رۆژنامەی ھەولێر

درۆ فێرناندێز دەچێتە پاریس سان جێرمان و لاپۆرتا بۆچوونی خۆی دەربڕی

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

درۆ فێرناندێز، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، بە شێوەیەکی فەرمی نزیک دەبێتەوە لە چوونی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا.

فابریزیۆ ڕۆمانۆ، رۆژنامەنووسی متمانەپێکراو و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (ئێکس) رایگەیاند: درۆ دەچێتە پشکنینەکانی یانەی پاریس سان جێرمان، ئەوەش درێژکراوەی ڕێککەوتنەکەی پاریسە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە بە گرێبەستێکی ٨ ملیۆن یۆرۆیی.
سان جێرمان، ڕەتی کردەوە کە مەرجسزای بۆندەکەی درۆ لەگەڵ بەرشلۆنە کارا بکا کە ٦ ملیۆن یۆرۆیە، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن لە پەیوەندیی باشی نێوان ئەو دوو یانەیە.
پێشتر ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، کە ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس، خۆی پەیوەندیی بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشلۆنەوە کردووە بۆ دانوستان لە پرسی گرێبەستی درۆدا.
درۆ فێرناندێز، تا ئێستە لە دوای کلاسیکۆوە بەشداریی یارییەکانی بەرشلۆنەی نەکردووە، جگە لە کاتێکی کەم لەگەڵ ئەتلەتک بلباو، ئەویش دوای مسۆگەرکردنی ئەنجامەکە و لە یارییەکەی ئەتلەتیکۆ مەدردییش کاتێک کەم یاریی کرد.
هانز فلیک ئێستە پشتی پێ نابەستێ، بۆیە ئەو یاریزانە بیری لە رۆیشتن لەو یانەیە کردووە و ئێستە دەچێتە پاریس.
لای خۆیەوە، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، لەبارەی چوونی درۆ بۆ پاریس سان جێرمان، لێدوانێکی دا، کە مۆندۆ بڵاوی کردووەتەوە، لەوێدا وتی: چوونی درۆ بۆ پاریس، کاتێک بوو کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، ئەو ڕایگەیاند بەردەوام نابێ.
لاپۆرتا وتی: تووشی شۆک بووین، چونکە ئێمە لەسەر ئەو یاریزانەمان، بیرمان لە چارەسەرکردنی کێشەکەی کرد کاتێک تەمەنی دەگاتە ١٨ ساڵان، بەڵام بریکارەکەی لەناکاو پێی راگەیاندین کە ناتوانن پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن، بۆیە هەوڵ دەدەین کارەکە بە جۆرێک کۆتایی پێ بهێنن، لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنە بێت.