رۆژنامەی ھەولێر

ئمباپێ هەڕەشەی بلۆککردنی پارەکانی یانەی پاریس سان جێرمان دەکات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

فۆنت: چاڤی هێرناندێز هەست بەوە دەکات بەرشلۆنە فێڵی لێ کردوون
ڤیکتۆر فۆنت، بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی یانەی بەرشلۆنە، رایگەیاند کە متمانەی بەوەیە دەتوانێ بەسەر سەرۆکی ئێستەی یانەکەدا، خوان لاپۆرتا سەر بکەوێ.
بڕیارە رۆژی ١٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەی بەرشلۆنە بەڕێوە بچێ، لەو رووەوە لاپۆرتا ڕکەبەرێکی بۆ هاتووەتە پێش کە فۆنتە و چەندان جار لاپۆرتای بەوە تۆمەتبار کردووە کە ڕوونکار نییە و ناڕوونی لە کارەکانیدا هەیە.
ڤیکتۆر فۆنت لە لێدوانێکی مێدیاییدا، ڕایگەیاند: گەر لە هەڵبژاردنیشدا سەرنەکەوتم، لە پێناو ئەو دۆسیەیەدا کار دەکەم، بەڵام متمانەم بەوەیە سەر دەکەوم.
لەبارەی پەیوەندیی بە راهێنەری پێشتری بەرشلۆنەوە چاڤی هێرناندێز، کە ئایا هاوپەیمانیەتی بۆ هەڵبژاردن یان نا، ئەو وتی: چاڤی بە ئەزموونی خۆیدا لە بەرشلۆنە تێپەڕیوە، زۆریشی ناڵاند، پێشی وایە کە لە بەرشلۆنە فێڵی لێ کراوە لەپێناو کەسانێک لە یانەکەدا.
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ لاپۆرتا، رایگەیاند کە ئێستە پەیوەندیی لەگەڵ نەکردووە و دوا کۆبوونەوە و قسەکردنیان پێکەوە، لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیای دوو ساڵ لەمەوبەر بووە کە بەرشلۆنە بەرانبەر ریاڵ مەدرید دۆڕا و ئەو کات لە شوێنی تایبەتی یاریگە چاوی پێ کەوت و پشتیوانیی بۆی دەربڕی.
ڕەخنەی لە سەرۆکی ئێستەی یانەکە گرت، بەوەی: هەموو سەرۆکی یانەکان شتگەلێکی باش و هەندێ شتی خراپ دەکەن، بەڵام قبووڵکراو نییە ئەو فێڵکارە و ڕوونکار نییە.

ئمباپێ هەڕەشەی بلۆککردنی پارەکانی یانەی پاریس سان جێرمان دەکات
کیلیان ئمباپێ، جارێکی تر ناوی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان هاتەوە، بەڵام ئەم جارە لە چوارچێوەی لاکێشەی سەوزدا نا، بەڵکوو ئمباپێ بڕیاری دا بە پێی یاسا ناکۆکییە داراییەکانی لەگەڵ پاریس یەکلا بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، ئمباپێ رۆژی هەینیی ڕابردوو، یاداشتێکی یاسایی بۆ پاریس سان جێرمان ناردووە بۆ داواکردنی بڕەپارەی مافی خۆی کە ٥.٩ ملیۆن یۆرۆیە و هێشتا یانەکە ڕێگرە لە پێدانی، ئەوەش لە چوارچێوەی پرسی شاییشتە دواکەوتووەکانیەتی.
ئەو جووڵەی ئمباپێ، لە چوارچێوەی جەنگیی یاسایی فراوانیدایە کە تێیدا سەرکردە فەرەنسییەکان داوای کۆی گشتیی بڕەپارەی ٥٥ ملیۆن یۆرۆی وەکوو مووچە و پاداشتی پاشەکەوتکراو و پێنەدراوی لە دوو ساڵی کۆتاییدا لەگەڵ پاریس، دەکات.
ئەنجوومەنی دادوەری لە دیسێمبەری ڕابردوودا، بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا پاریس سان جێرمان بە پێدانی ٦٠.٩ ملیۆن یۆرۆ بە ئمباپێ ناچار دەکات، بەڵام یانەکە پابەند نمەبووە بە جێبەجێکردنی بڕیار و فەرمانی دادوەر بە تەواوی، تەنیا بڕەپارەیەکی لە کۆی گشتیی ئەو پارەیە پێ داوە، هەروەها نزیکەی ٥ ملیۆن یۆرۆ لە نێوانیاندا بە یەکلانەکراوەیی و هەڵواسراوی ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کارگێڕیی یانەکە، ئەو کات ڕایگەیاند نیازی پاکە و بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەری جێبەجێ دەکات، بەڵام هەموو ئەو پابەندییەی لەسەریەتی، جێبەجێی نەکردووە. هەروەها بڕیار و حوکمەکەی لە سایتی فەرمیی خۆی بڵاو نەکردووەتەوە، کە ئەوش لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا بوو.
یانەی پاریس سان جێرمان، تا ١٩ی ئەم مانگە مۆڵەتی هەیە تانەی فەرمی لە بڕیارەکە بدا، بەڵام پابەندنەبوونی بە بەشێکی بڕیارەکە، پێگەی یانەکە ئاڵۆزتر دەکات.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامە فەرەنسییەکە، لە باری بەردەوامیی درەنگکەوتنەکەدا لە ٨ ڕۆژی داهاتوودا، ئەو کات پارێزەرانی ئمباپێ پەنا بۆ هەنگاوێکی توندتر و ئەولاتر دەبەن، ئەویش بلۆککردنی نزیکەی ٥ ملیۆن یۆرۆی پاریس سان جێرمان لە هەژماری یانەکە، ئەوش بە پێی بڕیارێکی نوێی دادوەری.
هەلی پاریس سان جێرمان، لە تانەدان لە بڕیارەکە لاوازە، بە تایبەت کە پێشتر دەستەی خولی فەرەنسی و دادگای شارستانیی دیکەش، لەو ململانێیەدا لایەنگریی ئمباپێیان کرد.
لە بەرانبەردا یاریزانەکە یان تیمە یاساییەکەی، دەرناکەوێ هیچ خواستێکیان هەبێ بۆ ئەوەی نێوەندگیر هەبێ، سوورین لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو بڕەی ململانێی لەسەرە بەدەستی بهێنن، بۆیە گەڕێکی دیکەی ململانێی یاسایی نێوان هەردوولا چاوەڕێکراوە.

یەکەم جووڵەی بەرشلۆنە دوای ڕووداوە مەترسیدارەکان دەست پێ دەکات
یانەی بەرشلۆنە، دوای پێشهاتی یاریگەکە، چەند گۆڕانکارییەک بۆ توندوتۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی و سەلامەتی و پارێزراوی ئاسایشی یاریگەکەی دەگرێتە بەر.
یانەی بەرشلۆنە، چەند هەنگاوێکی ئەمنیی نوێ لە نێو یاریگەی سپۆرتیفای کامپ نۆ دەگرێتە بەر، دوای ئەو ڕووداوەی لە ماوەکانی ڕابردوو لە لایەن هاندەرانی یانەی سەردانیکەر ڕووی دا، کە بە مەترسیدار ناوی برد.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کاتەلۆنی بڵاوی کردەوە، کە خاڵی پشکنینی جێگیر و بەربەستی پارێزەر و پاڵپشتیکاری ڕاگری بۆ دادەنرێ، لەگەڵ گۆڕینی تابلۆکانی یاریگە بە جۆرێک بگاتە ١٨ ملم، لەگەڵ لابردنی ڕیزی یەکەمی کورسییەکانی هاندەرانی پشت بەربەستەکان.
هەورەها یانەکە بڕیاری داوە، ڕاپۆرتێکی تاقیگەیی باوەڕپێکراو ئامادە بکات بۆ پێوانەکردنی بەرگریی بەربەستەکان بۆ ئەگەری شکاندن، جگە لە دانانی تۆڕی پارێزەر، کە بەرزییەکەی تا ١٤ مەتر دەبێت، بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی لەناو پەیژەکاندا.
ئەو ڕێوشوێنانە لە یارییەکەی دوێنێیانەوە بەرانبەر ریاڵ مایۆرکا دەستی پێ کرد و کارەکانی پێش یاریی نێون بەرشلۆنە و لیڤانتی کۆتایی دێ، کە بڕیارە ٢٢ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێ.

ریاڵ مەدرید بە دوای کاپتنە ئیسپانییەکەی مانچستەر سیتیدا دەگەڕێت
یانەی ریاڵ مەدرید، بە کردار دەستی بە جووڵە کرد بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ناوەڕاستی مانچستەر سیتی رۆدری، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی یانەکە بۆ دروستکردنەوەی یانەکە، لەگەڵ سەرنجی ورد لە دروستکردنی سەرکردە لە نێو ژووری جلگۆڕین.
پێگەی تیم تۆڵک، بڵاوی کردەوە، کە یانەی ریاڵ مەدرید، هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات بە هۆی داکشان و نەبوونی سەرکردە لە نێو یانەکە، ئەویش دوای رۆیشتنی هەریەک لە سێرجیۆ ڕامۆس، کاسیمیرۆ، تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ، ئەمەش وای لێ دەکات پەنا ببا بۆ دەستخستنی چەند یاریزانێکی بەئەزموون و کەسانی خاوەن کەسایەتی و کارێزما کە توانای بەرقەرارکردنی ڕەوشی یاریزانانیان هەبێ، لەگەڵ ئەگەری هاتنی راهێنەرێکی نوێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
بە سەرنجدان لەو کاپتنەی مان سیتی، دەبینرێ سەرکردەیەکی نموونەییە لە نێو یاریگە و دەتوانێ جڵەوی یاریگە و یاریزانان کۆنتڕۆڵ بکا لە ژووری جلگۆڕین، وەک چۆن ئەفسانەکانی ڕیاڵ پێشتر ئەو کارەیان کردووە.
لە بەرانبەردا، ئەو یاریزانە ئیسپانییە پێشتر و لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی کاروانی ژیانی وەرزشیی، بیری لە چوون بۆ ریاڵ مەدرید کردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، کەمتر لە ١٨ مانگ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مان سیتی ماوە.
لە بارەی ڕەتکردنەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەێ، ڕەنگە مان سیتی ناچار فرۆشتنی لە هاوینی داهاتوودا تاوتوێ بکا، لە بری ئەوەی دواتر بە خۆڕایی لە دەستی بدات. بە تایبەت کە چارەنووسی راهێنەر پێپ گواردیۆلا دیار نییە، کە بەم دواییە چەند ئاماژەیەک دران بەوەی ڕەنگە یانەکە جێ بهێڵێ، هەرچەندە گرێبەستەکەیتا ساڵی ٢٠٢٧ـە.

فاتی بەسەر هەموواندا سەردەکەوێ
یاریزانی بەخواستراوچووی بەرشلۆنە بۆ یانەی مۆناکۆ (ئەنسۆ فاتی)، سەرلیستی ئەو هێرشبەرانەی خولی فەرەنسیی گرتووە کە زۆرترین ڕێژەی گۆڵی هەیە و بەسەر تەواوی ئەستێرەکانی لیگ ١ـدا سەرکەوتووە، سەرەڕای بەشداریکردنی بە شێوەی ناڕێک و پچڕپچڕ.
ئەو یاریزانە بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە، لەمەودوا کاتی زیاتری یاریکردنی پێ دەدرێ، دوای ئەوەی تواناکانی خۆی لەو هەلانەی لەبەردەستیدا بوون، سەلماند.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆتیڤۆی ئیسپانی، ئاماژەی بەوە کرد کە فاتی لە ١٤ یاریدا ٧ گۆڵی کردووە، ڕەنگە ئەوە ژمارەیەکی گەورە دیار نەبێ، بەڵام بە وردبوونەوە لێی کە ٥٢٢ خولەک یاریی کردووە و لە ٥ یاریدا سەرەکی بووە، ژمارە و ڕۆڵێکی گەورەیە. ئێستە بە پێی ئەو ڕێژەیە، لە هەر ٩٠ خولەکێکدا ١.٠٤ گۆڵی تۆمار کردووە.
ئامار و سەرژمێرییەکانی فاتی ئاشکرای دەکا، کە لە سەرجەم گۆڵکەرانی ئێستەی خولی فەرەنسی باشترە، لە سەروویانەوە مەیسوون گرینوودی یاریزانی مارسیلیا کە ١٣ گۆڵی هەیە، بەڵام ڕێژەی ٠.٧٢ گۆڵ لە هەر یارییەک و جواکین بانێچیلی لە سراتسبۆرگ بە ١١ گۆڵ و ڕێژەی ٠.٥٤ گۆڵ لە هەر یارییەکدا.
هەروەها فاتی بەسەر خاوەن تۆپی زێڕین و هاویانەی پێشووی لە بەرشلۆنە عوسمان دێمپلیدا سەرکەوتووە کە ڕێژەکەی ٠.٧٥ گۆڵە لە هەر ٩٠ خولەکێکدا، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی خولەکەکانی نزیکە لەگەڵ ئەمەی کۆتایی بە ٥٣٩ خولەک.
هەروەها لە ڕووی گۆڵکردنیشەوە لە پلەی حەوتەمی گۆڵکەراندایە لە ریزبەندی گۆڵکەرانی خولی فەرەنسی لەم وەرزەا و تەنیا ٦ یاریزان گۆڵیان لەو زیاتر تۆمار کردووە.
ئێستە ئەوەی ماوەتەوە، گەورەترین بەربەستی بەردەم فاتییە، تێپەڕاندنی کێشەکانی ماسوولکەیەتی، کە وای کرد ٨ یاریی دوور بکەوێتەوە، دواترینیان یارییەکەی جام بوو کە تیپەکەی لە کێبەرکێکە دەرچوو.
کاریگەری ئەنسۆ فاتی لە تۆمارکردنی گۆڵ زیاترە، چونکە گرنگییەکەی لە لایەنە تەکنیکییەکانی دیکەدا دیارە کاتێک بەراورد دەکرێت بە هێرشبەرە دیارەکانی خولی فەرەنسا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەکانی فاتی پەیوەست بە لێدان و گۆڵە پێشبینیکراوەکان و چالاکییەکان و لەدەستدانی تۆپ و چالاکیی نێو ناوچەی سزا، بەسەر ٥ باشترین یاریزانی هەمان شوێنی یاریکردنی سەر دەکەوێ، ئەوانیش ئیگۆر پیکساو، گرینوود، کفاراتسخیلیا، ئۆبامیانگ.