رۆژنامەی ھەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق وەڵامی سكاڵایەكەی یانەی هەولێری دایەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یەكێتی تۆپی پێی عێراق وەڵامی تانەكەی هەولێری لەبارەی هەڵگرتنی سزای هاندەران دایەوە و رایگەیاند بەپشتبەستن بە راپۆرتی ناوبژیوانان، سەرپەرشتیارانی یاری، سزایەكەی هاندەرانی یانەكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە.

هەفتەی رابردوو لیژنەی سزادان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانیان لە یاری بەرامبەر تەڵەبە، هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ دوو یاری سزادران، واتە نابێت لە دوو یاری داهاتووی یانەکەیان لە یاریگا ئامادەبن. دوای ئەو بڕیارە بەرپرسانی یانەی هەولێر، تانەیان لە بڕیارەکەدا، بەڵام تانەکەیان رەتکرایەوە و دوو یاری داهاتووی یانەکەی قەڵاومنارە دەبێت بەبێ هاندەر بێت.
یانەی هەولێر لە گەڕی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە گەڕی حەڤدەیەمە لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری میوانداریی نەفت دەکات، ئەو یارییە بەبێ هاندەر دەبێت، یاری دواتریش بە هەمان شێوە لە یاریگای خۆیانە بەرامبەر زاخۆ ئەو یارییەش بەبێ هاندەر دەبێت.