ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی هەولێر دەبێت لەم هەفتەیە نوێنەرێكی خۆی بۆ بەغدا بنێرێت لەبارەی ئەو یاریزانانەی بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سكاڵایان لەسەر یانەكە كردووە، لە نێو سكاڵاكارەكان دوو یاریزانی كوردی تێدایە.
ژمارەی ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمار كردووە بووە حەوت كەس، دوای ئەوەی سێ یاریزانی یانەی دیالە كە وەرزی رابردوو یارییان بۆ یانەی هەولێر كردووە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەكانیان سكاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمار كردووە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند ئیڤان خالید، محەمەد موحسین و عەلی رەحیم بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و پێشەكی گرێبەستەكانیان لە لێژنەی كاروباری یاریزانان و راهێنەران لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سكاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمار كردووە.
یانەی هەولێر مووچەی دوو مانگی عەلی رەحیم و محەمەد موحسین قەرزدارە و هەریەكەیان داوای 12 ملیۆن دینار لە یانەی هەولێر دەكەن. لە لایەكی دیكەیشەوە ئیڤان خالید ناوەراستكاری پێشووی یانەی هەولێر داوای مووچەی دوو مانگ لە یانەی هەولێر دەكات كە دەكاتە 12 ملیۆن دینار لەگەڵ 5 ملیۆنی پێشەكی گرێبەستەكەی، كۆی پارەكەی ئیڤان دەكاتە 17 ملیۆن دیناری عێراقی.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر 3 یاریزانی دیكە سكاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمار كرد بوو كە پێكهاتبوون لە (ئوسامە رەشید، هەڵۆ فایەق و حوسێن جولی) لەگەڵ كاوە ئیبراهیم، راهێنەری گۆڵپارێزەكانی وەرزی رابردووی یانەی هەولێر.
بەگوێرەی دەقی ئەو سكاڵایانەی پێشتر دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە قەرزەكەی ئوسامە رەشید لە هەمووان زیاترە كە برەكەی دەكاتە سەرووی 12 دەفتەر دۆلار، بەڵام هەڵۆ فایەق و حوسێن جولی تەنیا مووچەی دوو مانگیان لای یانەی هەولێرە.
لە ماوەكانی رابردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر داوای سكاڵاكارەكان زیاتر لە سێجار یانەی هەولێری ئاگادار كردووەتەوە كە نوێنەریان لە بەغدا ئامادە بن، بەڵام نوێنەری هەولێر تەنیا یەكجار ئامادە بووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، رۆژی 8/1/2026 جارێكی دیكە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر سكاڵای ئەو حەوت كەسە بانگهێشتی نوێنەری یانەی هەولێر دەكاتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە كارگێری یانەی هەولێر لە ئێستاوە هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە و لەگەڵ بەشێك لەو سكاڵاكارانە گفتوگۆی كردووە بۆ ئەوەی لە بەشێك لە مافەكانیان خۆش بن و بەشەكەی دیكەیان بۆ دەگەڕێننەوە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە بە ستافێكی كارگێری و هونەری نوێ لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراقیان گرتووە و یانەكە لەڕووی هونەرییەوە بە دۆخێكی باش تێپەڕ دەبێت و لە كۆی 7 یاری 6 بردنەوەیان هەیە و هیچ یارییەكیان نەدۆڕاندووە و بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ لوتكەی خولەكەیان گرتووە و بە جیاوازی 3 خاڵ لە نزیكترین ركابەرییان كە قوەی جەوییە دوورن.

