ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ یانەی خیتافی كۆبووەوە.
لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەخێل تۆرسی، سەرۆكی یانەی خیتافی لەبارەگای یانەكەیان پێشوازی لە سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئامانجیش لەو كۆبوونەوە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یانەی خیتافی بوو، لەنێویاندا پێشنیاز بۆ سەرۆكی یانەی خیتافی كرا كە بۆ ماوەی دوو ساڵ ناوی “كوردستان” لەنێو یاریگەی یانەكە نماییش بكرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە هەر لەو مانگەدا، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوشانی نوێنەری ژوورە بازرگانییەكان و سەرۆكی چەند كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستان سەردانی یانەی خیتافییان كرد.
ئانخێل تۆرسی سەرۆكی یانەی خیتافی لەنێو یاریگەی یانەكەیان پێشوازی لە شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە تێیدا دارەوان حاجی حامید نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا ئەم هەماهەنگی و سەردانەی رێكخستبوو، یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان یانەی خیتافی و ڤیزت كوردستانە.
كوردستان، لە رێگەی پڕۆژەی ڤیزت كوردستانەوە هەموو جیهان بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئاشنایان دەكات بە هەموو رەنگ و دەنگ و كولتوورە جیاوازەكانەوە، پیشانیان دەدات كوردستان وڵاتی فرەكولتووریی و میواندۆستییە و كۆمەڵگەی رێزگرتنە لە هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكان.

