مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ئیندریكی بەڕازیلی دەچێتە یانەی چێڵسی؟
یانەی چێڵسی، چاوی بڕیوەتەوە یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید ئیندریك، بۆ ئەوەی سەركردایەتیی پڕۆژەی داهاتووی بكات.
یانە لەندەنییەكە، بە دوای هێرشبەرێكی متمانەداردا دەگەڕێ تا دەمودەست كاریگەرییەكەی دەربكەوێ و خاوەن پاشخان بێ و بشتوانێ ساڵانێكی زۆر خزمەتی یانەكەیان بكات.
یانەكە وای دەبینێ، ئەو كەسەی ئەوان بۆی دەگەڕێن، ئیندریكی بەڕازیلییە، كە بە یاریزانێكی نموونەیی دادەنێن بۆ هاوشانی ئیستیڤاوی هاونیشتمانەكەی.
ئەو ئەستێرەی پێشتری یانەی پالمیراسی بەڕازیلی، ئێستە بە شێوەی خواستن لە ریاڵ مەدریدەوە چووەتە یانەی لیۆنی فەڕەنسی، هەر دەمودەست لەگەڵ یانەی لیۆن جێپەنجەی خۆی دەرخست، لە سێ یاریدا چوار گۆڵی تۆمار كرد و گۆڵێكیشی دروست كرد، ئەوەش ڕەنگدانەوەی توانای جەستەیی و هونەرییەتی كە وای كردووە سەرنجی چێڵسیی بچێتە سەر. ئێستە یانە لەندەنییەكە چاودێریی زیاتری ئەو یاریزانە دەكا، كە بزانن لە خولی فەرەنسا چ ئاستێك پێشكەش دەكات.
پێگەی فیچاجیزی ئیسپانی، رایگەیاندووە كە یانەی چێڵسی پلانی ئەوە دادەنێن، گرێبەستێكی نزیكەی 80 ملیۆن یۆرۆیی پێشكشە بكەن بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە لاوە. لەگەڵ هەوڵی هێنانەبڕوای ریاڵ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لەو ئەستێرە بەهرەوەرە بەڕازیلییەی، كە گرێبەستەكەی تا ساڵی 2030ـە.
باسی لەوەش كردووە، كە گرنگیی چێڵسی بە ئیندریك، دوای ئاڵۆزبوونی پرسی گرێبەستكردن بوو لەگەڵ یاریزانی ئەرژەنتینی جۆلیان ئەلڤارێزی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، كە یانەی گەورەی دیكەی وەكوو ئارسناڵ، بەرشلۆنە و پاریس سان جێرمان ڕكەبەری لەسەر دەستخستنی ئەو یاریزانە دەكەن، بۆیە بەهای بازاڕگێرییەكەی بەرز بووەتەوە.
بەرانبەر ئەو ڕاستییە، بەرپرسانی ستامفۆرد بریج، ڕوویان بەرەو یاریزانی بەڕازیلی ئیندریك گۆڕی، بەوەی دەستخستنی زیاتر ڕێی تێ دەچێ بەراورد بە ئەستێرەكەی پێشووی مانچستەر سیتی.
رۆیشتنی ئیندریك لە مەدریدەوە بۆ لیۆن، بڕیارێكی ستراتیژییە كە لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشتردا بوو، گەر راهێنەرە باسكییەكە، شوێنێك بۆ ئەو یاریزانە لاوە بەڕازیلییە نەدۆزێتەوە.
دوای ماوەیەكی كەم لە ڕەزامەندبوونی بەو بۆندە خواستنە، ئەلۆنسۆ لە یانەكە دوور خرایەوە، بەهۆی شكستی لەگەڵ بەرشلۆنە لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا.
لەباری ناجێگریی كورسیی راهێنەرایەتیی ریاڵ مەدریددا، یانەی چێڵسی دەیەوێ ئەو هەلە زێڕینە بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی زەبرێكی بەهێز لە بازاڕی گواستنەوە بدا، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی ئۆفەرێكەوە.
چێڵسی دەزانێ كە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ، ئەستەمە ڕەت بكرێتەوە كە لە زۆر ڕووەوە لە نێو یانەی ریاڵ مەدرید، یاریزانی یەدەگە.
چێڵسی دەیەوێ پەیامێكی بەهێز بۆ خولی ئینگلیزی بنێرێ بە یەكلاكردنەوەی گرێبەستێك كە بە قەناسی داهاتووی ئەورووپا دادەنرێ، ئەگەر لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستەی بەردەوام بێت.
هەنگاوی ئێستەی یانە لەندەنییەكە، ئەوەیە كە دەوروبەری ئەو یاریزانە ڕازی بكەن بەوەی لەندەن بكاتە وێستگەیەكی دیكەی كاروانی پیشەگەری.
كەمیی بەشداریكردنی ئیندریك لە هەردوو سەردەمی ئەنچیلۆتی و چابی ئەلۆنسۆدا، تەنانەت ڕەنگە جێگرەكەی ئەلۆنسۆش وا بكا، ئەمانە وا دەكەن كە كارەكە بۆ چێڵسی بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە ئاسانتر بكەن.
پەیوەندیی ئیندریك لەگەڵ ئیستیڤاوی هاونیشتمانیی خۆی، ڕەنگە كارایەكی یەكلاكەرەوە بێ بۆ گواستنەوەی بۆ چێڵسی، كە ئەو دوو یاریزانە بە هێما و هیوایەكی بەهێز بۆ تۆپی پێی بەڕازیل دادەنرێن، ڕەنگە ببەنە دوو هێرشبەری ناوازەی داهاتووی تۆپی پێ لە جیهاندا.
ئیستیڤاو هەر بە زوویی كە وەرزی ڕابردوو چووە چێڵسی، خۆی گونجاند، ئەمەش وا لە كارگێڕیی چێڵسی دەكا، هان بدرێ بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە سەركەوتووە دووبارە بكاتەوە و بەهرەوەرێكی دیكەی بەرازیلی بباتە ریزەكانیەوە كە تەمەنی 19 ساڵانە.
واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ ئیندریك هەستیار دەردەكەوێن دوای شكستی لە گرتنی ریزی یەكەمی یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵام دوای چوونی بۆ فەرەنسا، بەهای بازاڕگێڕییەكەی بەرز بووەتەوە.
فێرناندۆ لە بەرشلۆنە هەڵگەڕایەوە و یانەکەی پێشووی تووڕە کرد
پێدرۆ فێرناندێز سارمێنتۆ، ناسراو بە درۆ، دوای چوونی بۆ پاریس سان جێرمان، ڕەخنەی توندی لە یانەکەی پێشتری گرت و هاندەرانی بەرشلۆنەی تووڕە کرد.
پاریس سان جێرمان بە شێوەیەکی فەرمی ئەو یاریزانەی پێشکەش کرد، کە لە بەرشلۆنەوە بردبووە ریزەکانی.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، کە ئەو یاریزانە لاوە، لێدوانی نوێی داوە کە بە ڕەخنە لەناو یانەی بەرشلۆنە لێک دەدرێتەوە، لانی کەم ڕەخنە لە کارگێڕیی بەرشلۆنەیە.
کاتێک پرسیاریان لێ کرد لەبارەی هۆکاری چوونی بۆ پاریس سان جێرمان، رایگەیاند: من دڵخۆشم و بە جۆشم بۆ ئەم گواستنەوەیە، چرکەساتێکی شانازمەندە بۆ من و ماڵباتەکەم، بە تامەزۆرییەوە دەست پێ دەکەم، پێم وایە کە هەنگاوێکی گرنگە لە کاروانی ژیانی وەرزشیم، بەڵام بڕیارەکەم بۆیە دا بۆ پەرەپێدانی ئاستی خۆم، هیچ شوێنێک لێرە باشتر نییە بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن، چونکە پڕۆژەکە لەگەڵ یاریزانانی لاوە، ئەمە ناوازەیە، بە یارمەتیی راهێنەر و هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان لەم سەرکەوتنەدا هەیە، بۆیە من لێرەم.
رۆژنامە ئیسپانییەکە، دەڵێ: ئەم قسەیە قابیلی گەنگەشەیە، بە تایبەت کە بەرشلۆنە هەلێکی زۆر گەورەی بە یاریزانانی لاو داوە بۆ پێشکەوتن، ئەو یاریزانە لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا لە خولی ئیسپانی و خولی یانە پاڵەوانەکاندا لەگەڵ بەرشلۆنە یاریی پێ کراوە.
دەشڵێ: یاریزانی هاویانەی پێشووتری لامین یامال، یەکەم بەشداریکردنی لەگەڵ بەرشلۆنە لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا بوو، کۆبارسی یەکەم بەشداریکردنی لە تەمەنی ١٦ ساڵاندا بوو، ماریک بێرناڵ لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا بوو.
درۆ خۆی بەوە ناساند: یاریزانێکی داهێنەرە و دەتوانێ بە باشی لە یاریزان دەربچێ.
دەشڵێ: من یاریزانێکی ئارامم لە شارۆچکەیەکی بچووک، من یەکەم شت گرنگییەکی زۆرم بۆ ماڵباتەکەم هەیە، پێشم خۆشە کاتەکانمیان لەگەڵدا بەسەر ببەم، بۆیە من لێرەم، شوێنێک لێرە باشتر نییە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئاستم، سوپاس بۆ ئێنرکیی راهێنەر و هەموو ئەوەی ڕۆڵی لەم گواستنەوەیەم هەبوو.
هەفتەی ڕابردوو، ئەو یاریزانە بە هانز فلیکی راهێنەری بەرشلۆنەی وت، کە دەیەوێ بڕوات، لای هاوڕێکانیشی دانی بەوەدا نابوو کە دەچێتە پاریس، بە تایبەت دوای ئەوەی زانیی لویس ئێنریکی گرنگیی ڕاستەوخۆی پێ دەدا و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە بڕواپێهێنانی بە پڕۆژەکەی پاریس.
میدیاکە ئەوەی ورووژاندووە، کە ئەو لێدوانەی درۆ، تووڕەییەکی زۆری لای بەرشلۆنە دروست کردووە، بە تایبەت کە یانە پلانی دادەنا لە داهاتوودا پشتی پێ ببەستێ.

