مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسر وەكو كاردانەوەیەك لە دژی نادادپەروەری بەرپرسانی وەرزشی سعوودیە بایکۆتی یاری یانەکەی کرد و بەشداریی یاریی رابردووی بەرامبەر ریاز نەکرد.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگالی یانەی نەسڕ، بەشداریی دوایین یاری یانەکەی لە خولی رۆشنی سعوودیە بەرامبەر یانەی ریاز نەكرد.
سەرچاوە میدیاییەكانی سعوودی هۆکاری بەشداری نەکردنی رۆناڵدۆ، بۆ پشوو وەرگرتن دەگەڕێننەوە، بەڵام رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی دەڵێت رۆناڵدۆ بایکۆتی ئەو یارییەی کردووە وەکو نارەزایەتیەک بەرامبەر بازاڕی گواستنەوەی ئەم زستانە.
ئابۆلا بڵاویشی کردەوە رۆناڵدۆ لە شێوازی دابەشکردنی داهات بەسەر بەشێک لە یانەکانی سعوودیە کە سەر بە سندوقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتەن ناڕازییە، دۆن پێیوانە ئەو سندوقە لەم زستانە زیاتر هاوکاری یانەی هیلالی کردووە، بۆیەش وەکو ناڕەزایەتیەک بڕیاریدا بەشداری یاری بەرامبەر ریاز نەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا، كریستیانۆ رۆناڵدۆ پێیوایە سندوقی وەبەرهێنانی سعوودیە دەستكراوەن بۆ پاڵپشتیكردنی یانەی هیلال، بەڵام رێگە بە یانەكانی دیكە نادەن هاوشێوەی هیلال یاریزان بگوازنەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، پێشبینی كراوە دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ لە نێوان كارگێری و هونەری و راهێنەرانی یانەی نەسر رووبدات وەكو كاردانەوەیەك لە دژی نادادپەروەری بەرپرسانی سعوودیە.

