رۆژنامەی ھەولێر

ناوبژیوانێكی ناوداری مۆندیال خولێك لە هەولێر دەکاتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

جەمال غەندوور، ناوبژیوانی ناوداری میسری كە پێشتر لە مۆندیالی 1998 و مۆندیالی 2002 ناوبژیوانی كردووە، بۆ سەرپەرشتیكردنی خولێكی ناوبژیوانی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند هەست بە پێشكەوتنێكی زۆر لە هەولێر دەكەم، جگە لەوەش لەڕووی تۆپی پێ، كەسانی ئیداری باش دەناسم و دەتوانن وەرزشی ئەم هەرێمە بەرەو پێش ببەن.

جەمال غەندووی تەمەن 68 ساڵ، لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بانگهێشتكراوە بۆ ئەوەی خولێكی ناوبژیوانان بۆ ناوبژیوانانی خولی نایابی كوردستان بكاتەوە، لەو خولە ناوبژیوانان پلەیەكی كوردستانیش بەشداریی دەكەن.
جەمال غەندوور لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی لێدوانەكانیەتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم بۆ دووەمجارە بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكرێم و دێمە هەولێر، دڵخۆشم هاتوومەتە لای كەسانێكی باش و بەردەم كۆمەڵێك ناوبژیوانی پێشكەوتوو. هەمیشە دەبێت ناوبژیوانان سەركردە بن، لێرە زەمینەیەكی باش هەیە، دڵخۆشم كە ئێستا لە هەولێر لەگەڵ كەسانی ئیداری و شارەزای تۆپی پێ كار دەكەم، هەستم كردووە توانای ئەوەیان هەیە تۆپی پێی ئێرە پێشبخەن. دەست بە مەشق و خولێكی چڕ و بەردەوام دەكەین، ناوبژیوانیش هاوشێوەی هەموو شتەكانی دیكە زانستە و زانستی ناوبژیوانیش كۆتایی نایەت. هیودارم لەم خولە سوود لەیەكتر وەربگرین و لە داهاتوویەكی نزیك هەمووتان لە كاتی بەڕێوەبردنی یارییە نێودەوڵەتییەكان ببینم و بڕوانامە و رێگە پێدانی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن. هەنگاوی یەكەمی پێشكەوتنی ناوبژیوانان ئەوەیە كە دەبێت ئێوە خەون و ئومێدی گەورەتان هەبێت، بۆ نموونە یەكەمین پرسیاری من ئەوە دەبێت كە ئێوە دەبێت كار بۆ ئەوە بكەن رۆژێك یارییەكی مۆندیال بەڕێوەببەن، ئەگەر بەم نیەت و خەونە كارنەكەن پێش ناكەون.
سوپاسی خوای گەورە دەكەم ئەمجارە هاتوومەتە هەولێر و لەگەڵ سەڵاحەدین سیامەند كار دەكەم كە ئەستێرەیەكی پێشووی تۆپی پێ بووە، چونكە ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە لەڕووی ئیدارییەوە لەگەڵ یەكێك كار بكەین لە هەست و ناخ و روحی ناوبژیوانانی تێبگات و خۆی لە ئاستێكی بەرزی نێودەوڵەتی یاری كردووە و لە ئێمەی ناوبژیوانان تێدەگات، چونكە ئێمەی ناوبژیوانان لەنێو یاریگە بەریەكەوتنمان هەبووە، ئێمە دەزانین بۆ پێشخستنی باوەرەكەمان پێویستیمان بەچییە.