رۆژنامەی ھەولێر

لە بڕیارێكی بێوێنەدا، ئایا گواردیۆلا، مانچستەر سیتی شۆك دەكات؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لە بڕیارێكی بێوێنەدا، ئایا گواردیۆلا، مانچستەر سیتی شۆك دەكات؟
هێشتا داهاتووی پێپ گواردیۆلا لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتیدا جێی مشتومڕێكی زۆرە لە نێو یانەكە و لەنێو مێدیاكانیش، لە كاتێكدا دەنگۆی رۆیشتنی لە یانەكەش هەیە لە هاوینی داهاتوودا. بەڵام تا ئێستە خۆی یەكلا نەكردووەتەوە.
هەرچەندە ئەو راهێنەرەی پێشتری یانەكانی بەرشلۆنە و بایرن میونشن، هیچ كاتێك گرێبەستەكەی پێشێل نەكردووە و تا ئەو كاتەی ماوەی گرێبەستەكەی ماوە، ماوەتەوە و دواتر یانەكەی جێهێشتووە.
دوای ئەوەی جێپەنجەی خۆی لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا دانا، تامی بردنەوەی چامپیۆنس لیگی چەشت، پێپ گواردیۆلا لە ساڵی 2016ـدا چووە ئینگلتەرا، ساڵانێكە لەو یانەیە پابەندی گرێبەستەكەیەتی.
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەكەی تا ساڵی 2027ـە، بەڵام دەنگۆی رۆیشتنی پێشوەختەی لە یانەكە هاتووەتە ئارا، بە تایبەت دوای كۆتاییهاتنی وەرزی 2025-2026ی تۆپی پێ، دوای ئەوەی وەرزێكی سەختی بەڕێ كرد و مانچستەر سیتی هیچ ناسناوێكی گەورەی نەبردەوە و فشاری زۆریش لەسەر ئەو راهێنەرە ئیسپانییە دروست بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مانچستەر سیتی بە ڕكەبەر بۆ بردنەوەی سەرجەم ناسناوەكان لەم وەرزەدا دادەنرێ، وەكوو خولی نایابی ئینگلتەرا، خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، جامی كارباو و جامی یەكێتیی ئینگلتەرا.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕكەبەریكردن لە زیاتر لە سەنگەرێكەوە، ڕەنگە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا پێپ گواریۆلا بتوانێ ناسناو بە دەست بهێنێ.
ئێستە پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە، ئایا پێپ گواردیۆلا لە هاوینی 2026ـدا ریزەكانی یانەی مانچستەر سیتی جێ دەهێڵێ؟ ئەو راهێنەرە 55 ساڵانە، ڕازی نابێ جگە لەوەی باشترین بۆ خۆی و دەوروبەری دەست بخرێ،
هەندێ ڕاپۆرت باس لەوە دەكەن، كە مانچستەر سیتی، پلانێكی خێرا و فریاگوزاری دادەنێ، ئینزۆ ماریسكا بخاتە شوێنی گواردیۆلا لە كاتێكدا گەر ئەو راهێنەرە بیەوێ یانەكە جێ بهێڵێ، كە پێشتر دەستەڕاستی پێپ گواردیۆلای راهێنەر بووە.
سەركەوتنی پێپ گواردیۆلا لە ساڵی 2026ـدا، كلیلی مانەوەی جۆشوخرۆشیی ئەو راهێنەرە دەبێ، بۆ ئەوەی بتوانێ بە لای كەمەوە بۆ ساڵێكی دیكەش لە مانچستەر سیتی بەردەوام بێ.
ئەو كات ئازاد دەبێ لە دیاریكردنی داهاتووی خۆی، دوای زیادكردنی 18 ناسناو بۆ یانەكە لە سەردەمی ئەودا.
بە پێی ڕاپۆرتی مێدیای مانچستەر ئیڤنینج نیوز، داهاتووی پێپ گواردیۆلا لەسەر ئەنجامەكانی یانەكە ناوەستێ، مەگەر یانەكە داڕمانێكی سەیری تووش بێ، پێپ متمانەیەكی زۆری هەیە و دەتوانێ هەر كاتێك بیەوێ بڕوا.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە، هەندێ لە سەرنجدەران، پێشبینیی رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا لەم هەفتەیەدا دەكەن و لە شوێنی ئەو ئینزۆ ماریسكا دادەنرێ، ئەوەش پێش یاریی مان سیتی و وێڵڤەرهامبتۆن. بەڵام زۆرینە پێیان وایە كە ئەم هاوینە دەڕوا.
بەكاری سانیای بەرگریكاری فەڕەنسیی پێشتری مان سیتی، پێی وایە كە پێپ گواردیۆلا وەكوو سەرمەشقی یانەكە تا كۆتایی وەرزی 2026-2027 دەمێنێتەوە.
دەشڵێ: ئەم وەرزە یانەكە رووبەڕووی ئەستەمی بووەتەوە، پێم وایە كە بەهۆی ئەوەی لە 5 وەرزدا زۆر سەركەوتوو بووە، بۆیە ئەم ئەنجامانە جێی سەرنج و چاوەڕێنەكراون، ئەو 5 ساڵە مان سیتی هەموو شتێكی بردەوە، بۆیە شتێكی نامۆیە گوێمان لە ئەنجامی دۆڕانی ئەو یانەیە دەبێ.
دەشڵێ: ئێستە چەند یاریزانێك رۆیشتوون و یانەكە پێویستی بە بنیاتنانەوەیە، كارگێڕیی یانەكەی رۆیشتوون، بۆیە ئەمە مانچستەر سیتییەكی نوێیە، بەڵام پلەی دووەمی ڕیزبەندیی گرتووە، كوالێتیی یاریزانان زۆر بەرزە، تیپێكە ڕادەست نابێ، پێم وایە پێپ فشار لەسەر یاریزانان دروست بكات و وایان لێ بكا بتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن، ڕادەست نابن، تا كۆتایی وەرز فشار لە ئارسناڵ دەكەن.

لە دواساتەكاندا گرێبەستی چوونی یووسف نەسیری بۆ وڤێنتوس شكستی خوارد
یانەی یوڤێنتوس بەوپەڕی هێزییەوە نزیك بووەوە لە گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانی مەغریبی یووسف نەسیری، یاریزانی یانەی فەنەر باخچەی توركی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێتسەدا، بەڵام بە هۆكارێكەوە گرێبەستەكە شكستی خوارد.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، رۆژنامەنووسی بەناوبانگ و تایبەتمەند بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەورووپا، رایگەیاند: گرێبەستی چوونی یووسف نەسیری بۆ یانەی یوڤێنتوس، تەواو نەكرا.
ڕۆمانۆ باسی لەوە كردووە، كە هۆكاری وەستانی دانوستانەكان، بۆ گومانی یاریزانەكە دەگەڕێتەوە، لەسەر فۆڕمی گرێبەستەكە، كە بە شێوەی خواستنە، ئەوەش وای كرد دانوستانەكان بگەنە بنبەست بێ ئەوەی بگەنە هیچ ڕێككەوتنیك.
دوێنێ چەند ڕاپۆرتێكی مێدیایی باسیان لەوە كرد، كە یانەی سڤیلیە چوونەتە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە مەغریبییە.
بەم دواییە یووسف نەسیری، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی پلەی دووەمی جامی نەتەوەكانی ئەفریقای بە دەست هێنابوو.
پێشتر فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناسراو و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە چەناڵی خۆی لە تۆڕی یوتیوب رایگەیاندبوو: چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە داڕێژراوە، بە شێوەی خواستن ئەو یاریزانە دەچێتە یوڤی، لەگەڵ مافی كڕینی، هەروەها یوڤێنتوس دەتوانێ پارێزگاری لە خزمەتەكانی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوویش بكات.

پیكێ پێشنیازێكی بێپێشینە لە مێژووی تۆپی پێدا دەخاتە ڕوو
جێرارد پیكێ، ئەستێرەی پێشووتری یانەی بەرشلۆنە، لە بەڕازیل و لە ماوەی پاڵەوانیەتیی جامی جیهانیی خولی شایان، لێدوانێكی داوە و لە نێوان چەند بابەتدا، پیكێ پێشنیازی كردووە پاڵەوانیەتییەكە بەروارد بە تۆپی پێی كلاسیكی بكرێ.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی، پیكێ ڕوونی كردووەتەوە، كە سیستەمەكەی هیچ وانەیەک لە تۆپی پێی كلاسیكدا پێشکەش ناکات و دەڵێت “تۆپی پێ شاژنی وەرزشە و هەروا دەمێنێتەوە، دوو بەرهەمی جیاوازن”.
خولی شایان ماوەی سێ ساڵە بەڕێوە دەچێ، لە بەڕازیل دەستی پێ كرد، ڕوون بووەوە كە داهێنانەكەی لە پێشتر زیاتر زیندووترە.
پیكێ، ڕایگەیاندووە: نازانم كەی ئەمە روو دەدا، بەڵام دەمەوێ ئەزموون و بەختم لەگەڵ یانەیەكی تۆپی پێی پیشەگەری كلاسیكی تاقی بكەمەوە، بۆ نموونە لە خولی ئیتاڵی، لە یاریی تۆپی پێی حەوت یاریزانی بەرانبەر باشترین یاریزانی خولی شایان.
وتیشی: دەزانم كە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی ئەستەمی دەبینەوە، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ كارەكە زیاتر پیشەگەرانە دەبێ، ئەو ڕۆژە دێ و تێیدا روو دەدا، ئەوە كلیلەكەیە، هاندەران یاریزانان و ئەو تیبەیان خۆش بووێ، كە مانە.
ئەو كاتەی پرسیاری لێ كرا لەسەر جێهێشتنی پۆستەكەی وەكوو سەرۆكی خولی شایان بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریگەكان، وتی: جێهێشتنی سەرۆكایەتی ئەگەرێكی چاوەڕێكراو بوو، بەڵام بۆ یاریكردن نا، من بە تەواوی لێرە ڕازیم، من 20 ساڵم لە یاریگەكان بەسەر بردووە، زۆر شانازی بەوەشەوە دەكەم كە بە دەستم هێناوە، بەڵام ئێستە دەمەوێ ڕۆڵم هەبێ لە گەشەپێدانی خولی شایان و گەشەپێدانی یاریزانانیش. چونكە گەشەپێدانیان، یانی گەشەكردنی هەموو خولەكە، دەمەوێ لە یاریگەی وەكوو ئەلیانز پاركی یاری بكەن وچێژ لەوە وەربگرن، دەمەوێ لە كارەكەم بەردەوام بم.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەو پەیمانەی شکاند کە لە دوای نەبردنەوەی تۆپی زێڕین دای
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، دوای نەبردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێرین لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا و یەکلابوونەوەی لە بەرژەوەندیی رۆدرێی یاریزانی یانەی مانچستەر سیتیدا، قسەیەکی کرد و وتی ئێستە چەندم کردووە، گەر پێویست بێ دە هێندە دەکەم، ئەوان ئامادە نین.
جۆنیۆر، ئەوکات چاوەڕێی دەکرد کە باڵۆن دۆر بباتەوە، دوای وەرزێک، کە لەگەڵ ریاڵ مەدرید، ناسناوی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەکانی بردەوە.
بەڵام دوای ٥٠٠ ڕۆژ لەو چرکەساتە، بەڵێنەکەی جۆنیۆر نەبرایە سەر، بەوەی بۆ دە هێندە ئاستی بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو بەپێی زانیارییەکانی ئێزگەی کادینا کوبی، ئاستی بۆ نیوە دابەزیوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید، باسی لەوە کردووە، کە ڕێژە و ژمارەی گۆڵەکانی ڤینی بە جۆرێک کەمی کردووە، هەر چوار یارییەک گۆڵێک دەکات.
لە لێدەرچوونی یاریزانانیش ڕێژەکەی بۆ ٢٥% کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی سەرکەوتن لە لێدەرچوونی نیوەیە ٥٠%ـدایە،
هەروەها لەو تۆپانەی دەینێرێ ٢٠% کەم بووەتەوە، بەڵام ڕێژەی گۆڵدروستکردنی کەم نەبووەتەوە و لە هەر سێ یارییەکدا گۆڵێک تۆمار دەکات.
بەڵام لەو ڕووەی کە ڤینی زۆر لێی لەپاش داوە، دابەزینی ئاستی ئەو خاڵانەیە کە بە تۆمارکردنی گۆڵەکانی بەدەستی دەهێنێ.
پێش شکستی لە تۆپی زێڕیندا، ئەو یاریزانە بەڕازیلییە نزیکەی ٢٠ خاڵی بە گۆڵەکانی بۆ یانەکەی دەست دەخست. بەڵام لەو کاتەوە تەنیا ٨ خاڵ بە گۆڵەکانی ئەو بۆ ریاڵ مەدرید بە دەست هاتوون.