رۆژنامەی ھەولێر

ئۆفەرێكی فریودەر، ڕەنگە كۆتایی بە كاروانی گریزمان لە ئەورووپا بهێنێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئۆفەرێكی فریودەر، ڕەنگە كۆتایی بە كاروانی گریزمان لە ئەورووپا بهێنێ
یانەكانی سعوودیە، سەرلەنوێ دۆسیەی واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەكەنەوە، لە كاتێكدا لە ئەورووپا و ئەمریكاش ڕكەبەری لەسەر دەستخستنی ئەو یاریزانە هەیە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی یەكلاكردنەوەی كاروانی پیشەگەرییەكەی.
بەپێی ئەوەی ئەكرەم كۆنۆری رۆژنامەنووسی متمانەپێكراوی توركی و تایبەتمەند لە هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان ئاشكرای كردووە، گریزمان ئۆفەری لە سێ یانەوە بۆ چووە، دوانیان لە سعوودیەوەیە.
ئەكرەم كۆنۆر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس ڕایگەیاندووە: یانەی ئەهلی جدە و وەحدە، ئەو دوو یانە سعوودییەن كە بە فەرمی بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە فەرەنسییە جووڵان، لەگەڵ یانەی شارلۆتی ئەمریكی، كە هەوڵێكی جدی هەیە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە ئەزموونی دەرەوەی ئەورووپاش تاقی بكاتەوە.
كۆنۆر باسی لەوە كردووە كە گرنگیپێدان بە گریزمان تەنیا لەو یانانە كورت ناكرێتەوە، بەڵكوو یانەكانی وەكوو ئینتەر مەیامیی ئەمریكی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی، گەڵاتەسەرای توركی و ئۆلیمپیك لیۆنی فەرەنسیش دەیانەوێ بیبەنە ریزەكانیانەوە. لە ماوەی گواستەوەی هاوینەی ڕابردوودا، ناوی ئەو یاریزانە وابەستی گواستنەوەی خولی سعوودیە كرا، بە تایبەت یانەی هیلال، ڕاپۆرتی پێشتر باسی لەوە كردبوو كە یانەی جلشینەكان گرێبەستێكی 20 ملیۆن یۆرۆیی پێشكەش كردبوو، ئەوەش بە داوای ڕاستەوخۆی سیمۆنی ئینزاگیی راهێنەر، بەڵام دانوستانەكان بەبێ ئەنجام وەستان.
هێشتا داهاتووی گریزمانی 34 ساڵان دیار نییە و ناڕووە، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید تا ساڵی 2027ـە، بەڵام ئەگەری رۆیشتنی زۆرە، بە تایبەت لەگەڵ ئەو گرێبەستانەی بەم دواییە بۆی هاتوون. بەهای گریزمان لە بازاڕی یاریزاناندا بە 11 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێ، لە كاتێكدا ئەو یاریزانە لە ساڵی 2014 چووە ئەتلەتیكۆ مەدرید و دواتر لە 2019 چووە بەرشلۆنە، لە كانوونی دووەمی 2023 سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید.
لە ماوەی كاروانی یاریكردنیدا گریزمان 469 یاریی لە خول و پاڵەوانیەتییە جیاوازەكندا بۆ ئەتلەتیكۆ كردووە، 206 گۆڵی تۆمار كردووە و 94 گۆڵی دروست كردووە و یەكێك لە هێرشبەرە دیارەكانی ئەورووپا لەم 10 ساڵەی دواییدا.

یانەی نەسری سعوودی دوو گرێبەست دەكات و گۆڵپاریزە بەڕازیلییەكەی دوور دەخاتەوە
جۆرجی جیسۆس، راهێنەری پورتوگالی یانەی نەسری سعوودی، نەخشەی پلان و گرێبەستەكانی بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانە رادەگەیەنێ بۆ ئەوەی ئەو ئەنجامە باشانە تەواو بكا كە تا ئێستە بە دەستی هێناوە.
یانەی نەسر پێشەنگی خولی سعوودیەی بە 27 خاڵ گرتووە و 4 خاڵ لە یانەی هیلالی خاوەن پلەی دووەم دوورە، ئەوەش دوای بردنەوەی 9 یاریی یەكەمی خولەكە.
رۆژنامەی -ریازییە-ی سعوودیە، باسی لەوە كردووە كە راهێنەرە پورتوگالییەكە، راپۆرتێكی بە كارگێڕیی یانەی نەسر داوە و تێیدا داوای دەستبەرداربوون لە گۆڵپارێزی بەڕازیلی پینتۆ كردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، جا بە فرۆشتن بێ یان خواستن.
ئەو گۆڵپاریزە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە چووتە دەرەوەی پلانەكانی راهێنەرەوە و بە شێوەیەكی سەرەكی راهێنەر پشت بە نەواف عوقەیدی دەبەستێ، هەروەها خولی سعوودیە سنووردارە و ئەوپەڕی دەتوانی پشت بە 8 یاریزانی بیانی ببەستی. لە بەرانبەردا رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە كە جیسۆس داوا كردووە لە بری پینتۆ، گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی دیكەی بیانیدا بكەن لە هێڵی یاریكردنی میحوەر، لەگەڵ هێرشبەرێك كە لە تیپی ژێر تەمەن 21 ساڵانی یانەكەوە بۆی سەربخەن.
ئەم هەنگاو و جووڵانەی كارگێڕیی نەسڕ، سەرەڕای ئەوەن كە لەلایەن فیفاوە تۆماركردنی ناوی نوێیان لێ قەدەغە كراوە، ئەو سزایەش كاتێك لا دەچێ، كە بڕەپارەی تەواو لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكاندا بدەن.