ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە 24 كاتژمێری رابردوو جموجۆڵەكانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا بۆ رێكخستنەوە و گۆڕانكاری لە پێكهاتەی ریال مەدرید زۆرترین قسە و باسی لەبارەیەوە كراوە، لە لایەكی دیكەیشەوە لە دوایین سات بەهۆی هەڵەیەك نگۆڵۆ كانتی نەیتوانی پەیوەندی بە فێنەرباهچە بكات.
شتیگن لە جیرۆنا تووشی بەدبەختی بوو
مارک ئاندرێ تێر شتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی، دوای پەیوەندی کرد بە ریزەکانی یانەی جیرۆنا تووشی پێکان بووە و رەنگە بەم هۆیەوە ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
فلۆریان پلێتێنبێرگ رۆژنامەنوسی ئەڵمانی لە تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت بڵاویکردەوە، مارک ئاندرێ تێر شتیگن کە بەم دواییە بە شێوەی خواستن لە بارسێلۆناوە پەیوەندی بە جیرۆنا کردووە، لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر ریال ئۆڤیدۆ لە رانی راستی تووشی پێکان بووە، ئەو رۆژنامەنوسە بڵاویشی کردووەتەوە پشکنینە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێکانەکەی تێر شتیگن درێژ ماوە بێت، واتە ماوەیەکی دوور لە یاریگاکان دووربکەێتەوە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەشداری مۆندیالی داهاتووش نەکات.
تێر شتیگن دوو هەفتە لەمەوبەر بە ناچاری لە پێناو بەشداری کردن لە مۆندیالی داهاتوو، بە شێوەیەکی کاتی ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای جێهێشت و پەیوەندی بە جیرۆنا کرد، بەڵام رەنگە ئەو پێکانە ناوەختەی خەونی بەشداری کردنی لە مۆندیال لەبار ببات.
فیفا كێشەكەی نێوان فێناربەهچە و نگۆلۆ کانتێ چارەسەر كرد
یانەی فێناربەهچە لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی گەیشتبووە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی نگۆلۆ کانتێ، بەڵام لە دوایین ساتەكان گرێبەستەكە سەرینەگرت، بەڵام فیفا سیستەمەكەی كردەوە و پرۆسەی گواستنەوەكە سەریگرت.
لەکاتێکدا هەموو چاوەڕوانبوون یانە تورکییەکە گریبەستی کانتێ بەفەرمی رابگەیەنێت، بەڵام یانەی فێنارباهچە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا نووسیبووی: لەگەڵ کانتێ رێککەوتین و پشکنینی پزیشکی ئەنجامدا، بەڵام یانەی ئیتیحاد بەهەڵە زانییارییەکانی لە سیستەمی تی ئێم ئێس تۆمار کردووە، بەم هۆیەوە نەمانتوانی گرێبەستی کانتێ لەم زستانە یەکلا بکەیەنەوە.
دواتر فیفا بڕیاری دا گواستنەوەی نگۆڵۆ كانتی لە سیستەمی گواستنەوەی یاریزانان چارەسەر بكات و بە فەرمی رازیبوو كانتی پەیوەندی بە یانەی فێنەرباهچە بكات.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا 3 یاریزانی ریال مەدرید دەفرۆشێت
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لیستێکی بۆ یاریزانانی تیپەکەی ئامادە کردووە و داوای كردووە كارگێری ریال مەدرید دەستبەرداری 3 یاریزانی یانەكە بێت.
داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک راهێنەری یانەی ریال مەدرید هێشتا لەنێوان مانەوە و رۆیشتندایە، بەڵام زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو راهێنەرە دەستی بە پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو کردووە و بڕیاری دەستبەرداربوون لە سێ یاریزانی تیپەکەی داوە.
دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ و سپاردنی ئەرکی راهێنەرایەتی بە ئاربێلوا، هێشتا وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکەی ئاشکرا نەکراون، بەڵام ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتراڵی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کە ئاربێلوا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی سێ یاریزان کە کارگێڕیی یانەکەش دەیانەوێت بییانفرۆشن كە پێكهاتوون لە دانی سێبایۆس، فێرلان مێندی و فران گارسیا.
لە بەرامبەردا، ئاربێلوا دەیەوێت ئێدواردۆ کاماڤینگای فەرەنسی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهێڵێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کاماڤینگا لەم وەرزەدا ئاستی وەک پێویست نەبووە، بەڵام ئاربێلوا متمانەی تەواوی پێیەتی و وەک یاریزانێکی فرەکارامە بۆ وەرزی داهاتوو پشتی پێدەبەستێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، سەرچاوەکان لە نێو یانەی شاهانەوە دەڵێن، تاوەکو ئێستا کەس نازانێت ئاربێلوا وەرزی داهاتوو دەمێنێتەوە یان نا. هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە ئەنجامەکانی کۆتایی ئەم وەرزە؛ ئەگەر ریال مەدرید بتوانێت نازناوی لالیگا یان چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، ئەوا چانسی مانەوەی ئاربێلوا زۆر دەبێت، بەپێچەوانەوە یانەکە بیر لە راهێنەری دیکە دەکاتەوە.
هەر لە ئێستاوە ناوی چەند راهێنەرێکی گەورە بە یانە مەدریدییەکە دەبیسترێتەوە، لەوانە یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی و جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، بەڵام رامۆن ئەلڤارێز دی مۆن، رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەکە، ئاشکرایکردووە کە ئۆنای ئیمرێ راهێنەری ئێستای ئاستۆن ڤێلا، بەهێزترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید ئەگەر ئاربێلوا دووربخرێتەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان سزای 2 یانەی دا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، زنجیرەیەك سزای بەسەر یانەكانی چوارقوڕنە و شێروانە لە خولی نایابی كوردستان سەپاند.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، بەهۆی هەڵسوكەوتی دوور لە گیانی وەرزشی ئاسۆ محەمەد، یاریزانی چوارقوڕنەی بۆ 2 یاری سڕ كرد و سزای پێبژاردنی یەك ملیۆن دیناری عێراقی بەسەریدا سەپا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ماردین مەلا ئاری، بەرگریكاری یانەی چوارقوڕنە بە هەمان شێوە بۆ 2 یاری راگیرا.
لە ریزەكانی یانەی شێروانە، رێكار عەلی، بەڕێوەبەری تیپی یانەی شێروانە بۆ 4 یاری راگیرا و سزای پێبژاردنی یەك ملیۆن دیناری عێراقی بەسەریدا سەپا، جگە لەوەش یانەی شێروانە دەبێت دوو یاری داهاتووی لەنێو یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر بكات، لەگەڵ سزای پێبژاردنی دوو ملیۆن دینار بەسەر یانەی شێروانە سەپێندرا.

