ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە 24 كاتژمێری رابردوو چارەنووسی راهێنەری داهاتووی لیڤەرپوول بە چابی ئالۆنسۆ دەبەسترێتەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە، كارگێری پاریس سانجێرمان دەیەوێت بە خێرایی گرێبەستی ئێنریكی نوێ بكاتەوە، جگە لەوەش دابارسێلۆنا ئۆفەرێكی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی خستووەتە بەردەم هێرشبەرە پۆڵەندییەكە.
درۆ فێرناندێز پەیامێك لەبارەی بارسێلۆنا بڵاو دەكاتەوە
درۆ فێرناندێز دوای جێهێشتنی ریزەکانی بارسێلۆنا و پەیوەندی کردن بە یانەی پاریس سانجێرمان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەمیشە وەکو هاندەرانی بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.
درۆ فێرناندێز یاریزانی لاوی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا کرد، لە هەژمارەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەمیشە وەکو هاندەری بارسێلۆنا دەمێنێتەوە، بۆ ئەو بارسێلۆنا و لاماسیا هەمیشە وەکو قوتابخانەیەک دەبێت و سوپاسی هەموو شتێکیان دەکەم.
درۆ فێرناندێز ناوەڕاستکاری تەمەن هەژدە ساڵان، بە ڕەسەن ڤێتنامییە و رۆژی بیست و شەشی ئەم مانگە بە یەکجاری ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای جێهێشت و تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان واژۆ کرد و لەگەڵ ئەو یانەیەش، درێسی ژمارە 27 لەبەر دەکات.
ئۆپتا: ئارسێناڵ بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بەربژێری یەكەمە
ماڵپەری ئۆپتا جارێکی دیکە یانەی ئارسێناڵ، وەکو پاڵێوراوی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەست نیشان دەکات.
ماڵپەری ئۆپتا ناوەڕاستی ئەم وەرزە بوو لە چامپیۆنزلیگ، کاتێک لە رێگەی کۆمپیوتەرەکەی پێشبینی بۆ پاڵەوانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کرد و رایگەیاند، یانەی ئارسێناڵی ئینگلیزی بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ. ئێستاش بە هەمان شێوەی دوای ئەوەی کۆمپیوتەرەکەی ئۆپتا پێشبینی بۆ پاڵەوان کرد، دیسان یانەی ئارسێناڵی هەڵبژارد بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی پاڵەوانێتیەکە.
یانەی ئارسێناڵ ئەم وەرزە بە ئاست و ئەنجام لە پێشەوەی سەرجەم یانەکانی چامپیۆنزلیگ و هەروەها پرێمەرلیگن، گەنەرز تەنها یانەیە کە ئەم وەرزە سەرجەم یارییەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بردووەتەوە.
لە دوای یانەی ئارسێناڵ کۆمپیوتەرەکەی ئۆپتا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی وەکو دووەم پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دیاریکردووە، هەروەها یانەی مانچێستەر سیتیش لە پلەی سێیەم دێت.
بارسێلۆنا دوو مەرجی بۆ لێڤاندۆڤسکی داناوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا، هاوینی ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، یانەکەش ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام دوو مەرجیان بۆ یاریزانەکە داناوە، مەرجی یەکەمیان کەمکردنەوەی مووچەکەیەکی کە ساڵانە نزیکەی 26 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەکە دەستیکەوتووە، کارگێری بلاوگرانا پێشنیاری بۆ گۆڵکارە پۆڵەندییەکە کردووە مووچەکەی بۆ نیوە کەم بکاتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی هەیانە.
مەرجی دووەمی یانەکەش ئەوەیە ئەو یاریزانە رەنگە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، خولەکی کەمتر لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات، ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی تەمەنیەتی، بۆیە کارگێڕی بارسێلۆنا چاوەڕێ وەڵامی پێشنیارەکانی دەکات، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی.
لیڤەرپوول دەیەوێت وەكو راهێنەر ئالۆنسۆی بگەڕێنێـتەوە
بەگوێرەی میدیایەكانی بەریتانیا، ئیدارەی لیڤەرپوول لە دۆخی هونەری ئێستای تیپەكەیان نیگەران و بێزار بووە، بەتایبەت دوای شكستە قورسەكەی یانەكە بەرامبەر بۆرنموس بەدوای شوێنگرەوەی ئارنی سلۆتی هۆڵەندی دا دەگەڕێت. ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە لیڤەرپوول بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ دەكاتەوە.
لیڤەرپوول لە دوایین یاریی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر بۆرنموس تووشی شكست بوو، بەمەش تیپەكە نەیتوانی لە ساڵی 2026 هیچ سەركەوتنێك بەدەستبهێنێت، بەجۆرێك لە كۆی 5 یاری، 4 یەكسان و دۆڕانێكی تۆمار كردووە.
بەپێی رۆژنامەی تایمزی ئینگلیزی، ئیدارەی لیڤەرپوول پێیوایە ئارنی سلۆت ناتوانێت رێگە لە دابەزینی ئاستی یانەكە بگرێت بۆیە بڕیاریان داوە لەم هەفتەیە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە سەبارەت بە داهاتووی راهێنەرە هۆڵەندییەكە بدەن.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئیدارەی لیڤەرپوول لە ئێستاوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید كردووە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئالۆنسۆ زۆر بە ئارامی چاوەڕێی هەڵبژاردنێكی باش دەكات و دەشزانێت هەمیشە دەرگاكانی ئەنفیڵد بەڕوویدا كراوەتەوە، بەوپێیەی پێشتر ئالۆنسۆ وەكو یاریزان بۆ ماوەی پێنج وەرز یاریی بۆ لیڤەرپوول كردووە.
لیڤەرپوول لە دۆخی ئێستای تیپەكە رازی نییە، بەوپێیەی لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوو 482 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە كەچی ئەنجامەكان وەكو پێویست نییە، تەنانەت تیپەكە جۆرێك لە یەكگرتوویی لەدەست داوە.
پێگەی ئاسی ئیسپانیا نووسیویەتی: ئیدارەی لیڤەرپوول ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی چابی ئالۆنسۆیە، تەنانەت پەیوەندی بە كەسانی نزیك و دەوروبەری راهێنەرەكە كردووە و وەڵامێكی ئەرێنی وەرگرتووە، بەمەش لیڤەرپوول تاڕادەیەك دڵنیایە لە رازیكردنی ئالۆنسۆ.

