مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
وڵاتانی ئەورووپا هەڕەشەی بایكۆتكردنی مۆندیالی ٢٠٢٦ دەکەن، دەکرێتە ڕاستی؟
بەهۆی ئاڵۆزی و زیادبوونی كێشە سیاسییەكانی جیهان، ئەگەری بایكۆتكردنی مۆندیال لەلایەن چەند هەڵبژاردەیەكی جیهانەوە دێتە ئاراوە.
پرسیارێك هاتووەتە پێشەوە، ئایا وڵاتانی ئەورووپا، ئەم هاوینە مۆندیالی 2026 بایكۆت دەكەن؟ كە بە هاوبەشی لە مەكسیك، كەنەدا و ئەمریكا بەڕێوە دەچێ.
بەهۆی پێداگریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە، بۆ دابڕینی گرین لاند و خستنەسەر وڵاتەكەی، ئەگەر هەیە كێشەكە بگاتە بایكۆتكردنی مۆندیالیش.
ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی، چەند پرسیارێكی خستووەتە ڕوو، لەسەر ئەگەری بایكۆتكردنی مۆندیال لەلایەن چەند وڵاتێكەوە بەهۆی بڕیار و هەڵسوكەوتەكانی دۆناڵد ترەمپەوە.
باس لەوەش كراوە، وڵاتانی ئەورووپا، یەك یەك، یان بەدەستە وەكوو یوفا، بڕیارێكی هاوبەش لەو رووەوە بدەن.
لەو كاتەوەی ترەمپ لێدوانی داوە، بەوەی بە زەبری هێز گرین لاند وەرناگرێ، هاودەنگییەك لە نێو وڵاتانی ئەورووپادا هەیە.
لە كاتێكدا چەند یەكێتییەكی تۆپی پێ، پێدەچێ كاریگەریی ئەو دیمەنەیان لەسەر نەبێ، كە ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی لە سەرۆكی فیفا جیانی ئینڤانتینۆ وەرگرت لە مانگی ڕابردوو. ئەوەیان وەكوو شتێكی گاڵتەجاڕی سەیر كرد.
پەیوەندییەكی متمانەدار لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئینڤانتینۆ و سەركردایەتیی هەردوولا هەیە، ئەوەش واتەی ئەوەیە تۆپی پێی ئەورووپا ناكرێ ئەو كارە پەراوێز بخەن.
كۆدەنگییەك هەیە كە فیفا خۆی بە سیاسی كردووە، ئەمەش دەتوانێ لێكەوتەی هەبێ، گەر سەرۆكی ئەمریكا پێشهاتی تازەتری لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمێكدا هەبێ، كە بێگومان هی دانماركی ئەندامی یوفایە.
هەروەها پێشینەی نزیكمان هەیە، ڕووسیا بە خێرایی لە ڕكەبەرییە نێودەوڵەتییەكان دوور خرایەوە، دوای هێرشی لە شوباتی 2022ـدا، لە بەرمەبنای ئەوەی وڵاتانی دیكە ڕەتیان كردەوە ڕكەبەریی لەگەڵدا بكەن. بۆیە بۆچی دەبێ مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ ئەمریكادا بكرێ؟ بۆچی دەبێ لێبوردە بن لەگەڵیدا ئەگەر هێزی خۆی بنیرێ؟
لەبارەی ئەگەری بایكۆتكردنی مۆندیالی 2026 لەلایەن فەڕەنساوە، مارینا فێراری، وەزیری وەرزشیی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: فەرەنسا هیچ پلانێكی بۆ بایكۆتكردنی مۆندیال نییە،
لای خۆیەوە وەزیری وەرزشی ئەڵمانیا كریستیان شیندەرلاین رایگەیاند: هەر بڕیارێك بدرێ، لەلایەن یەكێتییە وەرزشییە تایبەتمەندەكانەوە دەدرێ.
لەنێو كەسانی وەرزشی و تۆپی پێدا، هەن كە پێیان وایە دەتوانن بڕیار بدەن، لە كاتێكدا سیاسەتمەداران وەستاون.
دۆناڵد ترەمپ لە گەڕی یەكەمی سەرۆكایەتیی، وابەستەی میوانداریی مۆندیالی 2026 بوو، كە لە ساڵی 2018ـدا بەشێكی میواندارییەكەیان بردەوە و لەو رووەوە باسی هەوڵەكانی خۆی كرد.
ترەمپ بەهۆی ئەوەی هەر هەڵوێستێك هەبێ زیان لە پڕۆژەكەی دەدا، بۆیە ئاسان نابێ قبووڵی بكا.
ڕەنگە یوفا و یەكێتییەكانی تۆپی پێی ئەورووپا، هێزی پێویستیان هەبێ بۆ ئەوەی سەرۆكی فیفا ناچار بكەن دەستوەردان بكا و لەگەڵ ترەمپی هاوڕێیدا قسە لەسەر ئەو پرس سیاسییە بكەن كە كێشەی گرین لاندە.
گاردیان باسی لەوە كردووە، گریمانەكان بەردەوامن، بەڵام ئێستە قابیلی پشتگوێخستنی تەواوەتی نین.
لای خۆیەوە، ئۆكە گۆتلێش، جێگری سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا و سەرۆكی یانەی سانت پاولی، هەڕەشەی بایكۆتكردنی مۆندیالی ورووژاندووە، لەو ڕووەوە دەڵێ: ئێستە كاتی ئەوەیە بە كردار قسە لەسەر بایكۆتكردنی مۆندیال بكەین، پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دواییە، دەهێنێ كە تەنیا قسە و هەڵوێستی ڕەمزی یان بێدەنگی بەس نەبێ.
ترەمپ جگە لە داواكردنی گرین لاند، هەڕەشەی باجخستنەسەر 5 لە وڵاتانی ئەورووپای بە ڕێژەی 50% كرد، بە تایبەت ئەڵمانیا، بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە.
سەرەڕای ئەوەش، هێشتا پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا، گرژییەكی روونی پێوە دیارە.
ئەو بەرپرسەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە گفتوگۆیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هامبۆرگەر مۆرگنبۆست، ئەو رووداوەی بیر هێنایەوە، كە چەند وڵاتێك بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا، بایكۆتی ئۆلیمپیادی مۆسكۆیان لە ساڵی 1980ـدا كرد، بەهۆی هێرشی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان.
ئەمریكا زۆرترین یارییەكانی مۆندیالی 2026 میوانداری دەكا و بڕیارە لە كۆی 104 یاری، 78 یارییان لەو وڵاتە بەڕێوە بچێ.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری وادەی مۆندیالی 2026، گەنگەشەی بەسیاسیكردنی فیفا لە پاشی نەداوە، بەڵكوو بووەتە دیارترین دۆسیەی پاڵەوانیەتییەكە، ئێستە وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێ، مۆندیال و میوانداریكردنی ئەو پاڵەوانیەتییە گەورەیە، پابەندی بەهاكان بێ، نەك تەنیا بەرژەوەندی.
لاپۆرتا وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە، لەسەر دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی خۆی
سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە خوان لاپۆرتا، وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە، کە ئاڕاستەی کرابوون لە لایەن ڕکەبەرکەیەوە ڤیکتۆر فۆنت، لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی یانەکە، ڕوونی کردەوە بڕیارەکە بە پێی ڕێنوێنییەکان بووە و لە بەرژەوەندیی هەموو تیمە وەرزشییەکەیە.
پێشتر فۆنت لە ڕێگەی رۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنییەوە رایگەیاندبوو: ئەوەی گرنگە، ئەم هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ بۆ لاپۆرتا گونجاوە، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد، ئەو گرنگی بە بەڕێوەچوونی نادا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی چامپیۆنس لیگ بکری، ئەمە بۆ ئێمە چاوەڕێنەکراو نەبوو.
لەو بارەیەوە خوان لاپۆرتا، وەڵامی دایەوە و لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ١٥ی ئاداری داهاتوو، رایگەیاند: ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو ڕووی دەڕۆم، خواستێکی زۆرم هەیە بۆ ئەوەی روونی بکەمەوە چیمان کردووە، پێم وایە خەڵک دەزانن ئێمە چیمان کردووە.
سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، رایگەیاند: دوای ئەوە، هەڵبژاردنێکی نموونەیی دەبێ، هەرکەسە و ئارگۆمێنت و بەڵگەی خۆی بۆ بەرگری لە یانەکە روون دەکاتەوە، ئەمە باشترین یانەی جیهانە، ئەمە بەرشلۆنەیە.
دەشڵێ: داوای هەڵبژاردنمان کرد وەکوو لە دەقی ڕێنوێنییەکاندا هاتووە، ئێمە وەکوو ئەنجوومەنی کارگێری، دەمانەوێ بەخۆماندا بچینەوە و خۆمان هەڵبسەنگێنینەوە، لە کاتێکی دیاریکراودا لەسەرمانە خۆمان بەربژێر بکەین.
لاپۆرتا دووپاتی کردەوە، کە هەڵبژاردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بووە، ئەوەی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر وەرزشە جۆراوجۆرەکانمان نەبێ، روونیشی کردەوە: لەم کاتەدا، پێمان وایە کە کاروبارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە ببەین، بۆ ئەوەی تیپە وەرزشییەکانمان لە ئاستی تەمەنە جیاوازەکان بێزار نەکەین، ئەم ڕێکەوتەشمان هەڵبژارد، چونکە بە گونجاومان زانی.
دەشڵێ: لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی تۆپی پێشدا قسەمان کرد، ئەوە گرنگ و باشە کە دیدگەیەکی روونمان هەبێ، بۆ پلانی وەرزەکانی داهاتووی تۆپی پێی کچانمان، تۆپی پێێ کوڕان، تۆپی باسکە، هۆکی، فوتساڵ و تۆپی دەست.
ریاڵ مەدرید لە ژمارە پێوانەییەکدا خەریکە دەگاتە بەرشلۆنە
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، نزیک بووەوە لە یانەی بەرشلۆنە، لە ژمارەیەکی پێوانەییدا، دوای سەرکەوتنی ٢-٠ گۆڵ لە یارییەکانی گەڕی ٢١ی خولی ئیسپانیا بەسەر یانەی ڤیاریاڵ.
یاریزانی فەرەنسی کیلیان ئمباپێ، هەردوو گۆڵەکەی ریاڵ مەدریدی تۆمار کرد، لەو یارییەی لە یاریگەی لا سیرامیکا بەڕێوە چوو، بەڵام گۆڵی دووەمی بە لێدانی سزا بوو، ئەم لێدانە سزا، ریاڵ مەدریدی لە ژمارە پێوانەییەکی بەرشلۆنە نزیک کردەوە.
ئمباپێ ژمارەی گۆڵەکانی لە خولی ئیسپانیا گەیاندە ٢١ گۆڵ لەم وەرزە و ٧ گۆڵی بە ڕێگەی لێدانی سزاوە تۆمار کردووە.
بەپێی سایتی مستەر شیبی تایبەت بە ئامارەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا، لەسەر پێگەی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کە ژمارەی ئەو لێدانە سزایانەی بۆ ریاڵ مەدرید ژمێردراون، لەم وەرزەدا گەیشتە ١٠ لێدان لە ٢١ گەڕدا و هێشتا ١٧ گەڕی خولەکە ماوە.
ریاڵ مەدرید پێویستی بە ٥ لێدانی دیکەی سزایە، بۆ ئەوەی ژمارەی پێوانەیی خۆی لە وەرزی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ تێپەڕێنێ کە ١٤ لێدانی سزا بوو.
یانەی ریاڵ مەدرید دەتوانێ ژمارەی مێژوویی لێدانە سزاکان لە مێژووی خولی ئیسپانیادا تێپەڕێنێ، کە لە وەرزی ٢٠١٥/٢٠١٦ بە ناوی بەرشلۆنەوە تۆمار کراوە و ١٩ لێدانی سزا بووە.

