رۆژنامەی ھەولێر

یـــــــانەی هــــــەولێر کلاسیکۆی کوردستانی بردەوە و پێشەنگیی خولی عێراقی توندتر کرد

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە یارییەکانی گەڕی ١٢ی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوو، لە یاریگەی نێودەوڵەوتیی فرەنسۆ هەریری، هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک لە کلاسیکۆی کوردستاندا بە یەک گەیشتن و ئاکام هەولێر بە دوو گۆڵی بێوەڵا یارییەکەی بردەوە و ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە ٣٠ خاڵ و پێشەنگییەکەی لە خولی عێراق تۆکمەتر کرد.

لەو یارییەدا، کە هاندەرێکی یەکجاری زۆر ئامادە بوون، ڕکەبەری و ململانێیەکی سەختی بەخۆیەوە بینی، لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، هەرچەندە هەردوو تیپ هەوڵی زۆریان دا، بەڵام گۆڵی لێ بەرهەم نەهات.
هەردوو یانە لە نیوەی دووەمدا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد، یاریزان مستەفا قابیل خۆشناو، لە پاسێکی جوانی شێرزۆد زیرەکانە هەڵەیەکی بەرگریکارێکی دهۆکی قۆستەوە و گۆڵی یەکەمی یانەی هەولێری تۆمار کرد. دواتر یانەی دهۆک زۆر هەوڵی دا بگاتەوە گۆڵی یەکسانبوون، لە ئاکامی ئەو هەواڵانەدا، لە خولەکی ٨٦ـدا یانەی دهۆک بە پاسێکی پیتەر و بە لێدانێکی نایابی سەری یووسف بن سۆدە گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد و دڵی هاندەرانی دهۆکی خۆش کرد و هەولێرییەکانی دڵتەنگ کرد.
دڵخۆشیی دهۆکییەکان زۆری نەخەیاند و بێئاگا بوون لەوەی قەدەر، گۆڵێکی هەولێری بۆ خولەکی ٨٩ هەڵگرتووە و یاریزان و کوڕەکوردی هەولێر گەیلان لوقمان، بە لێدانێکی سەر گۆڵی دووەم و بردنەوەی هەولێری تۆمار کرد و یانەی هەولێر بە ئەنجامی ٢-١ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
یانەی هەولێر ئێستە لە ١٢ یاری ٣٠ خاڵی هەیە و پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، شەممەی داهاتووش کاتژمێر ٠٣:٠٠ی ئێوارە لە بەغدا ڕووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە.