینێزی گرتەوە.
رۆژنامەی مارکا باسی لەوە کردووە، رۆژی دووشەممە ئەربیلووا و کارڤاخاڵ لە شوێنی مەشقەکان ڕووبەڕوو یەکتریان بینی و کۆبوونەوەیان لە کاتی مەشقی بەیانیاندا کرد، ئەوەش دوای گەڕانەوەیان لە یارییەکەی ڕابردوویان، هەردوولایان هیچ کاتیان بۆ مشتومڕ لەسەر یەدەگبوونی یاریزانەکە لە یاریی ئەم دواییە لە دەست نەدا.
دانی ئەوەی پێ قبووڵ نەکراوە کە لە یارییەکەی ئەم دواییە رووی دا، بۆیە ناڕەزایەتییەکەی لە دڵی خۆیدا نەهێشتووەتەوە و لەگەڵ پێنتۆسی راهێنەری جەستەیی لە کۆتایی یارییەکە قسەی کردووە و گرژی و ناڕەزایی زۆری پێوە دیار بووە.
مارکا باسی لەوە کردووە: دانوستانی نێوان هەردوولا لە کەشێکی دۆستانەدا بووە و ڕای خۆیان بەبێ هیچ هەڵچوونێک دەربڕیوە و دانیشتنەکە ئەرێنی بووە بۆ کۆتاییهاتنی مشتومڕەکە و دۆزینەوەی هەلێکی هاوبەش لە داهاتوو.